خۆمانە و خێزانیی

خەمێکی دیکەی دایکانی ئەم سەردەمە

10:48 - 2024-05-05
رۆزا دڵشاد مەریوانی
113 خوێندراوەتەوە

تەلەفۆنێکی لە خوێندنگەی منداڵەکەیەوە بۆ هات شڵەژاو خەریکبوو دەستی دەکرد بەگریان و لەبەرخۆیەوە قسەی دەکرد. پرسیم خێر چی بووە؟ وتی لە خوێندنگە ڤەیب-یان بە منداڵە 10 ساڵانەکەم گرتووە، منیش وا تێکدەچم کەسمان ڤەیب ناکێشین چۆن دەستی کەوتووە؟ ئەبێ لێیبدەم بۆئەوەی جارێکی دیکە کاری وا نەکات. منیش پێموت تۆ زۆر هەڵەیت جارێ بە

(2)

هێمنی بزانە لەکوێ دەستی کەوتووە، هێشتا منداڵە و حەز و خولیای بۆ زانینی شتی نوێ هەیە، دوای ئەوە لایەنە خراپەکانی تێبگەیەنە کە بۆچی نابێت جارێکی دیکە کاری وابکات.

ئەو هەرزەکارانەی لە پەنجەرەی ماڵەکەمانەوە دەیانبینم جگەرە و ڤەیب دەکێشن، وەک دایکێک نیگەرانم دەکات، کێ لەو دۆخە بەرپرسە؟ 

ئەم رووداوە روویدا کاتێک هێشتا فرۆشتنی ڤەیب و جگەرە بە منداڵی خوار هەژدە ساڵ لە مارکێتەکان قەدەغە نەکرابوو، ئەو منداڵەش لە مارکێتی ستییەک کڕیبووی، بێگومان بە پلەی یەک ئەو هەڵەیە بۆ کەمتەرخەمیی ئەو فرۆشیارە دەگەڕێتەوە وەک مرۆڤێک چۆن ویژدانی رێیپێداوە ڤەیب بە منداڵێک بفرۆشێت. خۆشبەختانە ئێستا لە زۆر شوێن رێنمایی تایبەت بە نەفرۆشتنی ئەو بابەتانە بە منداڵ هەڵواسراوە، بەڵام ئایا دیاردەکە بنەبڕبووە؟ بێگومان نەخێر رۆژ بەڕۆژ بەکارهێنانی ئەوەی بە جگەرەی ئەلیکترۆنی ناسراوە لەنێو گەنجان و هەرزەکاراندا لە زیادبووندایە و جێی نیگەرانی خێزانەکانە، کێشەکە لەوەدایە هێشتا زۆربەی خەڵک وادەزانن ڤەیب لە جگەرە باشترە، بەڵام لە توێژینەوە نوێیەکاندا دەرکەوتووە جگە لە نیکۆتین پڕە لە مادەی کیمیایی، بەڵام لەبەرئەوەی نوێیە جارێ بەتەواوەتی کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ نەزانراوە، هەروەک چۆن لە کۆندا نەزانراوە جگەرە چەند خراپە و زۆربەی کەس کێشاوێتی.
دیمەنی ئەو کۆمەڵە منداڵ و هەرزەکارەی رۆژانە لە پەنجەرەی ماڵەکەمانەوە دەیانبینم جگەرە و ڤەیب دەیکێشن، وەک دایکێک نیگەرانم دەکات و بیر لەوە دەکەمەوە دەبێت کێ لەو دۆخە بەرپرس بێت؟ دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان یان خێزانەکان یاخود هەردوولا، بەهیوای ئەوەی وەک وڵاتانی ئەوروپا رێوشوێنی توند و باجی زۆر بخرێتە سەر فرۆشتن و بازرگانیکردن بە جگەرە و نموونەکانییەوە، خێزانەکانیش هۆشیار بکرێنەوە لەبارەی مەترسیی ئەو جۆرە بابەتانە بۆ سەر تەندروستی منداڵ لەو تەمەنە هەستیارەدا، دواجار لەخۆمانەوە دەستپێبکەین و جەستەمان لەو جۆرە بابەتانە بپارێزین و نموونەی باڵای منداڵەکانمان بین.

وتارەکانی نوسەر