موزایکی دابەشکردنی خەڵاتی زێڕینی بلە لە ساڵی 2025دا، جێی تێڕامانم بوو، لەو مەراسیمە قەرەباڵغەی کە ئیبراهیم ئەحمەد فاوەندەیشن بە زیرەکی و وردی و لێکدانەوەی فرە رەهەندی بڕیاری لێدابوو.
عەسرێکی درەنگی بەهارەی نیسانی 2025 تێکەڵ بە نمە باران و هەوری چڕ و هەوای فێنك، لە هۆڵێکی قەشەنگی ناوەڕاستی سلێمانیدا، لە بەغدا و نەجەف و ئەنبارەوە، بۆ ئامەد و قامیشلۆ و کۆبانێ، تا سنە و هەورامان و نزیك خانەقین، موزایکێك دروستکرابوو کە تەنها لەو پایتەختی رۆشنبیرییەدا دەبینرێت، میوانەکان لە نەتەوە و زمانی جیا، لە دیدگا و تێڕوانینی جیاجیاوە ئامادەی مەراسیمێك بوون کە ساڵانە بۆ رێزلێنان لەو کەسانە رێکدەخرێت، لە ژیانی خۆیاندا خزمەت و چاکەیان بۆ گەلی کورد هەیە، ئەو مرۆڤانە چاکەی گشتییان هەڵبژاردووە و پاڵپشتیی نەتەوەیەکیان کردووە کە بە درێژایی مێژوو چەوسێندراوەتەوە، یاخود خۆیان کوردن و لە ریزی پێشەوەی ئەو کەسانەدان کە خزمەت بە سێکتەرێك لە سێکتەرەکانی ژیان دەکەن.
چاوی تیژی ئیبراهیم ئەحمەد فاوەندەیشن کە رێکخەری خەڵاتی بلەیە، قسە و باسی خۆم و هاوڕێیەکم بوو، چونکە لە کەسایەتیی ئایینی و مەرجەعەوە بۆ سیاسی و لەوێوە بۆ دایك و کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەڕڤان و خەباتکار و پارێزەری زمان و هونەرمەند و وەرزش، جێی هەڵوەستە بوو، بەتایبەتی ئەمساڵ مەرجەعێکی باڵای وەك سەید موحسین ئەلحەکیم-ی لەیاد نەکرد، کە زیاتر لە نیو سەدە لەمەوبەر فەتوای پاراستنی کوردی دەرکردووە و کوشتنی کوردی لەژێر هەر پاساوێکدا رەتکردۆتەوە، بەتایبەتتریش کە بنەماڵەی سەید ئەلحەکیم لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عیراقدا، پێگەیەکی گەورە و بەهێزیان هەیە و لە هاوکێشە سیاسییەکاندا خاوەن بڕیارن.
مەزڵومی پارێزەری رۆژئاڤا و عەبدۆی گیانبەختکەر و زارای پارێزەری زمان و فەهیمەی دایکی حەوت جگەرگۆشەی ئەنفالکراو و ساڵحی باوکی فۆلکلۆر و کێمنەیی دەنگ زوڵاڵ و ئامەدی نوێنەری سپۆرت، وێنە گەورەکەی کوردستانیان لەو ئێوارەیەدا نەخشاند، کە سنووری دەستکردی کاڵکردەوە و پەیامی خەباتی هاوبەش و غەمی هاوبەش و ئومێدی هاوبەشی بە هەموولایەك گەیاند.
لە هەمووی گرنگتر، دابەشکردنی خەڵاتی بلە، هاوکات بوو لەگەڵ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵویستیی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان، کە لەوێش نوێنەرانی باشوور و باکوور و رۆژئاڤا بە ئامادەبوونی ئەمریکا، بۆ یەکدەنگی کورد لە سوریای نوێدا کۆببوونەوە.
رەنگە 2025 لە بەختی کورد بێت، تا ئێستا باشمان هێناوە، وێنەی یەکبوون و یەکگرتوویی لەنێو ئاڵەنگارییەکانی ناوچەکە و لەبندەستی هەژموونی دەوڵەتانی ئیقلیمیدا کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، خەریکە لێڵی لەسەر نامێنێت و بۆ دۆست و دوژمن روون دەبێتەوە، رەحمەت لەوەی دەیپارێزێت و بە روونی دەیهێڵێتەوە.
خەڵاتی بلە چەندین کەسایەتیی لە شوێنە جیاجیاکانەوە کۆکردەوە