ئێستا کێ راست دەکات؟

10:39 - 2024-05-06
رەفعەت مورادی
83 خوێندراوەتەوە

تا دوێنێ پ.د.ک دەیانووت  یەکێتی  رێگرە  لە بەڕێوەچوونی  هەڵبژاردن،  پاساویشیان بۆ ئەم بانگەشەیە  ئەوە بوو  گوایا دۆخی ناوخۆی ی.ن.ک باش نییە!  
ئەوان پێیانوابوو ناکۆکی نێوخۆیی و  رووداوەکانی  16ی ئۆکتۆبەر و دەرهاوێشتەکانی،  کاریگەریی لەسەر  دابەزینی دەنگی ی.ن.ک دادەنێت، بەمەش پ.د.ک  بە پاڵپشتیی تورکمان و تەنانەت بەشێک لە عەرەبەکان زۆرینەی  کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستدێنێت و یەکێتی  دەکەوێتە پەراوێزەوە! 
لەو سۆنگەوە  پ.د.ک  بە پەرۆشەوە  پێشوازی  لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی  پارێزگاکانی عیراق کرد کە بەشێک لە پارێزگا کوردنشینەکانی وەک کەرکوک، موسڵ و دیالە و سەلاحەدینی دەگرتەوە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عیراقیش بەرێوەیدەبرد، واتە هەمان ئەو  کۆمیسیۆنەی کە ئێستاکە پ.د.ک تۆمەتی دیزاینکردنی هەڵبژاردنی دەخاتە پاڵ!  
سەیر لەوەدایە تا ساتەوەختی ئاشکرابوونی  ئەنجامی  دەنگدان،  ئەوان هیچ سکاڵا و گلەییەکیان لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە نەبوو! بەڵام  لەگەڵ  راگەیاندنی ئەنجامی دەنگەکان،  تووشی شۆک  بوون! کە بینییان لە هەموو بازنە و ناوچەکان،  دەنگی ی.ن.ک  بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش هەڵکشاوە و  لەبەرامبەردا دەنگەکانی ئەوان کەمیکردۆتەوە! ئیتر لێرەوە  تێگەیشتن کە لەچ دۆخێکی سیاسیدا  دەژین؟ 
بۆ چاودێرانی سیاسی ئەنجامەکە چاوەڕوانکراو  بوو،  چونکە هەم راپرسییەکان و هەم جۆش و خرۆشی جەماوەری ی.ن.ک لە ناوچە دابڕێنراوەکان  بەگشتی و لە کەرکوک بەتایبەتی دەربڕی ئەو  راستییە بوو کە جەماوەری ناوچە دابڕێنراوەکان،  پشتگیری لە سیاسەت و ستراتیژی واقعبینانەی  ی.ن.ک دەکەن و بانگەشەی دیماگۆکی و پۆپۆلیستی کاریان لێ ناکات! 
ئەم دەرهاوێشتە و  گۆڕانکارییە سیاسییە کە فەزای سیاسی کوردستانی  داگیرکردبوو، گومان و دوودڵی  خستە ناویانەوە و سەرکردایەتی و  دامودەزگاکانی هەڵبژاردنی ئەو حزبەی راچڵەکاند! 

 

جەماوەری ناوچە دابڕێنراوەکان،  پشتگیری لە سیاسەت و ستراتیژی واقعبینانەی  ی.ن.ک دەکەن و بانگەشەی دیماگۆکی و پۆپۆلیستی کاریان لێ ناکات!

 

ترسی ئەوەیان لێنیشت، مەبادا لە هەڵبژاردندا تووشی هەمان چارەنووس ببێتەوە! 
لەو کاتەوە دادگای فیدراڵ لەسەر داوای لایەنە سیاسییەکانی کوردستان  11 کورسی کۆتای پێکهاتەکانی بە نادەستووریی لە قەڵەمدا و  نەیهێشتنەوە و هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە کرد بە چوار بازنە و بە تەواو بوون بەسەرچوونی  وادەی یاسایی کۆمیسێۆنی هەڵبژاردنی کوردستان،  بەرێوەبردنی ئەو پڕۆسەیەی خستە ئەستۆی  کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عیراق! 
پ.د.ک  بۆ راکێشانی سۆز و هەستی  کەمەنەتەوەکان  لەوانە تورکمانەکان و بەدەستهێنانی پشتگیری  نێودەوڵەتی و ناوچەیی شینی نەمانی کورسی کۆتاکانیان گێڕا ! بەڵام  پاش دڵنیابوون لەوەی کە ئەم کورسییانە ناگێڕدرێنەوە، پرسی  دواخستنی هەڵبژاردنی هێنایەکایەوە کە لەڕاستیدا  دەربڕی هەمان ترس و دوودڵییان بوو  لە دابەزینی دەنگەکانیان، چونکە باش دەزانن پشکی شێری  دواکەوتنی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزاری و رادەستکردنی نەوت بە بەغدا و  هاوکاری ئەمنی و ئابووری لەگەڵ تورکیا و بە گشتی قەیرانی سیاسی ئابووری  کوردستان بەر ئەو حزبە دەکەوێت، بۆیە مافی  خۆیەتی ترسی دابەزینی دەنگەکانی هەبێت! بەڵام لەڕاستیدا ترسی گەورەی لەدەستدانی زۆرینەی پەرلەمانە، ئەگینا کەمکردنەوەی چەند کورسییەک، شتێکی ئاساییە لە ژیانی سیاسیدا! 
پ.د.ک دەیەوێت کە تاکە هێزی بڕیاردەر و دەسەڵاتداری هەرێم بێت و هەموو جومگە گرنگ و هەستیارەکانی بەدەستەوە بێت! بەڵام پێدەچێت  هەڵبژاردنی ئەمجارە، بە دەنگی راستەقینەی گەل و حزبە سیاسییەکان دیزاین بکرێت.

وتارەکانی نوسەر