با كوردستان ئاوەدان بكەینەوە

10:12 - 2024-05-06
رزگار گەڵاڵی
75 خوێندراوەتەوە

ئیتر بەسە گرنگی تەنها بە هەناردەكردنی نەوت بدرێ‌ و خۆشمان پشتێنی لێ بكەینەوە، ئەگەر نەوت گران بوو گوزەران و ژیان باش دەبێت، خۆ ئەگەر نەوت هەرزان بوو تاریكستانە، ئێمە خاوەنی سەرمایەیەكی زۆرین لە بوارەكانی (پیشەسازیی، گەشتوگوزار، هونەریی، كەلتوریی و كشتوكاڵی) گرنگی پێدانیان دەبێتە هۆی هەمەجۆرکردنی بەدەستهێنانی سەرمایە بۆ وڵات و خەڵكی دڵسۆزی ئەم وڵاتە دەتوانین دەستەوەستان نەوەستین و لە چەندین بواردا هەوڵەكانمان بخەینە كار.
لەڕووی پیشەسازییەوە خاوەنی خاكێكی بەپیتین دەتوانین سوود لە، بەرد، خاك و خۆڵی وەربگرین، چەندین كارگەی جۆراوجۆر بكەینەوە و ئەو كارگانەش كە لەكار كەوتوون بیانخەینەوە کار، بۆ نموونە كارگەی رستنی خوری لە كفری، كارگەی جلوبەرگ لە سلێمانی و كارگەكانی جگەرە لە هەولێر و سلێمانی و كۆیە، كارگەی رستنی هەولێر و چەندین كارگەی تر. هەروەها هەرێمی كوردستان خاوەنی سامانێكی زۆری ئاژەڵ و مەڕوماڵاتە دەتوانرێت لە خوری و پێستەکەیان دوای شۆردنەوە و رستن و رەنگ كردن سوودی زۆری لێ وەربگیرێت بۆ دروستكردنی مافور، بەڕە و چەندین کەلوپەلی دیکە.
هاوکات هەڵكەوتەی جوگرافی و ئاو و هەوای سازگاری كوردستان وایكردووە ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی سەرنجڕاكێش و سەدان شوێنی گەشتیاریی گرنگی هەیە وەک ئەحمەد ئاوا، بێخاڵ، گەلی عەلی بەگ، دوکان و چەندانی دیکە، گرنگی پێدانیان و دروستکردنی شوێنی گەشتیاریی نوێ دەبێتە هۆی سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران و پەیداکردنی سەرمایەیەکی دیکە بۆ وڵات.

 

 

گرنگیدان بە بوارەکانی پیشەسازیی، گەشتوگوزار، هونەریی، كەلتوریی و كشتوكاڵی دەبێتە هۆی هەمەجۆرکردنی بەدەستهێنانی سەرمایە بۆ وڵات

 

هەروەها گرنگیدان بە بوارەكانی رۆشنبیریی، شانۆ، هونەر و میوزیك، ئاڵۆگۆڕی کەلتورەکان لەگەڵ گەلانی دیکە دەبێتە هۆی تێکەڵاوی زیاتر و بەرەوپێشبردنی وڵات.
ئەگەر باسی كشتوكاڵ بكرێت، زەوییەکی پڕ پیت و بەرەکەتمان هەیە دەتوانرێت سوودی زۆری لێ وەربگیرێت بە بەرهەمهێنانی بەروبوومی هەمەجۆر و دروستکردنی کارگەی جۆراوجۆر بۆ بەرهەمهێنان و لە قوتونان و ناردنە دەرەوەی وڵات، کە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی سەرمایەیەکی باش و جێگرەوەی نەوت، ئەوە جگە لە خستنەگەڕی دەستی کار و کەمکردنەوەی بێکاریی.
 ئەمانە و چەندین پڕۆژەی تریش هەن، کە خەڵکانی دڵسۆز و شارەزا لەلایان گەڵاڵە بووە، بە دەستگرتن و هاوکاریکردنیان دەتوانرێت سەرچاوەی بەدەستهێنانی سەرمایەی دیکە بۆ وڵات بڕەخسێنرێت و واز لە یەکەم بوونی نەوت بهێنرێت کە ئەگەری کەمبوونەوە و نەمانی هەیە.
ئەم نووسینەم تەنها بۆ خوێندنەوە نییە هیوادارم ببێتە كردار و كاری پێ‌ بكرێت، ئەمەش ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی سەرمایەداران و خەڵكی دڵسۆزی ئەم نیشتمانە بێنازەیە.
*بەڕێوەبەری كارگەی مافوری سلێمانی

وتارەکانی نوسەر