دووبارە ژنکوشتن

10:53 - 2024-05-05
نەرمین عوسمان محەمەد
151 خوێندراوەتەوە

لەو رۆژەوەی خاتوو دیانا راسلDiana Russell  -  ی نووسەر و گەورە چالاکوان و پێشەنگی ژنان بۆ یەکەمجار دەستەواژەی «ژنکوشتن» ی بەکارهێنا تا ئەم چرکەساتەی ئەمڕۆ ژن دەکوژرێت، لەڕووی زانستییەوە دیاردەی ژنکوشتن بە بەشێک لە میسۆجینی Misogyny* هەژمار دەکرێت کە لەنێو مرۆڤە دەروون نەخۆشەکاندا بەربڵاوە و بە زەقی دەردەکەوێت.
یەکێک لەو شاکارە ئەدەبییانەی زۆر بە وردیی لە دیاردەی کوشتنی ژن دەدوێت رۆمانی «بالکۆنی شەرمەزاری*» ی نووسەری فەلەستینی ئیبراهیم نه‌سروڵڵا-یە کە چیرۆکی «مەنار» ی کچە خوێندکاری زانکۆ دەگێڕێتەوە، چۆن عاشقی کوڕێکی هاوڕێی دەبێت و دواتر دەستدرێژیی دەکرێتەسەر و دووگیان دەبێت و کەسوکارەکەی بە بەرچاوی خەڵکییەوە دەیکوژن، لێرەدا دەکرێت بپرسین ئایا لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی خۆماندا دەبێت چەند ژنمان هەبێت هاوشێوەی «مەنار» بەدەستی کەسوکاریان کوژرابێتن؟ ئەی هۆکاری کوشتنیان چی بووە؟ ئەی بکوژەکانیان سزای شایستە بەخۆیان دراون ؟

 پەرتەوازەیی خێزانیی بە سەرەكیترین و یەكەمین بنەماكانی زیادبوونی رێژەی كوشتنی ژنان هەژمار دەكرێت 

ژنکوشتن لە کۆمەڵگەی کوردیدا 
لەم ساڵانەی دواییدا و لەگەڵ هاتنی تەکنۆلۆژیا و کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردی بەسەر جیهاندا، دەتوانین بڵێین: جۆرێک لە پەرتەوازەیی و پەرت و بڵاویی  لەنێو خێزانی کوردیدا سەریهەڵداوە ئەم پەرتەوازەییە خێزانییە بە سەرەكیترین و یەكەمین بنەماكانی زیادبوونی رێژەی كوشتنی ژنان هەژمار بكرێت بە جۆرێك هەندێكجار بكوژ باوكە یان باوە پیارەیە یاخود برا یان هاوسەرە و كاتێك بەدوای رەچەڵەك و بونیادی بكوژ و كوژراوەكەدا دەچیت، بۆت دەردەكەوێت نەوەی خێزانێكی پەرتەوازەن دایك و باوك تێیدا یان ناكۆكن یاخود جیابوونەتەوە و هەریەكێكیان خێزانێکی نوێی پێکەوەناوە، دەرئەنجام منداڵەكانیان لەگەڵ یەكێكیان دەژین و بێبەشن لە خۆشەویستی ئەوی دیكەیان و بگرە رقیان لێیەتی و دەرئەنجامی ئەو رقەش لەنێو ناخی منداڵەكاندا پەرەپێدراوە ئەو تاوانەی لێ دەكەوێتەوە.
هۆكارێكی دیكەی كوشتنی ژن لە لای ئێمە كەمیی هوشیاری پەروەردەییە كەوا لە خێزانەكان دەكات منداڵی كوڕ وەك خاوەن دەسەڵاتی زیاتر و باڵاتر پەروەردە بكەن تارادەیەك  بۆیان هەبێت خۆیان بە خاوەنی خوشك و دایكیان بزانن و لە جیاتی ئەوان لە هەموو شتێكی ژیانیاندا بڕیار بدەن و لە حاڵەتی لادانی ئەو دایك و خوشكانە لە قسە و فەرمانی ئەم برا و كوڕانە دەكوژرێن، هاوكات لێرەدا ناكرێت رۆڵی بەرچاوی خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فەرامۆش بكەین كە بۆتە سەرچاوەی كاڵبوونەوەی بەها كۆمەڵایەتییەكان بە گشتی و بەهاكانی نێو خێزان بەتایبەتی یەكێك لەوانە بەهەڵە تێگەیشتنە لە ئازادی ژن بە رووە راستەقینەكەی و دواجار كارەساتی كوشتنی لێ دەكەوێتەوە، وێڕای زۆریی خاڵەكانی كە هۆكارن لە بەردەوامی دیاردەی قێزەونی ژن كوژیدا، بەڵام خاڵێكی دیكەی گرنگ بریتی یە لە بەکارهێنانی پێچ و پەنا وفێڵە یاساییەكاندا كە لەڕێگەیانەوە تاوانبار دەتوانێت سزای سووکتر وەربگرێت و تەنیا چەند ساڵێک لە زینداندا بمێنێتەوە.
یەکێک لە نموونەکانی ژنکوژیی دوایین تاوانە كە لە ماوەی پێشوودا لە هەولێر روویدا و بە رۆژی رووناك فەیروز ئازاد لەسەر دەستی برایەكی لە كاتی خەودا كوژرا، راستە فەیروز كچی خێزانێكی پەرتەوازە بووە و كاریگەری سۆشیاڵ میدیا و تێنەگیشتنی لە ئازادی بەسەرەوە بوو، بەڵام نەدەبوایە لەلایەن براکەیەوە بكوژرێت كە یەكێكە لە كەسە پلە یەكەكانی و وێڕای ئەوەش بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ئەو تاوانەی کردوێتی بە دەنگی بەرز دەڵێت «لەبەر قسە وقسەڵۆكی خەڵك و شەرەفی خۆمان كوشتم».
هەوڵەكان بۆ چارەسەر
لە راستیدا چارەسەركردنی دیاردەی ژنكوژیی هەروا ئاسان نییە و پێویستی بە چەندین هەوڵی یاسایی و سایكۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی درێژ خایەن هەیە، بەڵام دەكرێت بیر لە چەند هەنگاوێكی پچووك بكرێتەوە وەكو سەرەتایەك بۆ قەڵاچۆكردنی دیاردەی ژنكوژیی و بەرەنگاربوونەوەی لەوانە هەمواركردنەوەی یاساكانی سزادان بەجۆرێک توندتر سزای ئەو جۆرە تاوانبارانە بدەن، هەروەها پێویستە كاری زیاتر بۆ وشیاركردنەوەی ژنان بكرێت سەبارەت بە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە شێوەیەكی تەندروست و دانانی یاسایەك بۆ سنورداركردنی چالاكی هەندێك لەو خانمانەی لە سۆسیاڵ میدیا بوونەتە پێشەنگی ژنان و لە زۆر لایەنی ژیاندا بوونەتە نموونە كە چەندەها كچی هەرزەكار بە داخەوە لاساییان دەكەنەوە، هەروەها پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان  چەندین خولی وشیاری بۆ پیاوان بكەنەوە سەبارەت بە لایەنە یاسایی و كۆمەڵایەتی و ئاینییەكانی دیاردەی كوشتنی ژنان دواجار منیش لەگەڵ پێشیناندام کە دەڵێت:»پیاو رووبارە، ژنیش دەریایە» كەواتە تا دەتوانین با هەوڵبدەین دەریاكانمان بپارێزین لە وشكبوون.

*میسۆجینی Misogyny: وشەیەكی یۆنانیە بە واتای رق لە ژن لە چەند شێوەیەكدا رەنگ دەداتەوە وەك جیاكاری رەگەزی و و سوكایەتیكردن بە ژنان و توندوتیژی نواندن بەرامبەریان و كوشتنیان.
*رۆمانی بالكۆنی شەرمەزاری لە بەرواری 8 ی مارسی ساڵی 2010 دا نووسەرەكەی بڵاویكردەوە.

وتارەکانی نوسەر