کۆتایی فەندەمێنتاڵیستی خۆرهەڵاتی

11:17 - 2025-04-28
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
84 خوێندراوەتەوە

جەنگی ئەمریکا دژی هەر وڵاتێکی خۆرهەڵاتی، یان سزاکانی بەسەر وڵاتانی خۆرهەڵاتدا، بۆ ئەوەیە ئەو وڵاتە بکات بە وڵاتێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی!، ئەو وڵاتانەش چۆن دەبن بە وڵاتی ئەمریکی-ئیسرائیلی؟ بەوەی کە بچنە خزمەت سیاسەت و ستراتیژی ئەو دوو زلهێزەوە، وڵاتانی خۆرهەڵات ئاسان دەبن بە وڵاتی ئەمریکی-ئیسرائیلی، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە و نابێتە ئەمریکی-ئیسرائیلی، ئەو رێکخراو و هێزە فەندەمێنتاڵیستانەن لە هەموو وڵاتانی عەرەبیدا گەشەیەکی نائاساییان کردووە و هێزی نادەوڵەتین و هێندەی دەوڵەتیش چەک و تەقەمەنییان هەیە و دژی ئەمریکا بەکاریان هێناوە.
رازینەبوونی هەر وڵاتێک و هەر هێزێکی توندڕەوی ئیسلامی، بۆ بوون بە وڵاتێکی ئەمریکایی-ئیسرائیلیی، وایکردووە ئێستا دەبینین جەنگەکانی ئەو دوو وڵاتە، زیاتر جەنگی کۆتاییهێنانە بە فەندەمێنتاڵیستێکی خۆرهەڵاتی، چونکە تەنها ئەوان توانیویانە بە ئاشکرا شەڕ دژی ئەو دوو زلهێزە رابگەیەنن، بۆیە ئێستا ئەگەر سەیری نەخشەی ئەو جەنگانە بکەین ئەمریکا و ئیسرائیل پێوەی سەرقاڵن، ئەوەندەی جەنگێکە بۆ کۆتاییهێنان بە هێزە فەندەمێنتاڵیستەکان، ئەوەندە شەڕی دیموکراتیزەکردن و سیستماتیککردنی وڵاتانی خۆرهەڵات نییە، هەتا کۆتایی ئەم فەندەمێنتاڵیستە، جەنگەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل، بەردەوام دەبێت.
ئەم تێڕوانینە (کۆتایی فەندەمێنتاڵیستی خۆرهەڵاتی)، وەرگیراوی «کۆتایی فەندەمێنتاڵیستی خۆرئاوایی»ە، لە خۆرئاوادا بەرەی رۆشنگەران راپەڕین و کۆتاییان بە بیری توندڕەویی ئایینی و فەندەمێنتاڵیستی خۆرئاوایی هێنا، خوێنڕشتنی کاسۆلیک و پرۆتیستانت هیچی کەمتر نەبوو لەو کوشتارەی هەزارساڵە لە خۆرهەڵاتدا هێزە توندئاژۆ و فەندەمێنتاڵیستەکان بەناوی دینەوە بەرهەمی دێنن، ئەم فەندەمێنتاڵیستە خۆرهەڵاتییە لای ئەمریکییەکان وابەستە بووە بە جیهانە سیاسییەکەیانەوە و جەنگەکان بوونەتە جەنگی بەرەی کوفر و بەرەی خێر، ئەمریکا بۆئەوەی جەنگی سەربازیی و وزە و دیموکراتیزەکردن! بباتەوە، دەبێت جەنگی فەندەمێنتاڵیستەکان بباتەوە و خۆرهەڵات دابماڵێت لەم بیری توندڕەوییە.
ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت و کاری ورد و قووڵیشیان لەسەرکردووە، هەمان بۆچوونەکەی (پۆڵ ریکۆر)ە کە بە خاوەن بیریی بەدیموکراسیکردنی ئایینی مەسیحیەت لە خۆرئاوادا هەژماردەکرێت، ئەو رەخنەی توند لە فەندەمێنتاڵیستی خۆرهەڵاتی دەگرێت و باس لەوەدەکات پێویستە ئایینی ئیسلام بەجوانی بمێنێتەوە و دابماڵدرێت لە توندڕەوی و داخراوی، پێویستە شارستانیەتی ئیسلامی بکرێتەوە بەڕووی شارستانیەت و ئایینەکانی دیکەی جیهاندا، ئەمریکا و ئیسرائیلیش هەر ئەوەیان دەوێت کە ئیدی ئەم جیهانە ئیسلامییە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و جولەکە نەبن، بەڵکو قبووڵی بکەن و رازیبن پێی.

وتارەکانی نوسەر