لە ژمارە 9401، دووشەممەی رۆژنامەی کوردستانی نوێ-دا، برای ئازیزم کاک ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد وتارێکی لەژێر ناوی «کۆتایی فەندەمینتالیستی خۆرهەڵاتی» نووسیوە، بە پێویستم زانی بەئیجازەی کاک ئازاد، لەبارەی ئەم وتارەوە هەندێ سەرنج دەرببڕم.
بەبڕوای من، مەسەلەی ئیسلامیی ئوسولی و توندڕەو، بیانوویەکی زۆر لاوازە لەو گێچەڵ و جەنگانەی ئەمریکا لە ناوچەکە دەیانکات، یان کردوونی. نمونە زۆرن و زۆریشیان بەسەردا تێنەپەڕیوە و نەبونەتە بەشێک لە مێژووی دوور. ئەمریکا لە دامەزراندنییەوە تا ئێستا زیاتر لە دووسەد شەڕی کردووە، بەشی هەرە زۆریشیان دەوڵەتی نا موسوڵمان بوون. بە نمونە لە سەدەی بیستدا؛ شەڕی کۆریا، ڤێتنام، یۆگسلافیا، پەنەما، لەپاڵ ئەمانەشدا هاوکاریی شەڕ و ئاژاوەی لە چەندین وڵات کرد لە دونیادا، بەنمونە؛ کوبا، نیکاراگوا، بۆلیڤیا. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە تا ئەم ساتە وەختەش، مامەڵەی توندی سیاسی لەگەڵ چین، کوبا، کۆریای باکوور و ڤینزویلا و چەندین وڵاتی تر لە ئەمریکای لاتین دەکات و هیچیشیان نە ئیسلامن، نە هێز و لایەنی توندڕەوی ئیسلامیشیان تێدایە.
هەڵوێستەکانی ترەمپیش لەدوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا سەلمێنەری ئەو راستییەن کە ئەمریکا بەهێزی مەنتیق و دیپلۆماسییەت کارناکات، بەڵکو بە مەنتیقی هێز و هەڕەشە دەجوڵێتەوە. نموونەی هەڕەشەکانی لە وڵاتانی مەکسیک و کەنەدا و پەنەما و داواکردنی دوورگەی گرینلاند، نموونەی زیندووی ئەو سیاسەتە چەوتەن. بابێینەوە سەر ئەم ناوچەیەی خۆمان و هەندێ وڵاتی دراوسێ، ئەوەی ئەمریکا و هاوبەشە سەرەکی و دۆستە هەرە نزیکەکەی ئیسرائیل دەیکەن، سەپاندنی سیاسەت و ویست و دیدی خۆیانە بەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا نەک نەهێشتنی ئیسلامیی ئوسولی و توندڕەو!، با نمونەی ئەو فەوزایە بهێنینەوە کە ناونرا بەهاری عەرەبی و سەرلەبەری ناوچەکەی تێکدا. لیبیا و میسر و تونس و سوریا، ئیسلامیی توندڕەو و ئوسوڵی حوکمڕان بوون تێیاندا؟ ئەگەر ئەو وڵاتانە لەبەر نەبوونی دیموکراسی و حوکمی شمولی ئەو بەناو بەهارەیان تێدا قەوما، زەحمەت نەبێ با ئەمریکا و ئیسرائیلیش تێمانبگەیەنن وڵاتانی کەنداو چ جۆرە حوکمێکی دیموکراسییان تێدایە و هەمووشیان دۆستی ئەمریکان؟ لە مونتەدای ئەنتالیا بۆ دیموکراسی، لەیەکێک لە دیدارەکاندا، وەزاح خەنفەری رۆژنامەنووسی ئیخوانی، پرسیار لە پرۆفیسۆر جێفری ساکس مامۆستا لە زانکۆی کۆڵۆمبیای ئەمریکا دەکات لەبارەی رۆڵی ئەمریکا لە رووداوەکانی سوریادا، پرۆفیسۆر ساکس دەڵێ: ئەم جەنگە بەشار ئەسەد هەڵینەگیرساند، ئەم جەنگە لە واشنتنەوە دەستیپێکرد، لەساڵی 2011 بڕیارێک بۆ رووخاندنی بەشار هەبوو! لە راستیدا ئەو بڕیارە لە ئۆرشەلیمەوە درا! ئەو بیرۆکەیەی حکومەتی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ بیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر ئەویش ئەوەیە «دەبێ هەموو دەوڵەتەکانی ناوچەکە بەپێی دید و بۆچوونی ئیسرائیل دابڕێژرێنەوە». ئەم جەنگەی سوریا کە تا ئێستا بۆتەهۆی کوژرانی شەش سەد هەزار کەس بەهۆی سەرکوتکاری و دیکتاتۆریەتی ئەسەدەوە نەبوو، ئەم جەنگە بەپێی بڕیارێکی سەرۆک ئۆباما بوو کە دەبێ ئەسەد بڕوخێ و بۆ ئەمەش پلانێک و پرۆسەیەک داڕێژرا و ناونرا (تیمبەر سیکۆمۆر).
ئەمریکا بریاریدا بەهاوکاری چەند وڵاتێکی ناوچەکە راهێنان بە گروپە ئیسلامییە جیهادییەکان بکات و چەکداریان بکات!، ئێستا چی لە سوریا دەگوزەرێ؟ ئایە حکومەتێکی عیلمانیی لیبراڵی لەسەر حوکمە؟ نەخێر، گروپێک لە دەسەڵاتداران کە ئەمریکا پێیدەوتن - تیرۆریست – و چەندین گروپی تری لەو جۆرەشیان لەگەڵدایە. هەر لەبارەی ئەوەی ناونراوە بەهاری عەرەبی، وەزیری پێشوتری دەرەوەی قەتەر حەمەد بن جاسم دەڵێت: ئێمە وڵاتانی کەنداو دوو ترلیۆن دۆلارمان لە بەهاری عەرەبیدا خەرج کرد! دیار و مەعلومیشە بە فەرمان و زۆری ئەمریکا سەرفیان کردووە. خۆ حوسنی موبارەکی سەرۆکی میسر فەندەمینتاڵ نەبوو، هەروەها موعەمەر قەزافی و زەینەلعابدین بن عەلی سەرۆکانی لیبیا و تونس!، بۆیە بە رای بەندە، مەبەستی ئەم هەموو شەڕ و پەلامار و ئاژاوەیەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا ناویانەتەوە، سەپاندنی ویست و سیاسەت و خواستی خۆیانە بەسەر ناوچەکەدا، نەک کۆتاییهێنان بە فەندەمینتالیستی!