یاسا نوێیەكانی كۆچ و کۆچبەران لە بەریتانیا

11:08 - 2024-05-06
مامۆستا پێشڕەو
92 خوێندراوەتەوە

وەكو دەڵێن كێشەی كۆچ و كۆچبەری و پەناهەندەیی بۆتە سەرئێشەیەكی هەمیشەیی وڵاتانی ئەوروپا بە گشتی و بەریتانیا بەتایبەتی، یەكێك لە هۆیە سەرەكییەكانی جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی وڵاتانی ئەوروپا  ئەوە بوو كە بەریتانیا گلەیی و گازندەی زۆری لە یەكێتیەكە هەبوو كەناتوانن سنوورەكانی خۆیان بپارێزن و بەر بەشەپۆلی پەنابەران بگرن.
 جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا 
 لە راستیدا لاوازی یەكێتیی وڵاتانی ئەوروپا  (EU) لەوەدایە كەخاوەنی سوپایەكی  یەكگرتوو نین تا بتوانن سنوورەكانیان بە رووی كۆچبەراندا كۆنتڕۆل بكەن. لەو كاتەوەی لەسەرەتای ساڵی (2020) وە كە بە رەسمی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا چووە دەرەوە ، شەپۆلی هاتنی پەنابەران بۆ بەریتانیا لە هەموو كون و قوژبنێكی جیهانەوە زۆر زیاتر بووە لە جاران، تەنیا لەسێ مانگی سەرەتای ساڵی (2024)دا نزیكەی 30 هەزار پەناهەندە بە نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، تەنانەت زیاتر لە هەزار پەناهەندە لە رێگەی بەلەمی بچووكی چوپدارەوە توانیویانە كەناڵی ئینگلیزی ببڕن و خۆیان بگەیەننە كەناراوەكانی بەریتانیا، هەرچەندە رێگەكە زۆر جێگەی مەترسییە و تا هەنووكە چەند رووداوێكی ناخۆش و دڵتەزێنی بەهۆی وەرگەڕان و نقومبوونی بەلەمەكانیان لێكەوتۆتەوە، ئەمە بێجگە لەو كەسانەی كە لە رێگەی وشكانی و هەواییەوە گەیشتوون. هەنووكە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا پەیڕەوی لە یاسایەكی نوێ دەكەن، كە خەڵكانی داواكاری پەناهەندەیی لە دەرەوەی سنوورەكانی یەكێتیی ئەوروپا كەمپیان بۆ بكرێتەوە و لەوێ چاوپێكەوتنیان(Interview ) لەگەڵ بكرێت و كەیسیان لێ وەبگیرێت، ئەگەر قبووڵ كران رێگەیان پێبدرێت بێنە ناو سنووری وڵاتانی ئەوروپاوە، ئەگەر كەیسەكانیشیان رەت كرایەوە، بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەكانیان.

 

لە راستیدا لاوازی یەكێتیی وڵاتانی ئەوروپا لەوەدایە كە خاوەنی سوپایەكی  یەكگرتوو نین تا بتوانن سنوورەكانیان بە رووی كۆچبەراندا كۆنتڕۆل بكەن

 

 هەرچەندە ئەم شێوازە پێشتر تاقی كراوەتەوە و كەمپیان لە وڵاتی ئەلبانیا بۆ كرایەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. هەربۆیە بەریتانییەكان بیریان لەوە كردەوە كە كەمپ بكەنەوە لە دەرەوەی كیشوەری ئەوروپا ، بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی پارەوە رێكەوتنێكیان لەگەڵ وڵاتی رواندا لە ئەفریقا كردووە كە كەمپی پەناهەندە لەوێ بكەنەوە و هەموو ئەو پەنابەرانەی لە مانگی یەكی ساڵی (2022) بە نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا بیانێرن بۆ رواندا و لەوێ كەیسیان لێ وەربگرن، ئەم بڕیارەی حكومەتی بەریتانیا بەرەو رووی شەپۆلێكی گەورەی ناڕەزایی بۆوە لە لایەن پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و  مافی مرۆڤ و رێكخراوەكانی بەرگری  لەپەنابەران، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە دادگای باڵای بەریتانیا بڕیارەكە بوەستێنێت، بەڵام حكومەتی بەریتانیا بەمە رازی نەبوو، تانەی لە بڕیارەكەی دادگا دا و گەیاندییە پەرلەمانی وڵاتەكەی، چونكە تائێستا حكومەت بڕی (550)ملیۆن پاوەنی لە پرۆژەیەدا خەرج كردووە، تەنیا توانیویەتی یەك كەس لەسەر داوای خۆی بنێرێتە وڵاتی رواندا، لەدوای ئەوەی حكومەتی بەریتانیا  ئەپیڵی (Appeal ) بڕیارەكەی دادگای كردەوە و گەیاندیە پەرلەمانی وڵاتەكەی، پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ بڕیارەكەی حكومەتی پەسەند كرد و رۆژی (26-4-2024) لەلایەن پاشای وڵاتەوە ئیمزا كرا و خرایە بواری جێبەجێكردنەوە، هەرچەندە هێشتا بڕیارەكە قابیلی تانەلێدانە، بەڵام تا هەنووكە كەس تانەی لێنەداوە. بڕیارە لەیەكی مانگی تەموزی(2024)وە دەست بكەن بە ناردنی پەنابەران، وەجبەی یەكەم (300) پەنابەر بەڕێ دەكەن و بڕیار وایە لەمساڵدا شەش هەزار پەناهەندە رەوانەی رواندا  بكەن. رواندا هەرچەندە پێشتر بە هۆی شەڕی ناوخۆوە، شەڕی نێوان خێڵی هۆتۆ و توتسییەوە جینۆسایدی تیاكراوە، بەڵام لە هەنووكەدا وڵاتێكی سەقامگیرە و لە رووی ئابووری و وەبەرهێنانەوە زۆر گەشەی كردووە و هەلی كاری زۆری تیایە،  پەنابەران لە رواندا دەخرێنە خولی فێربوونی زمان و راهێنانی كار و پیشە و چۆنێتی دۆزینەوەی هەلی كار و خوێندن، دوای وەرگرتنی كەیسەكانییان، ئەگەر قبووڵ كران لەماوەی سێ مانگ تا شەش مانگ دەیانگەڕێننەوە بۆ بەریتانیا، خۆ ئەگەر قبووڵ نەكران، بۆیان نییە بەهیچ جۆرێك بگەڕێنەوە بۆ بەریتانیا، ئەوانەی قبووڵ ناكرێن دەیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەكانیان (ئەگەر وڵاتەكەی لەحاڵەتی جەنگدا نەبێت)، یان پەنابەر ئازادە روو لەهەر وڵاتێكی تر بكات.
بەریتانیا لەمەودوا خەڵكانی پڕۆفیشناڵ وەردەگرێت. واتە ئەو خەڵكانەی خاوەنی پیشەیەكن یان شارەزا و خاوەنی بڕوانامەی باڵان لە بواری پزیشكی و ئەندازیاری و (IT)و تەكنۆلۆژیا و بزنسن، واتە ئەو خەڵكانە وەرناگرن كە تەنیا بۆ خۆ بەخێوكردن روودەكەنە، ئەم وڵاتە و دەبنە بار و خەرجێكی زۆرە بۆ ئەم وڵاتە.
ئەوەی شایانی باسە كە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیایە ، پارتی پارێزگارانی حوكمڕان(Conservative Party)، لەهەنووكەدا دۆخی خراپە و ئەم بڕیارەشی بۆ رازیكردنی توندڕەوەكان و راستڕەوەكان داوە، كە دژی پەناهەندەن، تا بەم هەنگاوە دەنگیان مسۆگەر بكات و پەناهەندەی نوێش بترسێنن كەچیتر روو نەكەنە ئەم وڵاتە، پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن (Labour Party) هەر لەئێستاوە رایگەیاندووە ئەگەر هەڵبژاردن ببەنەوە و بێنە سەر دەسەڵات، ئەم بڕیارە رادەگرن و هەڵیدەوەشێننەوە.

سەرچاوەكان
-Home Office-Lansdowne Road, Croydon CR9 2ER.https://www.gov.uk>organisations
-Life in the United Kingdom.Ajourney to citizenship.Advisory Group-2004.
-Uk Immigration Solicitors,https://www.ukimmigrationsoliciters.co.uk.

دیمەنێک لە کۆچی نایاسایی کۆچبەران بۆ بەریتانیا

وتارەکانی نوسەر