پاپا فرانسیس (جۆرج ماریۆ بێرگۆگلیۆ)؛ لە ساڵی 1936 لە بوێنس ئایرس لە ئەرجەنتین لە دایک بووە و لە رۆژی 21ی نیسانی 2025 کۆچی دوایی کرد، پاپا فرانسیس پاپایەکی تایبەت بوو، گۆڕانکاریی بەسەر رێڕەوی کەنیسەدا هێنا، ریفۆرمیست بوو، بێ ئەوەی ئەو ناوە لەخۆی بنێت، باوەڕی بە گۆڕانکاری و تازەکردنەوەی کەنیسە هەبوو.
بڕوای پاپا، پاشخانی ژیانیەتی، لە ماڵێکی ئاساییدا گەورە بووە و لە خوێندنگەی ئاساییدا خوێندوویەتی و دیپلۆمی لە کیمیا و فەلسەفەدا هێناوە و مامۆستایەتی کردووە، بۆ دابینکردنی تێچووی خوێندنی، چەندین جۆر کاری کردووە، لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتیدا چەپ بووە، بەبێ ئەوەی ئەندامی هیچ پارتێک بووبێت، لە تەمەنی 20 ساڵیدا دەستی بە خوێندنی لاهوت کردووە و لە 31 ساڵیدا بووەتە قەشەیەکی عیسایی (ئەو کریستیانانەی هەژارانە و دوور لە خۆشگوزەرانی ژیانێکی زۆر سادە دەژین)، هەنگاو بە هەنگاو ئاستی لە خوێندنی لاهوتی و پلەی لە کەنیسەدا بەرز بووەتەوە و لە ساڵی 1998 بووەتە ئەسقوفی بوێنس ئایرس، لەو کاتەدا لە جیاتی ئەوەی لە کۆشکی ئەسقوفدا بژی، لە ماڵێکی سادەدا ژیاوە و هەردەم لە خزمەتی کۆمەڵگەی هەژاراند بووە و کاری کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. لە ساڵی 2001 بوو بە کاردیناڵ و لە ساڵی 2013 دا بە پاپا هەڵبژێردرا.
یەکەم گۆڕانکاری لە پاپایەتی
دوای ئەوەی لە نێوان کاردیناڵەکاندا یەکێک هەڵدەبژێردرێت بە پاپا، داوای لێ دەکەن ناوێک بۆ پاپایەتییەکەی هەڵبژێرێت، هەڵبژاردنی ئەو ناوە، رێزگرتنە لە پاپایەکی پێشوو، کە کاریگەریی هەبووە لەسەری و هەوڵی گرتنی هەمان رێچکە دەدات، یاخود ناوێکی پیرۆزی ئایینەکەیان هەڵدەبژێرێت.
جۆرج ماریۆ بێرگۆگلیۆ یەکەم پاپا بوو کە ناوی فرانسیس هەڵبژێرێت بۆ ناوی پاپایەتییەکەی، پێش ئەو هیچ پاپایەک ئەو ناوەی هەڵنەبژاردووە. ناوی فرانسیسی لە (فرانسیس ئاسیزی)یەوە وەرگرت، کە لە ساڵی 1181 لەدایک بووە، یەکێک بووە لە کریستیانە پیرۆزەکان، دوای ئەوەی واز لە دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی دەهێنێت، ژیانی لە کڵێسا بۆ خزمەتی نەخۆش، هەژار و ئاژەڵ تەرخان دەکات، لە هەڵبژاردنی ئەو ناوەدا (پاپا فرانسیس)، مەبەستی ئەوە بوو، هەمان رێچکەی ژیانی فرانسیس ئاسیزی هەڵدەبژێریت و هەر واشی کرد، وازی لە ژیانی رۆتینیی پاپاکانی پێش خۆی هێنا، لە هۆتێلی سانتا ماریادا ژیا نەک لە ڤاتیکان، بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی هاتوچۆی دەکرد نەک ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ، پێڵاوی ئاسایی لە پێ دەکرد نەک ئەو پێڵاوە سوورەی بۆ پاپاکان دادەنرێت، هەر دیارییەکی بە نرخ بۆ خودی خۆی بوایە، دەیفرۆشت و پارەکەی بۆ یارمەتی ئەو خەڵکانە دەنارد کە پێویستییان پێی بووە، ئێستا کە مردووە، تەنیا 100 دۆلاری لە پاش بەجێماوە، داواشی کردووە دوای مردنی لە ژێرزەمینی ڤاتیکاندا نەنێژرێت هەروەکو باوە، بەڵکو لە هەیوانی کەنیسەی سانتا ماریای گەورە لە رۆما بنێژرێت.
پاپا فرانسیس تەنیا لە ژیانی پاپایەتی خۆیدا گۆڕانکاری نەکرد، بەڵکو لە بەڕێوەبردنی کەنیسەکانیشدا کەوتە گۆڕانکاری و ریفۆرم و دەستووری تازەی بۆ ڤاتیکان دانا؛ چاکسازیی دارایی لە ڤاتیکاندا کرد و شەفافیەتی لە خەرجییەکاندا کرد، چاکسازیی لە بەڕێوەبردنی ڤاتیکاندا کرد و دەسەڵاتی دیوانی کەم کردەوە و دەسەڵاتی لامەرکەزیەتی پەرە پێدا بۆ بەڕێوەبردنی کەنیسەکان.
لە بەڕێوەبردنی ڤاتیکاندا، رۆڵی ژنی زیاد کرد و رێگەیدا بۆ یەکەم جار لە مێژووی ڤاتیکاندا ژن دەقە پیرۆزەکان بخوێنێتەوە، قوربانیی پیرۆز پێشکەش بکەن، هەروەها بۆ یەکەم جار ژن لە سەرۆکایەتی دامەزراوەکانی ڤاتیکاندا دامەزران، هەرچەندە ئەو گۆڕانکارییانەی کرد، بەڵام هەندێ شوێن وەک هێڵی سوور هەر مانەوە وەک کاری کاهینی و ئەسقوفی بکەن.
خاڵێکی گرنگ لە بیرکردنەوەی پاپا فرانسیسدا، گرنگیدان بوو بە کەلتووری وڵاتان، ئەو پێی وابوو لە رێگەی تێکەڵبوونی کەلتوورەوە، دیواری نێوان نەتەوەکان دەڕووخێنرێت، فێری بەخشین و هاوبەشیی دەبن، گفتوگۆ دروست دەکات و رق و کینە لەناو دەبات
هەڵوێست و رێکارەکانی پاپا فرانسیس
جیابوونەوەی هاوسەرگیریی کاسۆلیکیی خێراتر کرد و خەرجییەکانی کەم کردەوە، بەرامبەر هاوڕەگەزبازی سیاسەتێکی بەڕەحمانەی هەبوو، لە سەرەتای بوونی بە پاپا، لێی دەپرسن رای چییە بەرامبەر بەو کەسانەی هاوڕەگەزبازن، لە وەڵامدا دەڵێت: «من چیم تا دادگایی خۆم بدەم بەسەریاندا، ئەو کەسانە منداڵی خودان، دەبێت رێزیان لێ بگیرێت و پشتیان بەرنەدەین، راستە کەنیسە بە تاوانی دەزانێت و هاوسەریی نێوانیان بە پیرۆز نازانێت، بەڵام دەبێت بە یاسای شارستانی پارێزگارییان لێ بکرێت.»
لە باسی بەهەشت و دۆزەخیشدا دەڵێت: «بەهەشت و دۆزەخ شوێنی مادیی نین. بەهەشت پاداشت نییە بەو شوێنە خەیاڵییە، یان بەو باخە سەرسوڕهێنەرە، بەهەشت پەیوەندییەکی رۆحییە لەگەڵ خودادا یەک دەگرنەوە، ژیانێکی پڕ لە خۆشەویستی و ئاسوودەییە لەگەڵ خودا. دۆزەخیش ژووری ئەشکەنجە نییە، بەڵکو دوورکەوتنەوەیە لە خۆشەویستیی خودا، کە کەسەکە بە ئیرادەی خۆی هەڵیبژاردووە و بە ویستی خۆی داوای لێبووردنی نەکردووە.»
پاپا فرانسیس پێی وابوو ئایین و سیکۆلار دژ بە یەک نین، دەڵێت: لە ئێستادا حوکم لە رێگەی ئایینەوە بەڕێوە نابرێت، دەبێت یاسای شارستانی پێی هەڵسێت.
کەنیسە لە ئێش و ئازاری خەڵک نزیک بێت
پاپا فرانسیس پێی وابوو، خەڵک لە کەنیسە دوور کەوتووەتەوە، بۆ ئەوەی نزیک بێتەوە؛ دەبێت کەنیسە لە ئێش و ئازاری خەڵک نزیک بێت و داڵدە و یارمەتیی بێدەرامەت، نەخۆش، کەمایەتییەکان و پەنابەران بدات، پێی وابوو کەنیسە خانەی کەمینەیەک نییە کە خەریکی خواپەرستین، بەڵکو دەبێت خانەی گشتیی بێت، جا ئەو کەسە خاوەنی هەر بیروباوەڕێک یان هەر نەتەوەیەک بێت، دەبێت لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی مرۆڤ و یەکترقبووڵکردن کار بکات.
پاپا فرانسیس دژ بە بازاڕی ئازاد بوو، کە لە خزمەتی کەمایەتییەکی بچووکی کۆمەڵگە و هەندێک وڵاتدایە و جیاوازیی نێوان هەژار و دەوڵەمەند گەورەتر دەکات و پەیوەندییەکی بێهەست گەشە پێ دەدات، ئەو پێی وابوو هەموو کەسێک مافی ژیانێکی شەرەفمەندانەی هەیە.
پاپا فرانسیس تەنیا لە ژیانی پاپایەتی خۆیدا گۆڕانکاری نەکرد، بەڵکو لە بەڕێوەبردنی کەنیسەکانیشدا کەوتە گۆڕانکاری و ریفۆرم و دەستووری تازەی بۆ ڤاتیکان دانا؛ چاکسازیی دارایی لە ڤاتیکاندا کرد و شەفافیەتی لە خەرجییەکانیشدا کرد
گرنگیدان بە کەلتووری وڵاتان
خاڵێکی گرنگ لە بیرکردنەوەی پاپا فرانسیسدا، گرنگیدان بوو بە کەلتووری وڵاتان، ئەو پێی وابوو لە رێگەی تێکەڵبوونی کەلتوورەوە، دیواری نێوان نەتەوەکان دەڕووخێنرێت، فێری بەخشین و هاوبەشیی دەبن، گفتوگۆ دروست دەکات و رق و کینە لەناو دەبات.
پاپا فرانسیس، لە سۆنگەی گرنگیدانی بە کەلتوور و لەو رێگەیەوە لە ساڵی 2015 ئەلبوومێکی لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی ئیتاڵی دەرکرد، لەژێر ناوی (هەڵسە لە خەو، پێش بکەوە، بەرەوپێشەوە)، لەو ئەلبوومەدا وتەکانی لەگەڵ چەند جۆرێکی میوزیک بڵاوکردەوە، ئەمەش شتێکی زۆر تازەگەری بوو.
گۆڕانکاری لە نێو ڤاتیکان و کەنیسەدا
پاپا فرانسیس گۆڕانکاری و تازەگەریی زۆری لە نێو ڤاتیکان و کەنیسەدا کرد، تا کەنیسە نەک تەنیا لە خزمەتی مەسیحییەتدا بێت، بەڵکو کەنیسە و مەسیحیەت لە خزمەتی خەڵکی هەژار، بێدەرامەت، کەمایەتییەکان و پەنابەراندا بێت؛ واتا لەپێناوی یەکسانی مرۆڤایەتیدا بێت.
پاپا فرانسیس پاپای کۆچکردووی فاتیکان