مامۆستا جەعفەر لە نووسینێکیدا رەخنەی گرتووە لە بیرەوەرییەکانی دکتۆر فوئاد. لە راستیدا بارودۆخی تەندروستیی دکتۆر فوئاد باش نییە و بینینی خراپ بووە، بیرەوەرییەکانی نامە و نووسینی تایبەتی و ئەو رۆژژمێرانەی لای بوون دراون بە کاک شێرزاد هەینی، ئەو کاتە من لە کوردستان نەبووم، کاک شێرزاد هەندێک لە نووسینەکانی بۆ ناردم و منیش گۆڕانکاریم تێدا کرد، بەڵام ئەو زۆر بە پەلە بوو بۆ چاپکردنی، بۆیە بەشێکی بێ ئەوەی من بیبینم چاپکراوە. دیارە نووسینەکان تێکەڵاو بوون بە شتی گشتی و شتی تایبەتی، کاک شێرزاد لە نووسینەکەیدا هەردووکی تێکەڵاو کردوون.
لەگەڵ مامۆستا جەعفەر پێش 48 ساڵ، واتە لە سەرەتای مانگی هەشتی ساڵی 1977 لە قەندیل یەکترمان ناسی، بە داخەوە بە گوتەی یەک کەس، کە کاک ئازاد خۆشناوە، دکتۆر فوئادی هەڵسەنگاندووە، لە کاتێکدا د.فوئاد لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی ی.ن.ک بووە و لەم رووەوە مام جەلال بە پلە یەک دێت و پاش ئەو دکتۆر فوئاد بووە. بێئەوەی لەوە دڵنیا بێتەوە قسەکانی ئازاد خۆشناو راستن یان نا، بەڵگەی پێویستی هەیە یان نا؟ دوور لە بیرکردنەوەیەکی ئەکادیمییانە، کەوتۆتە ناوی. لە راستیدا دەبوو د. فوئاد وەڵامی بداتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی د. فوئاد نەخۆشە و توانای ئەمەی نییە، من ناچارم راستییەکان روون بکەمەوە، چونکە خۆم بەر لە دروستبوونی ی. ن. ک. یەکێتی بووم.
مامۆستا جەعفەر دەیتوانی بیروەرییەکانی مام جەلال بخوێنێتەوە و لەو روانگەوە بابەتەکەی بنووسیایە، یاخود بیرەوەریی هەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر یان هیچ نەبێت بیرەوەرییەکانی عادل موراد تەماشا بکات، بزانێت ناوی ئازاد خۆشناو وەک ئەندامی دەستەی دامەزرێنەران هاتووە؟
مام جەلال لە نامەیەکیدا بۆ دکتۆر فوئاد دەڵێت: من و کاکە نەوە لە چالاکی و ژیریی و هەڵوێستی هۆشیارانەی تۆ زۆر رازی و مەمنوونین
مام جەلال ئەو پلەیەی نەبووە
هەر لەسەرەتاوە کەوتۆتە هەڵەوە و دەڵێ: مام جەلال لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندی عەرەبی بوو لە لوبنان. ئەمە هەڵەیە، چونکە مام جەلال لەگەڵ دکتۆر فوئاد ئەندامی ئەو مەکتەبە بوون، عەزیزی شێخ رەزای باسەری لێپرسراوی ئەو مەکتەبە و لێپرسراوی هەردوکیان بوو لە مەکتەبی بەیروت بوو. مام جەلال سوریای پێ سپێردرابوو، دکتۆر فوئادیش میسر. زووزوو لە قاهیرە یان بەیروت کۆدەبوونەوە. دوایی مام جەلال بە یەکجاری لەگەڵ هیرۆخان چوونە میسر و لەوێ نێشتەجێ بوون.
لەوێ نزیکەی ساڵێک پێکەوە کارەکانیان کرد. جگە لە پەیوەندیی خێزانی، پەیوەندیی ئێمە و شێخانی تاڵەبانی لە باپیرمەوە (مەلا خدری هەورامی) دەست پێدەکات، بە دۆستایەتی نزیکی لەگەڵ شێخ عەلی تاڵەبانی لە کەرکوک کە بۆ نزیکەی زیاتر لە 135 ساڵ دەگەڕێتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە. دکتۆر فوئاد و مام جەلال لە منداڵییەوە دۆست بوون، لە شۆڕشیشدا هەردووکیان لە یەک کۆمیتە کاریان دەکرد و هەفتانە کۆبوونەوەیان هەبوو. پێش دامەزراندنی ئەو کۆمیتەیە، مام جەلال ئەگەر هاتبێتە میسر، ئەوا لەگەڵ دکتۆر فوئاد پێکەوە دەبوون، جا من لە مامۆستا جەعفەر دەپرسم: دەکرێت مام جەلال بڵێ تەنها دوو جار دکتۆر فوئادم دیوە و کاک ئازاد بە یەکتریان بناسێنێت؟
لە ساڵی 1974 (مەکتەبی پەیوەندییەکانی عەرەبی) لەلایەن شۆڕشەوە لە دەرەوە دانرا، لەپێناوی گەشەکردنی پەیوەندییەکانی شۆڕش لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی. مام جەلال لە کتێبی دیداری تەمەندا، بەرگی دوو، لاپەرە30 دەڵێت: ئێمە ئەو کەسانەی کە ئەو کاتە لە یەکەوە نزیکبووین بە تایبەتی من و هەڤاڵ فوئاد مەعسوم كه ھەردووکمان پێکەوە لە کۆمیتەیەک ئیشمان دەکرد بە ناوی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی عەرەبی، لێپرسراوەکەمان عەزیزی شێخ رەزای باسەری بوو.
ئەو سێیە پێکەوە بووین، له نێوان خۆماندا مشاوەرەیەکمان کرد کە چیبکەین؟ چۆن بەرەنگاریی ئەو رووداوه ناخۆشه ببینەوه بۆ درێژەپێدانی خەبات. هەموو لایەکمان پێمان باش بوو، به تایبەتی من و دكتۆر فوئاد سووربووین لەسەر ئەوەی رێكخستنێكی نوێ دروست ببێت. بینیم دکتۆر فوئاد ورەی زۆر بەرز بوو، ئامادەیی زۆری تێدابوو، بەڵام عەزیزی شێخ رەزا ئامادەیی تێدا نەبوو درێژە بە خەبات بدات.
لەو کاتەدا دکتۆر خدری برای دکتۆر فوئاد هاتە لامان و ئەویش ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ کارکردن لەگەڵماندا. لەو سەردەمەدا هەندێک هەڤاڵان لە ئێرانەوە هاتن لەوانە عادل موراد، سەرۆکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و عەبدوڕەزاق فەیلی ئەندامی سکرتاریەتی لاوان، ئەمانیش ئامادەییان نیشاندا بۆ دروستکردنی رێکخراوێکی نوێ.ئەگەر مامۆستا جەعفەر دڵنیا نییە لە دیداری تەمەن، کە لە ئامادەکردنی کاک سەڵاحە، ئەوا مام جەلال دووبارە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە31/05/1996 لە رانیە، هەمان شتی دووبارەکردەوە. مامۆستا جەعفەر دەتوانێت لە کوردستانی نوێی رۆژی 11/05/2018 ئەوە بخوێنێتەوە، کە یەکێتی چۆن دامەزرا؟ لەو نووسینانە نابینین ناوی کاک ئازاد بوونی هەبێت.
دیمەشق یان ئەمستردام؟
-1 نامەکەی نووسراوە کە دەڵێت: لەلایەن عادل مورادەوە بێئەوەی ئیمزای عادل مورادی لەسەر بێت، لەلایەکەوە دەڵێت دیمەشق لەلایەکی تر لەسەرەوە نووسراوە ئەمستردام. جا نازانم عادل لە ئەمستردام بووە یا دیمەشق؟ دیارە نامەکە 20/06/1975 نووسراوە. نزیکەی مانگێک دوای دامەزراندنی یەکێتی، کە لە کۆبوونەوەی بەرلین لە23/05/1975 دا مام جالال چووە بەرلین، چەند هەڤاڵی تر زیادکران نەوشیروان، د.کمال فوئاد، هۆمەر شێخموس. بوونە حەوت کەس و ناوەکانیان راگەیاندران بەبێ ناوی ئازاد، پێم سەیرە عادل موراد پاش 28 رۆژ نازانێ کێ ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرە؟ تاکو بڵێ ئازاد خۆشناویش ئەندامە. بۆ لە بیرەوەرییەکانی خۆی یا لەبیرەوەرییەکانی هەریەکێک لە دەستەی دامەزرێنەران باس ناکرێت؟
-2 مامۆستا جەعفەر دەڵێت: ئازاد بە ناوی کۆمەڵەوە هاتووەتە ناو دەستەی دامەزرێنەران. هەموو دانیشتنەکانی دەستەی دامەزرێنەرانم خوێندووەتەوە، ناوی کۆمەڵە نەهاتووە و باس نەکراوە. ئەگەر ئازاد ئەندامی دەستەکە بێت، ئەوا ژمارەکە تێکدەچێت و دەبێتە هەشت کەس، ئایا ژمارە نۆ کێیە؟ چونکە ژمارەی هەر کۆمیتەک دەبێت تاک بێت، جا بۆیە دەبێت چاوەڕێ بین ژمارە نۆ دەرکەوێت، ئەگەر بەناوی کۆمەڵە هاتبێت بە دەیان کەس ئەندامی کۆمەڵە لە دەرەوە هەبوون لەو لەپێشتر و شایستەتر و بەتواناتر، ببنە دەستەی دامەزرێنەران بە ناوی کۆمەڵە.
مەلا فوئاد شێخ موسلح پێشمەرگەیەکی خەڵکی کۆیە بوو، لە ئێرانەوە بە قاچاغ هاتە شام، شارەزاییەکی زۆری لە تەقەمەنیدا هەبوو، تەنانەت فێرکەرەکانی پێشمەرگە لە شام سەرسام بوون بە شارەزایی مەلا فوئاد ک چەندین خولی لە ناو شۆڕش لەگەڵ بیانیان فێرببوو، تەنیا سۆرانی بوو لەگەڵ شەهید جەبار رۆێشتەوە و دوایی شەهید کرا.
شیعری کەسێکی دیکەی هێنابوو؟
رۆژێک شیعرێکی عەرەبی بە هێزی هێنا بۆم و وتی ئەم شیعرەم نوسیووە چۆنە؟ وتم مەلا فوئاد تۆ نازانی بە عەرەبی باش قسە بکەیت، چۆن ئەو شیعرە هی تۆیە؟ وتی دەنگ مەکە لە گۆڤارێکم وەرگرتووە، بینیم ناو نەنووسرا بوو وتم دیارە خاوەنی نییە و کردمە هی خۆم. دیارە دەستەی دامەزرێنەرانیش وای لێهاتووە!
-3پێم سەیرە کاتێک ئەمریکییەکان بیانەوێت نامە بۆ مەلا مستافا بنێرن لە بەیروت، داوا لە کاک ئازاد بکەن بیگەیەنێت؟
لە بەیروت عەزیزی شێخ رەزا و حەمەڕەزای سەرگەڵووی لێ بوو، هەردووکیان پاسپۆرتی ئێرانییان هەبوو، پەیوەندییان لەگەڵ سەفارەتی ئەمریکی هەبوو لە لوبنان، لە تارانیش دکتۆر شەفیق قەزاز لێپرسراوی شۆڕش بووە لە ئێران و پەیوەندیی لەگەڵ سەفیری ئەمریکیدا هەبووە، ئەی بۆ نایدەنە ئەوان و بۆ دەیدەنە کاک ئازاد تا بیگەیەنێت، ئەوەش جێگەی پرسیارە، پێگەی چی بووە لە پارتیدا، کە نەدرێتە سەرکردەکانی پارتی لە بەیروت و تاران بدرێتە ئازاد؟
-4 مامۆستا جەعفەر دەڵێت: دکتۆر فوئاد لە رادیۆ گوێی لە رێککەوتننامەی جەزائیر بووە و نازانێت چی رویداوە؟
دکتۆر فوئاد لە22/12/1974 گەڕاوەتەوە کوردستان، پاش ئەوەی لە مەکتەبی سادات داواکرا کە راسپاردەیەک بگەیەنێتە بارزانی، ئێوارەی 23/12/1974 لەگەڵ: ئیدریس بارزانی، مەسعود بارزانی، حەبیب کەریم، دکتۆر مەحمود و سامی سنجاری، منیش لەگەڵ دکتۆر فوئاد رۆیشتم، دکتۆر فوئاد وتی لە ئۆفیسی کاروباری عەرەبی لە سەرۆکایەتی میسر ئەوکاتی عەبدولڕەحمان فەرید سەرۆکی ئۆفیسەکە بوو، پێیان راگەیاندم، کە عیراق و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتن لە کۆنگرەی ئۆپیک لە جەزائیر و هەردوولا رێککەوتنەکە ئیمزا دەکەن. بەڵام بەداخەوە بە هەندیان وەرنەگرت، وتیان زۆر جار قسەی واکراوە، هیچ شتی وا لە گۆڕێ نییە و زیاتر ترساندنمانە، شتێکی واش هەبیت وا ئێران پێمان دەڵێت، موستەحیلە ئێران و عیراق بگەنە یەک. مام جەلال و دکتۆر فوئاد کە هەردووکیان دەیانزانی ئەو رێککەوتنە دەبێت، بەڵام مەزندەی هەرەسیان نەکردبوو.
جا نازانم چۆن مامۆستا جەعفەر دەنووسێت نازانێت رێککەوتننامەی جەزائیر روویداوە؟. تەنانەت دوای خوداحافیزیمان لەیەکتر لە کوردستان، وتی نازانم کەی یەکتر دەبینینەوە؟ چونکە پاش رێککەوتننامەی جەزائیر رێگای ئێرانمان نامینێ، هەوڵدەدەم لە رێگای سوریاوە بێم.
دکتۆر عەبدولڕەحمان رەئیسم بینی
کە گەیشتمە بەیروت، چوومە لای دکتۆر عەبدولرەحمان رەئیس کە کاتی خۆی بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بوو، هەر لەمەوە نازناوی رەئیسی وەرگرتبوو، دۆستی نزیکی مام جەلال بوو، ئەگەر بهاتمایە بەیروت سەرم لێدەدا، باسی نەمانی شۆڕشم بۆ دەکرد، کەچی بڕوای نەدەکرد. لەو کاتەدا مام جەلال تەلەفۆنی بۆ کرد، پێیووت دکتۆرێکی کۆییم لایە دەڵێت هیچ شتێک نەماوە، ئەگەر نەمناسیبایە دەمووت پیاوی عیراقە. مام جەلال دەستبەجێ وتی دکتۆر خدرە؟ وتی بەڵێ. پێیووت تەلفونەکەی بدەیە. مام جەلال وتی ئێستا دێمە لات بۆ هیچ شوێنێک مەڕۆ، دەمەوێت بتبینم. کە هات هەموو شتم بۆ گێڕایەوە، هێشتا قەناعەتی نەبوو هیچ شتێک نەماوە، وتی دکتۆر فوئادیش لێرەیە و دوێنی شەو پێکەوە بووین، ئەویش ئامادەیە دەست بە شۆرش بکەینەوە. تەنیا کەس بوو وەک سەرکردە گوێم لێبێت ئامادەبێ بۆ بەردەوامبوونی شۆڕش و ئامادەبوونی بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستان، تەنانەت دیداری لەگەڵ چەند رۆژنامەیەکی لوبنانی کردبوو وتبووی: شۆڕشی کورد هەر بەردەوام دەبێت. وتی: ئەمڕۆ هێرۆم ناردۆتە ئێران بۆ زانینی بارودۆخ، ئەگەر گونجا وا دەگەڕێمەوە. منیش وتم: ئامادەم لەگەڵت بگەڕێمەوە، بەڵام چاوەڕوان مەبە کەس لە شاخ مابێت، وا دەڕۆمە قاهیرە و بە نیازم لەوێوە بچمە لەندەن بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا، هەر کاتێک ویستتان من ئامادەم بگەڕێمەوە(ئەو نووسینەم لە 2001 وتووە لە تەلەفزیۆنی خاک، دکتۆر شیرکۆ عەبدولا چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکردم و مام جەلالیش تەندروستی زۆر باش بوو و گوێی لە هەموو قسەکانم ببوو).
جا نازانم مامۆستا جەعفەر بۆ ئەو نووسینەی نوسیووە، کە خۆی چاک دەزانێ راستی تێدا نییە؟ دەبێت چ مەبەستێکی هەبێت؟!
مام جەلال لە نامەیەکیدا بۆ دکتۆر فوئاد دەڵێت: من و کاکە نەوە لە چالاکی و ژیریی و هەڵوێستی هۆشیارانەی تۆ زۆر رازی و مەمنوونین.
ئەمەش دەزانین کە زۆربەی نووسینەکان هی تۆن. بەراستی زۆر دڵمان بە هەڤاڵێتی و هاو مەسئولیەت لەگەڵ تۆدا خۆشە. بێ مبالەغە من لە خەتی گشتییەکەی خۆماندا تۆ راستەوخۆ لە پەنا خۆمەوە دەبینم وە لەرێچکەشدا لە پاش خۆم، یەکسەر تۆ دەبینم.
دکتۆر فوئاد مەعسوم هەر لەسەرەتاوە هاوەڵی مام جەلال بوو