خۆمانە و خێزانیی

یەکسانیی ئەرک لە کاردا

10:46 - 2025-04-28
رۆزا دڵشاد مەریوانی
50 خوێندراوەتەوە

(46)

لە سەرەیەکی کەمێک قەرەباڵغدا لە کۆمپانیایەکی ئەهلی، دوو فەرمانبەر کوڕێک و کچێک دانیشتبوون، کاروباری هاووڵاتیانیان بەڕێدەکرد، خاتوونەکە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی لەبەردەمدا بوو بۆ بەڕێکردنی کارەکانیان، کاکی فەرمانبەریش بێ ئیش دانیشتبوو، بەڵام ئامادە نەبوو هاوکاری بکات و کاروباری ئەو خەڵکە جێبەجێ بکات بە بیانووی ئەوەی ئەوە لە چوارچێوەی کارەکانی ئەودا نییە، هەروەها لە هەمان کۆمپانیا جارێکی دیکە و لە لقێکی دیکەدا دیمەنێکی ناشیرینتر لەوەم بینی، بێ رێزیی و مامەڵەکردنی هاووڵاتیان بوو لەگەڵ فەرمانبەرە کچەکەدا وەک ئەوەی لەوێدا کۆیلەیەک بێت، لەبەر هیچ شتێک نا تەنیا لەبەرئەوەی مێینەیە، دڵنیام ئەگەر ئەو کارمەندە پیاوێک بوایە نەیاندەوێرا بەو جۆرە رەفتار بکەن. 
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە تەنیا دابینکردنی هەلی کاری یەکسان بۆ ژنان و کچان و زیادبوونی ئەو کچە گەنجانەی لە کاری ئەهلی و کۆمپانیاکاندا کاردەکەن نیشانەی پێشکەوتن و بەدیهێنانی مافەکانیان و یەکسانیی جێندەریی نییە، بەڵکو نەهێشتنی ئەو عەقڵیەتەیە کە زۆرجار لێرە و لەوێ دەیبینین، ئەو کوڕ و پیاوانەی لەگەڵ ئەو کچ و ژنانەدا کاردەکەن، ئەرکەکانیان سەرپێی بەڕێوەدەبەن و کەمتر لەچاو ئەواندا خۆیان ماندوو دەکەن، یان ئەرکەکانی خۆشیان دەدەن بەسەر کارمەندە کچەکاندا، هەروەها بەشێک لەو هاووڵاتییانەی سەردانیان دەکەن کاتێک دەبینن کارمەندەکە مێیە، لە دیدگای دواکەوتووی خۆیانەوە بەوەی ژن هیچ نازانێت مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن و وەک خزمەتکارێک حیسابیان بۆ دەکەن، کە دەبێت بە خێرایی مامەڵەکانیان بەڕێ بکات و سووکایەتی یان بێڕێزییان بەرامبەر دەکەن.

 

گرنگە لەگەڵ زیادبوونی دەستی کاری مێینە لە بازاڕدا، مافیان پارێزراو بێت، نەک تەنیا لەو مووچەیەی وەریدەگرن، بەڵکو لە ئەرکیشدا یەکسان بن

 

بۆیە زۆر گرنگە لەگەڵ زیادبوونی دەستی کاری مێینە و کارمەندە کچەکان لە بازاڕی کار و کۆمپانیا ئەهلییەکاندا مافیان پارێزراو بێت، نەک تەنیا لەو مووچەیەی لەپای کارەکانیان وەریدەگرن، بەڵکو لە ئەرکیشدا یەکسان بن و لە کاتی کردنی هەر کارێکی زیادە و لە دەرەوەی سنووری ئەرکەکانیان پارەی زیادە و پاداشت بکرێن، بزانن بۆیان هەیە لە کاتی کردنی کارەکانی بۆ نموونە کارمەندێکی پیاودا دەتوانن داوای پاداشت بکەن.
واتا وا نەزانین بەدیهێنانی یەکسانیی جێندەریی لە کۆمەڵگەدا بەگشتی و لە دنیای کاردا بەتایبەتی، تەنیا بە ژمارە دەکرێت، بەڵکو دەبێت لە کاردا لە ماف و ئەرکیشدا یەکسان بن، یاسایەک هەبێت بیانپارێزێت و بێ دەنگیی ژنان و کچان لەبەر هەندێک هۆکاری کۆمەڵایەتی و لاوازییان لە رووی جەستەییەوە لەچاو پیاواندا، بەخراپ لە دژیان بەکارنەهێنرێت و بتوانن بڵێن ئەوە ئەرک و مافی منە.    

وتارەکانی نوسەر