دۆخی خوێندنگەکان و ئاڵنگارییەکانی هەڵسەنگاندنی دەرەکی

11:14 - 2025-04-28
سوعاد مەلا سەعید
207 خوێندراوەتەوە

هەڵسەنگاندنی دەرەکی خوێندنگەکان ئامرازێکی سەرەکییە بۆ دڵنیابوون لە کوالێتیی خوێندن و باشترکردنی ئاستی خوێندن، بەڵام بارودۆخی ئێستای خوێندنگەکان، بە تایبەت لە ژێر رۆشنایی قەیرانە بەردەوامەکاندا، پرسیار لە بارەی باوەڕپێکراوی و کاریگەریی ئەم هەڵسەنگاندنە دەوروژێنێت. لەم بابەتەدا پێداچوونەوە بەو ئاستەنگە سەرەکییانەدا دەکەین کە رووبەڕووی هەڵسەنگاندنی دەرەکی دەبنەوە، هەروەها چارەسەرە پێشنیازکراوەکان بۆ چارەسەرکردنی و نەبوونی متمانە دەخەینەڕوو.

ئاڵنگارییە سەرەکییەکان:
1. کاریگەریی بایکۆت: قۆناغەکانی بایکۆت یان پچڕانی خوێندن، کاریگەریی نەرێنی لەسەر کوالێتیی خوێندن هەیە، کاتێک خوێندنگەکان دادەخرێن یان چالاکییە پەروەردەییەکان کەم دەبنەوە، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر خوێندکاران دەبێت و لە ئەنجامدا ئاستی خوێندنیان دادەبەزێت.
 2. درەنگ کەوتنی کاتی هەڵسەنگاندن: دواخستنی کاتی هەڵسەنگاندنی دەرەکی بۆ کۆتایی ساڵی خوێندن بەو مانایەیە کە خوێندنگەکان سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، ئەمەش گرنگیدان بە هەڵسەنگاندنی دەرەکی کەمدەکاتەوە و کاریگەریشی لەسەر ئەدای گشتیی ئەنجامەکان دەبێت.
3. گوشاری تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ: ئەو دڵەڕاوکێ و گوشارەی لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵدا دروست دەبێت، بە تایبەتی لە پۆلەکانی 12 و نۆیەمی بنەڕەتیدا، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی خوێندکاران دروست دەکات و دەبێتە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆر و قبووڵ نەکراو.
 4. ناسەقامگیریی وادەی مووچە: ناسەقامگیریی کاتی پێدانی مووچە کاریگەریی لەسەر مۆراڵ و توانای مامۆستایان هەیە بۆ پێشکەشکردنی خوێندنی کوالێتیی بەرز، کاریگەریی ئەمەش لە ئەنجامەکانی هەڵسەنگاندندا رەنگدەداتەوە، لەبەرئەوەی مامۆستایان بە دەروونێکی نا ئاسوودەوە وانە دەڵێنەوە.
5. نەبوونی سەرچاوەی داهات: زۆرێک لە خوێندنگەکان سەرچاوەی داهاتی مادیی پێویستیان نییە، ئەمەش وایکردووە گەیشتن بە ئامانجە پەروەردەییە خوازراوەکان قورس بێت.

دەبوو چی بکرایە؟
1. دیاریکردنی کاتی گونجاو بۆ هەڵسەنگاندن: دەبوو کاتی هەڵسەنگاندن لەوکاتانەدا دابنرێت کە لەگەڵ ماوەکانی خوێندندا ناکۆک نەبێت، وەک ناوەڕاستی ساڵ.
2. زیادکردنی شەفافیەت: پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن پێویستە روون و شەفاف بن، بۆئەوەی هەمووان بە ئاسانی تێبگەن، تائێستا نازانرێت ئەم هەڵسەنگاندنە چییە و چۆن دەبێت؟
3. دابینکردنی پاڵپشتی دارایی: پێویستە پرسەکانی نا سەقامگیریی مووچە چارەسەر بکرێن و پشتیوانیی دارایی گونجاو پێشکەش بە خوێندنگەکان بکرێت، دۆخی خوێندن هێشتا بەپێی پێویست نەچووەتە دۆخێکی سەقامگیرەوە.
4. بەشداریی کۆمەڵگە: بەشداریکردنی دایک و باوک و کۆمەڵگەی ناوخۆیی لە پرۆسەی هەڵسەنگاندندا شەفافیەت بەرز دەکاتەوە و لێپرسینەوە زیاتر دەکات، ئێستا بەداخەوە بەهۆی نەبوونی کات و دەرفەت کەمترین خوێندنگە یان هیچیان ئەو کارەیان پێ ناکرێت.
5. هەڵسەنگاندنی ژینگەی فێربوون: هەڵسەنگاندنی دەرەکی دەبێت هەڵسەنگاندنێکی گشتگیربێت و تەواوی ژینگەی فێربوون لەخۆ بگرێت، ئەوەش بۆ ئێستا و لە کۆتایی ساڵدا وەک پێویست ناتوانرێت بکرێت.
6. باشترکردنی تەکنەلۆژیای پەروەردەیی: بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە پرۆسەی هەڵسەنگاندندا ئاسانکاریی دەکات بۆ بە دەستهێنانی ئەنجامی ورد و بابەتیانە، لەبەرئەوەی دەبێت کاری زیاتری لەسەر بکرێت.

 

سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرەکی خوێندنگەکان پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکارییە، لەنێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامەکان، بۆئەوەی رەنگدانەوەی ئەو هەوڵە راستەقینانەبن کە بۆ باشترکردنی پەروەردە دراون

 

 

ئاڵنگارییەکانی جێبەجێکردن
جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە پێویستی بە زاڵبوونە بەسەر چەندین کۆسپدا لەوانە:
1. نەبوونی بودجە: خوێندنگەکان پێویستیان بە سەرچاوەیەکی دارایی هەیە، هەندێک خوێندنگە تەنانەت توانای کۆمەکیشی نییە، بەهۆی شوێنی جوگرافییەوە یان هەژارنشینی و دوورە دەستی خوێندنگەکە.
2. بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاری: رەنگە هەندێک کەس شێوازی دووبارەیان پێ باشتربێت، ئێستا گۆڕانگارییەکان خێرا و کاتی و تەواونەکراون.
3. نەبوونی ستانداردی یەکگرتوو: ستانداردەکان لەنێوان خوێندنگەکاندا جیاوازن، واتە ئەو ستانداردانە ناتوانرێت لە زۆربەی خوێندنگەکاندا حەقی تەواویان پێ بدرێت.
4. نەبوونی راهێنان و پاڵپشتی: نەبوونی راهێنەری شارەزا.
5. ئاستەنگیی تەکنیکی: کەمیی ژێرخانی پێویست بۆ خوێندنگەکان.
6. گوشاری کات: سەرقاڵیی خوێندنگەکان بە تایبەتی لە کۆتایی ساڵدا، کە کاتی تاقیکردنەوەیە.
بە شێوەیەکی گشتیی ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت وەک هەڵسەنگاندنی دەرەکی خۆی لە خۆیدا تەحەدایە بۆ هەڵسەنگاندنی دەرەکی، بە چارەسەرکردنی ئەم تەحەدییانە و جێبەجێکردنی چارەسەرە پێشنیازکراوەکان، دەتوانرێت متمانەی هەڵسەنگاندنی خوێندنگە دەرەکییەکان باشتر بکرێت و کوالێتیی گشتیی پەروەردە بەرز بکرێتەوە، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکارییە، لەنێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامەکان کە رەنگدانەوەی ئەو هەوڵە راستەقینانەبن بۆ باشترکردنی پەروەردە دراون.
ساڵی 2019 وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا هەڵسەنگاندنی دەرەکی بۆ خوێندنگەکان بکرێت، کە بریتییە لە پرۆسەی حكومدان لەبارەی ئەوەی تا چ رادەیەك خوێندنگەكە باشە؟ تا چەند ئەدایەكی باشی هەیە و خوێندکارەكان توانادار دەکات بۆ فێربوون؟ هەروەها خوێندنگەکە لە كوێدا ئەدایەكی باشی هەیە و پێویستە پەرە بەچی دیکە بدرێت تیایدا.
هەڵسەنگاندنی دەرەكی لەلایەن لیژنەیەکەوە کە لە كەسانی دەرەوەی خوێندنگەكە پێکهاتوون دەکرێت، لیژنەکە دەتوانێت بە شێوەیەكی سەربەخۆ و بابەتیانە حكوم لەسەر ئەدای خوێندنگەكە بدات و ئامانجی سەرەكیی لە هەڵسەنگاندنی دەرەكی بریتییە، لە برەودان بە بەرەوپێشچوونی خوێندنگەكە.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

ستانداردەکانی پەروەردە ناتوانرێت لە زۆربەی خوێندنگەکاندا حەقی تەواویان پێ بدرێت

وتارەکانی نوسەر