کودەتا بەسەر دەستووری کودەتادا

10:19 - 2024-05-05
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
115 خوێندراوەتەوە

چل ساڵ پێش ئێستا و دوای کودەتای (12ی ئەیلولی 1982)ی تورکیا، دەستووری ئەو وڵاتە بە 177 مادەوە نووسرایەوە، لە راپرسییەکیشدا بۆ ئەو دەستوورە %92ی هاووڵاتی تورکیا بە (بەڵێ) دەنگیان پێدا، تا ئێستا لە 20 مادەیدا گۆڕانکاری کراوە، 58 مادەیشی بەهیچ جۆرێک نابێت دەستکاری بکرێت، لەوانەش مادەکانی (1، 2، 3، 4، 66)، ئەم دەستوورە تائێستا 19جار دەستکاری کراوە، یەکەم دەستکاری لەساڵی 1987 و دواین دەستکاریشی ساڵی 2017 بوو، کە سیستمی بەڕێوەبەری لە تورکیادا گۆڕی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، سەرەڕای ئەو هەڵبەز و دابەزەی بەسەر ئەم دەستوورەدا هاتووە، کەچی هێشتا پێیدەوترێت (دەستووری کودەتا).
لەدوای دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیاوە لە ساڵی 1920، تائێستا چوار دەستووری بۆ دوڵەتی تورکیا پەسەندکردووە، ئەم دەستوورەی ئێستای تورکیا، چوارەم دەستووری ئەو وڵاتەیە، سێ دەستوورەکەی پێشتریش بریتین لە دەستوورەکانی ساڵانی (1921، 1924، 1961) و هەروەها ئەوەی جێگەی سەرەنجە هەردوو دەستووری ساڵی 1961 و 1982 هەردووکیان لە دوای دوو کودەتای ناوخۆیی تورکیا نووسراون و پەسەندکراون.

لەدوای دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیاوە لە ساڵی 1920، تائێستا چوار دەستوور بۆ تورکیا پەسەندکراوە

ئەگەرچی لە ئێستای تورکیادا هیچ کودەتایەک لەگۆڕێ نییە، بەڵام پرسی گۆڕینی دەستووری ئێستای تورکیا، لەدوای ئەوە دێت، کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری کردنەوەی خولی دووەمی ساڵی نوێی یاسادانانی وەرزی 28هەمینی پەرلەمانی تورکیای کرد، رایگەیاند، ئێستا دەرفەتێکی باشە بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی مەدەنی نوێی نەتەوەیی.
بەپێی عورفی یاسایی و سیاسی و نەتەوەیی لە تورکیادا، ئەگەر دەستوورێکی نوێش بۆ تورکیا بنووسرێتەوە، ئەوا پێویستە ئیمزای 200 پەرلەمانتاری بۆ کۆبکرێتەوە و بە دوو قۆناغدا دەڕوات، لەقۆناغی یەکەمدا 360 پەرلەمانتار لە 600 ئەندامەکەی پەرلەمانی تورکیا دەنگی پێبدات، دوای ئەوە دەنێردرێتە لای سەرۆک کۆمار و سەرنج و تێڕوانینی خۆی لەسەر دەنووسێت، لەم حاڵەتەدا سەرۆک کۆماری تورکیا دەتوانێت دوو بڕیاربدات، یان راستەوخۆ دەستوورە نوێکە بەتێبینییەکانی خۆشیەوە بخاتە راپرسییەوە لە وڵاتدا، یان جارێکیر بینێرێتەوە پەرلەمان، ئەگەر جاری دووەم نێردرایەوە پەرلەمان، ئەمجارەیان پێویستی بەدەنگی 400 ئەندام پەرلەمان هەیە، ئەگەر ئەو دەنگەشی بەدەستهێنا، ئەوا دەخرێتە راپرسییەوە لە وڵاتدا.
لەبارەی دەستووری نوێوە، ناکۆکی لەنێوان لایەنەکانی دەسەڵاتی وەک ئاکپارتی و ئۆپۆزسیۆن دروستبووە، ئەردۆغان دەڵێت «پێویستە تورکیا دەستوورێکی نوێی هەبێت، چونکە دەستووری ئێستا ناتوانێت وەڵامدەرەوەی قۆناغەکە بێت»، ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش دەڵێن، پێش هەموو شتێک پێویستە دەسەڵات خۆی پابەندی دەستوور بێت و نابێت هەوڵبدات ئۆپۆزسیۆن بخاتە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی و کودەتا بەسەر دەستووری کودەتای 1982دا بکات.

وتارەکانی نوسەر