هەر هاووڵاتییەك كە لەم وڵاتەی ئێمەدا دەكەوێتە بەر پەلاماری هەر ئەندامێكی هێزی چەكدارمان، هەرچی و هەر كەسێك و لە هەر ئاست و پێگەیەكی كۆمەڵایەتیدا بێت، (زیاد جەبار)ێكە بۆ خێزان و كەسوكار و بنەماڵەكەی.
بەندە زیاد جەبار-م خۆشدەوێ وەك ئەوەنا كە بەرپرسیارێتییەكی سیاسی و حزبیی دیاریكراوی هەیە، بەڵكو وەك ئەوەی، پێش هەر شتێك، كوڕە شەهیدە، كاراكتەرێكی لەسەرخۆو پیاوێكی بەڕێز و بێ وەیە وەكچۆن یەكێتییەكی پاك و بێ فیزو دڵسۆزە، بۆیە هەموو هیوادارین ئەوەی كە لەو رووداوەدا بەسەر ئەودا هات، رووداوێكی هەروا تێپەڕ نەبێت، تەنها وەك هەڵەیەكی سادەو كەم مانا وەرنەگیرێت، بەڵكو ببێتە هۆی گێڕانەوەی جۆرێك لە ئیعتبار بۆ هەر هاوڵاتییەكیشمان كە بەو جۆرە پەلاماردراوەو دەدرێت، جا چ لەبەردەم زوومی كامێرای میدیاكاندا بێت، چ لەچۆڵی و تاریكی و تەنیایی!، ئەوەش لەدیدی ئێمەدا بەوە دەبێت كە، پێش هەر كارێك، بڕیار بدرێت ئاستی دیسپلین و مامەڵەو پەروەردە لای هەندێ لەو كەسانە بەرزبكرێتەوە كە سەربە هێزە چەكدارەكانمانن و هێشتا لە ماناو مەغزای ترسناك و ئازاربەخشی ئەو رەفتارە نەشیاوانە ناگەن، بگرە بەداخەوە، هەندێجار، بەخۆیان بزانن یان نا، وەك جۆرێك لە رۆبۆت دەجوڵێنەوەو رەفتار دەكەن، ئیتر وەك ئەوەی داماڵرابن لە هەست و هەڵچوونی مرۆیی بەرزو باڵا.
لەلایەكی تر، ئاسایش و هێزە چەكدارەكانمان بەگشتی، كە سەروماڵمان دەپارێزن و ئەركی گەورەو پیرۆزیان لەسەرشانە، پێویستە بەهۆی هەڵەی كەسانێكی دیاریكراوەوە لە نێوبانگ و خزمەتیان نەدرێت. بۆ بۆڕبۆڕێنی تەسكی حزبی و كۆكردنەوەی دەنگ، میدیای حزبەكان نەیانكەن بە ئامانج و ماددەیەك بۆ پڕوپاگەندە، باشترین رێگەش بۆ ئەوەی ئەوە روونەدات و بەر بەم مەرامە سیاسییە بگیرێت، مسداقیەتی كاردانەوە و هەڵوێستە، جێبەجێكردنی رێكاری یاسایی دەستبەجێیە بەرامبەر بە بكەر و كەسانێك كە پێشێلكاریی دەكەن، كە خۆشبەختانە لە هەڵوێستی خێرای سەركردایەتیی یەكێتی و ئاستی باڵای ئیدارەی سنوورەكەدا بەدیمانكرد، ئەوەش هەر هیچ نەبێ بۆ ئەوەی دواجار ببێتە وانە بۆ هەمووان، ببێتە موحەڕڕەماتی كار و لە ئێستاو داهاتووشدا رەفتاری وا بەرامبەر بە هیچ هاووڵاتییەكمان دووبارە نەبێتەوە.
[email protected]