ئەگەر لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێ چی دەبێ ؟

10:25 - 2024-05-05
ئارێز عەبدوڵڵا
72 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن زۆر گرنگە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە لە کاتی دیاریکراودا بکرێ. ئێستا بەهۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە پرسیارێکی گەورە کەوتۆتە سەر رەوایی بوون و ئایندەی حوکمڕانی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لە 10-6 هەڵبژاردن بکرێ هەر باشە، چونکە رەوایەتی بۆ دامودەزگاکان دەگەڕێتەوە و چاوەڕوانیش دەکرێ نەخشەکەی بگۆڕدرێ.
بۆ پڕۆسێسی سیاسی ئەوەندە گرنگ نییە، کە لایەنێک چەند کورسییەک کەم  یان زیاد بکا، بەڵام تێپەڕاندنی قۆناغی چەقبەستن و تاكڕەوی ناو پەرلەمان هەنگاوێکی گەورە دەبێ، کە پێدەچێ ئەو هەلومەرجە بێتە پێشەوە. 
پێشبینی دەکرێ لەم هەڵبژاردنەدا هیچ هێزێک نەتوانێ زۆرینە بەدەست بێنێ. بۆ دروستکردنی زۆرینەی پەرلەمانیش رەنگە دوو هێز یان زیاتری بوێ، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە لەبەر چەند هۆکارێک یەکێتی و پارتی لە یەکتری دوور کەوتونەتەوە و هەڵوێستە جیاوازەکانی ماوەی رابردووشیان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەگەر لە هەندێ بواریشدا هاوپەیمان بن، بەڵام ئەستەم دەبێ وەکو جاری جاران رێکبکەونەوە و بەیەک ئاراستە وڵات بەڕێوەببەن. تەنانەت ئەگەر بتوانن بەیەکەوەش حکومەت پێکبهێننەوە ئەوا لە ناو پەرلەماندا ململانێی سیاسی و جیاوازییەکانیان هەر دەمێنن. ئەو جیاواز و ململانێیەش دەبنە هۆکاری بەهێزکردنەوەی رۆڵی پەرلەمان، ئەو کاتیش هیچ لایەنێک ناتوانێ ویست و خواستی خۆی بسەپێنێ، بەڵکو دەرکردنی یاسای نوێ یان هەموارکردنەوەی یاسا کۆنەکانیش پێویستیان بە لایەنەکانی تر دەبێ، واتا لەم قۆناغەی دێ، ئەگەر لایەنەکانی تر کەمینەش بن رۆڵیان لە چاودێریکردنی کاروبارەکانی حکومەت و دەرکردنی یاساکان زۆر زیاتر دەبێ، بەو هۆیەشەوە بەشێوەیەکی گشتی پەرلەمان کارا و کاریگەرتر دەبێ. ئەگەر لایەنێک یان چەند لایەنێکیش هەژموونیان کەم بێتەوە و پێی نیگەران بن هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ، چونکە لە ئەنجامدا بەهێزبوونی پەرلەمان لە بەرژەوەندیی تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و سیستەمی سیاسی و حوکمڕانیش دەچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر.

وتارەکانی نوسەر