پەری نوری، لە ناو خۆڵ و تۆزی بیابانەکاندا، سۆراغی گۆڕ و ناسنامەی قوربانییان دەکات

گۆڕە بەكۆمەڵەكان وەک بەڵگەی جینۆسایدی كورد

10:52 - 2024-04-17
دووتوێ
63 جار خوێندراوەتەوە
#هاوینی گەرمی بیابانەکانی باشوور نەبۆتە رێگر لەبەردەم تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا

سازدانی: ماردین عەبدولکەریم

*ئێمە دەزانین خاتو پەری یەکێکە لە ژنە کۆڵنەدەر و تێکۆشەرەکان، بەڵام پێمان خۆشە لە زمانی خۆتانەوە بیبیستین کە خاتو پەری کێیە؟ 
- ناوم (پەروین محەمەد نوری عەزیز)ە ناسراو بە (پەری نوری) لەدایکبووی 18ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1958 لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی، بڕوانامەی بەکالۆریۆسم بەدەست هێناوە لە زانکۆی سلێمانی کۆلێژی کارگێری کار ساڵی (1980 - 1981) ساڵی 2009 دوو خولی ماستەرم لە هەمان بواردا خوێند، بەڵام بەهۆی سەرقاڵییەوە نەمتوانی بەردەوام بم و تەواوی بکەم.
لە خێزانێکی کورد پەروەر بووم و باوکم سێ جار لەسەر کوردایەتی و هاوکاری کردنی پێشمەرگە زیندانی کراوە لەلایەن رژێمی بەعسەوە، هەموومان پەروەردەی دەستی ئەو باوکە بووین. ساڵی 1978 دەستم کردووە بە کاری رێکخراوەیی و پەیوەندیم کردووە بە رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە و لەو کاتەوە هەرگیز کەمتەرخەمیم لە کاری حزبیدا نەکردووە. 
سەرەتای دامەزراندن
*دەستپێکی یەکەمین کارت چی بوو چۆن بوو؟
- دەستپێکی یەکەم کارم وەک فەرمانبەر، دامەزراندن بە شێوەی مەرکەزی بوو، دوای تەواو کردنی زانکۆ رۆژی 23 تشرینی دووەمی 1981 دامەزرام، دوای ئەوەی ناومان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی عیراق دەرچوو، لە بانکی خانوبەرە کە ئەو کاتە سەر بە وەزارەتی ناوبراو بوو دەستبەکار بووم، سەرەتا وەک گەنجێک هەستێکی خۆش بوو لەبەر ئەوەی راستەوخۆ دوای تەواو کردنی زانکۆ دامەزراین، لەوەش خۆشتر ئەوە بوو فەرمانگەکەم لەلایەن کەسایەتییەکەوە ئیدارە دەکرا کە بەعسی نەبوو، ئەو فەرمانبەرانەی پێش من لەو فەرمانگەیە کاریان دەکرد زۆربەیان کەسوکاری پێشمەرگە بوون، بێترس قسەمان بۆ یەک دەکرد، ئاگاداری یەکتر بووین وەک خێزانێک وابووین. 

 

لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە خەمی كەس و كاری ئەنفال و دۆزینەوە روفاتی ئەنفالكراوان خەمی گەورەی نیشتمانە، خەمێكە بە درێژایی سەدان ساڵی دیكەش لە زەینی كورددا دەمێنێتەوە

 

تۆماری کۆمپانیاکان
*لە وەزارەتەکانی دارایی و شەهیدان و بازرگانی و پیشەسازی بەڕێوبەری گشتی بوون ئەم پسپۆڕییە جیاوازانە بۆ؟
- بەندە تایبەتمەندیم کارگێڕی کار بوو، سەرەتای دەستبەکاربوونم لە حکومەتی ئیدارەی سلێمانیدا 20 تشرینی دووەمی 2000 وەک بەڕێوبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و وزە بوو، ئەم کارە لە تایبەتمەندی خۆم نزیک بوو توانیم زۆر بە سەرکەوتوویی کارەکانم ئەنجام بدەم دوای ئەوەی ئیدارەی سلێمانی و هەولێر تێکەڵ کرایەوە، بەندە کاندیدی مامی گەورە و رابەرمان مام جەلال بووم، رۆحی شاد بێت، بۆ بریکاری وەزیری بازرگانی بەڵام لە کابینەی پێنجدا بریکار بۆ وەزارەتەکان دانەنرا بۆیە لە لایەن عومەر فەتاح جێگری سەرۆکی حکومەتەوە کرام بە بەڕێوبەری گشتیی پیشەسازی لە وەزارەتی پیشەسازی کابینەی پێنجەم بەڵام بەندە زۆر بە داوای لێبوردنەوە بۆم روون کردنەوە راستە پێشتر لە وەزارەتی پیشەسازی بووم و شارەزاییەکی باشم هەبوو لە ئیشی کارگەکان بەڵام من لە کاری هونەری و میکانیکیدا تایبەتمەند نیم، بۆیە فەرمانیان بۆ دەرکردم کار بکەم وەک بەڕێوبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی کابینەی پێنجەم، بە داخەوە ئەو فەرمانگەیە دوور بوو لە هەموو بنەمایەکی یاسایی، دۆسێی دامەزراندنی کۆمپانیاکان پڕ بوو لە کەموکووڕی، دۆسێ هەبوو تەنیا ناوی کۆمپانیاکەی تیا بوو، واتە ئەرکێکی زۆر قورس کەوتە ئەستۆم.
هەڵوێستی یاسایی
لەو کارە نوێیەدا لەبەر ئەوەی لە سەرەتاوە لیژنەم پێکهێنا بۆ وردبینی کردنی سەرجەم دۆسێکان و پێداچوونەوە بە بەراییەکان و تەواو کردنی کەموکووڕییەکان و پێدانی رۆڵی تەواو بە پارێزەر و ژمێریاری و کارگێری لە کۆمپانیاکاندا و بوونی ناونیشانی تەواو بۆ شوێنی کۆمپانیاکە، ئەمانە ناڕەزایی کۆمپانیاکانی لێکەوتەوە و سکاڵایان بەرز کردەوە کە گوایە ژنێکی یەکێتی هاتووە و خۆی یاسا دادەنێت و کێشە بۆ ئیش و کاریان دروست دەکات، لە کاتێکدا پێش دەستبەکاربوونی بەندە یاسا هەبووە و کاری پێنەکراوە، خۆشبەختانە محمد رؤوف وەزیری بازرگانی ئەو کات کە ئەندامی یەکگرتووی ئیسلامی بوو، کەسایەتییەکی بەویژدان بوو بە هیچ شێوەیەک دەستی وەرنەدەدایە کارەکانم و هەمیشە دەستخۆشی لە هەڵوێستەکانم دەکرد، وایلێهات نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پرسیاری لە بەڕێزیان کردبوو ئەو ژنە پۆڵاینە کێیە وا کێشە بۆ کۆمپانیاکان دروست دەکات و سکاڵای لێدەکەن، وەزیری بازرگانی لە وەڵامدا ئاماژەی بە هەڵوێستی یاسایی من و بە یاساییکردنی کاری دامەزراندنی کۆمپانیاکان کردبوو، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش دەستخۆشی لێ کردبووم. لەم کارەم بەردەوام بووم و کارەکەم تایبەتمەندی خۆم بوو لەبەر ئەوەی لە کۆلێژ یاسای کۆمپانیاکانم خوێندبوو بۆیە توانیم زۆر سەرکەوتوو بم تا کابینەی شەشەم، کە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی یەکخرا دووبارە لە بەڕێوبەرایەتی گشتی تۆماری کۆمپانیاکان بەردەوام بووم بەڵام وەزیر گۆڕدرا و بەداخەوە دەستوەردان لە ئیش و کارەکانمان دەستی پێکرد.
 کۆمپانیا بیانییەکان
هەموو کۆمپانیا بیانییەکان کە وردبینی بەراییەکانیان بۆ دەکرا دەبوو هەر کۆمپانیایەک هەموو بەراییەکانی تەواو بوایە ئەو کات تۆمارمان دەکرد، بەڵام لە کابینەی شەشەمدا کۆمەڵێک کۆمپانیای بیانی هێنرانە کوردستان، کە لە وڵاتی خۆیان مایەپوچ بوون، منیش رازی نەبووم بە تۆمارکردنیان ئەمەش بووە هۆی ئەوەی جەنابی وەزیر لای د. بەرهەم صالح کە ئەو کات سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو  سکاڵای لێ کردم و فەرمانگەکەی پەرتەوازە کرد و چەندین لقی کردەوە، کە پێچەوانەی یاسایە، لەبەر ئەوەی لە هەموو عیراق یەک فەرمانگەی تۆماری کۆمپانیاکان هەیە. 
لە ئەنجامدا سەرۆک وەزیران بانگی کردم بۆ ئەنجومەنی وەزیران، ئاگاداری کردم کە وەزیرمان بە بەڕێزیانی راگەیاندووە (یان من یان پەری) بۆیە فەرمانیان ئەوە بوو کە راژەکەم بگوازنەوە بۆ وەزارەتێکی تر، من داوام کرد خانەنشینم بکەن وتی: مەکتەب سیاسی (ی.ن.ک) قبووڵ ناکات، چونکە ژنێکی بە توانا و ئیشزان و ئیداری و دڵسۆز و دەستپاکیت، داوام لێکرد دەستلەکار کێشانەوەم قبووڵ بکەن، بە هیچ شێوەیەک قبووڵی نەکرد و وتی: شوێنێک بدۆزەرەوە گواستنەوەی راژەت بۆ بکەین. من بێ بیرکردنەوە وتم وەزارەتی شەهیدان. وتی: بەڕێوبەرایەتی گشتی لێ نییە. وتم بە (معەوەم) بمنێرن لە کاتێکدا هیچ لە ئیشی ئەو وەزارەتەم نەدەزانی. 
هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە شێوەیەکی زانستی
سەرەتای مانگی شەشی ساڵی 2010 راژەکەم گوێزرایەوە بۆ وەزارەتی شەهیدان لەگەڵ دەستبەکار بوونم د. مجید حمدامین وەزیری شەهیدان بوو، رایسپاردم دۆسێی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بگرمە ئەستۆ کە دۆسێیەکی زۆر قورسە، بەڵام کارکردن لەسەر ئەم دۆسێیە زۆر پیرۆزە کاتێک تێکەڵاوی ئەم کارە پیرۆزە بووم هەستم کرد پرسێکی زۆر نەتەوایەتییە، پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ لایەنی عیراقی دروستکرد، پەیوەندییەکەش لە چوارچێوەی تیمی نیشتیمانیی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا بوو. 
تێکەڵاوی پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بووم، بە جۆرێک هیچ کارێکیان ئەنجام نەدەدا ئەگەر بەندە هاوبەش نەبوومایە، لە بیابانەکانی (مەهاری حەیدەریە و بوسەیە و نوگرەسەلمان و تەل ئەلشەیخیە و حەمرین و شەنگال و کۆباشی و گوڵاڵە و خانەقین و هەڵەبجە و کارگەی قیری هەولێر و خەلەکان) بەشداریم کردووە لە کاری هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە شێوەیەکی یاسایی و زانستی و بە پێی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2006ی هەموارکراوی ژمارە 13 ی ساڵی 1015 و هێنانەوەی روفاتەکان و کەل و پەل و جل و بەرگەکانیان و مەراسیمی بە خاک سپاردنیان، زۆر سەرکەوتوانە تا رۆژی هەشتی ئاداری 2018 لەو کارەدا بەردەوام بووم و لەو رۆژەدا و لە مەراسیمی یادی رۆژی جیهانی ژناندا، کە بە چاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بەڕێوەچوو، دوای تەواو بوونی مەراسیمەکە جێگری سەرۆکی حکومەت رایسپاردم بچمە وەزارەتی دارایی وەک بەڕێوبەری گشتی بودجە. 

 

ئەو فەرمانبەرانەی پێش من لەو فەرمانگەیە کاریان دەکرد زۆربەیان کەسوکاری پێشمەرگە بوون، بێترس قسەمان بۆ یەک دەکرد، ئاگاداری یەکتر بووین وەک خێزانێک

 

پڕۆژەیاسای بودجە
ئەم بوارە تایبەتمەندی خۆم بوو، توانیم بەشدار بم لە رێکخستنەوەی ئەو فەرمانگەیە و ساڵانە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەمان ئامادە دەکرد، بۆ ساڵی 2021 زانستیانەترین رەشنووسی بودجەمان ئامادە کرد و زۆر پێوەی ماندوو بووین بە جۆرێک یەکەم جار بوو لە مێژووی وەزارەتی داراییدا رەشنووسێکی بودجەی لەو شێوەیە ئامادە بکرێت و ناوەڕۆکەکەی هەموو خەرجییەکان و قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و بەڵێندەران و پابەندییەکانی نێوان عیراق و هەرێم لە خۆ بگرێت، پڕۆژەکە رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرا و گفتوگۆی لەسەر کرا، بەڵام رەوانەی پەرلەمان نەکرا. زۆر بە سەرکەوتویی کارەکانی خۆم جێبەجێ کرد و بەشداری دەیان سەردانی لیژنەی گفتوگۆی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەمان لە بەغدا کرد، تا رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی 2022 خانەنشین بووم و بە سەربەرزی ماڵئاواییم لە ژیانی بەرپرسیارێتی حکومی کرد.
هەستکردن بە بەرپرسیارێتی
*لە بنەڕەتدا پسپۆڕیتان کارگێریی کارە، بەڵام ئێستا سەرقاڵی دۆسێی گۆڕە بەکۆمەڵەکانن ئەمە چۆن بوو؟
- بەهۆی ئەو ئەزموونەی کە پێشتر ئاماژەم پێ دا لە وەزارەتی شەهیدان و تیمی نیشتیمانی بۆ هەندێک پرس پەیوەندیان پێوە دەکردم، جگە لەوەش خانمی یەکەمی عیراق رایسپاردم کە هاوکاریان بم بۆ خزمەتی ئەم پرسە نەتەوایەتییە، بۆیە بەندەش زۆر بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەگەڵ ئەوەی کە باری تەندروستیم زۆر نالەبار بوو فرمانەکانم جێبەجێ کرد و خۆم بە پێشمەرگە و خزمەتکاری ئەم پرسە پیرۆزە دەزانم.
قوربانییەکان زۆربەیان ژن و منداڵ بوون
*تا چەند رازین لە کارەکەتان لە هێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوانی کورددا؟
- هەرگیز خۆم بە کەمتەرخەم نازانم لە پڕۆسەی هێنانەوەی روفاتەکان و بە خاک سپاردنەوەیان، کە لەسەر داوای کەسوکاری ئەنفالکراوان بووە و بە ئیمزای خۆیان بوو .
*لەم دواییانەدا روفاتی 172 رۆڵەی ئەنفالکراوتان هێنایەوە و بەخاک سپێردران، ئەمە چەندەمین هەڵمەتی هێنانەوەی روفاتی رۆڵەی کوردە؟ ئایا هێشتا گۆڕی بە کۆمەڵی تر ماوە هەڵبدرێتەوە؟
- هێنانەوەی روفاتی پیرۆزی ئەو قوربانیانە کارێکی ئاسان نەبوو، لەبەر ئەوەی زیاتر لە چوار ساڵ بوو لە پزیشکی دادی بەخدا دانرابوون و هیچ کاری لەسەر نەدەکرا، بەڵام بە هەوڵی خانمی یەکەمی عیراق ئەم دۆسێ نەتەوایەتییە بڕیاری لەسەر دراو ئەوە بوو روفاتی پیرۆزی 172 قوربانی پڕۆسەی ئەنفال کە %60 بۆ %70 ی منداڵ بوون و ئەوانەی تر ژن بوون هێنرایەوە، بەردەوامیش دەبین لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی دیکە، کە ئێستا ژمارەیان 9 بۆ 10 گۆڕی بە کۆمەڵە لە (تەل ئەلشەیخیەی بیابانی سەماوە).
لە رێی مانگە دەسکردەکانەوە
بەڕێوبەرایەتی گۆڕە بە کۆمەڵەکانیش ئاگاداری کردوین لە بەدواداچونی بیابانەکان لە رێی مانگە دەسکردەکانەوە گەڕان بەردەوام دەبێت بۆ ئەو مەسەلەیە. پێشتریش چەندین هەڵمەتی تر هەبووە و بەندە کارم لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕەکان و هێنانەوەی روفاتەکان کردووە یەکێک لە گەورەترین هەڵمەتەکان هێنانەوەی روفاتی ئەوانەی بیابانی (مەهاری) بوو کە ژمارەیان 730 روفات بوو، لە گۆڕستانی چەمچەماڵ بە خاک سپێردران، دوو هەڵمەتی دیکەش هێنانەوەی روفاتەکانی دۆڵی حەمرین و بیابانی نوگرە سەلمان بوو، کە لە گۆڕستانی دێبنە لە رزگاری بە خاک سپێردران و روفاتی کۆمەڵێک شەهیدی (ی.ن.ک)یش لە گۆڕێکی گۆڕستانی کارگەی قیر لە هەولێر دۆزرایەوە کە دواتر لە گۆڕی شایستەدا و مەراسیمی شایستە بە گەورەیی شەهیدەکان لە هەمان شوێن بەخاک سپێردران. 
روفاتی پۆلێک شەهیدی دیکەی قارەمان لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لەسەر لوتکەی شاخێک لە خەلەکان دۆزرایەوە و دواتر لە مەراسیمێکی شایستەدا و لە گۆڕی شیاودا بە خاک سپێردران. هەروەها روفاتی پۆلێک شەهیدی شەڕی بەرەنگاربوونەوە دژی رێکخراوی تیرۆرستی داعش کە لە گۆڕی بە کۆمەڵی (سەربازگەی کوبرا و تەل ئەلسلیمە و گوڵاڵە گەڕێندرانەوە و لە مەراسیمی شایستەدا و دوای ناسینەوەیان رادەستی کەسوکاریان کرانەوە لە سلێمانی و بەڕێ کران بەرەو زێدی باب و باپیرانیان ، ئەوانە ئەو هەڵمەتانە بوون کە بەندە بەشداریم کردوە .

 

 

ئازاری دیمەنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، مەگەر تەنیا هونەرمەندان و نووسەران و شاعیرای بتوانن دەریبڕن، چونكە ئەو دیمەنانە كارەساتێكی مرۆیی ئەوەندە گەورە دەگێڕنەوە كە دوورە لە هەموو بنەما مرۆڤایەتییەكانەوە

 

 

ئێسک و پروسکی تازەبووک
*دەتوانی باسی دیمەنی تراژیدی ئەو کەسانە بکەیت، کە لە کاتی دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا بینیوتە؟
- ئەم پرسیارە وەڵام دانەوەی زۆر قورسە، لەبەر ئەوەی دیمەنەکان ناخ هەژێن و جەرگبڕن، دوورە لە هەموو بنەماکانی مرۆڤایەتی و یاساکانی مافی مرۆڤ، تەنیا دەتوانم باس لەوە بکەم و بڵێم ئازاری ئەو دیمەنانە کاریگەری دەروونی زۆر قورسی هەبوو لەسەرم پڕقینی کردم بەرامبەر دوژمنانی کورد . باسکردنی نەک پیشاندانی دەتوانم بڵێم لەوانەیە بۆ رێزگرتن لە سۆزی کەسوکاریان ئەبێ سانسۆری لەسەر بێت، بەندە وەک دایکێک ئەبێت چۆن ئاگرێک لە ناخیدا بێت کە ئێسک و پروسکی دایکێک ببینم تێکەڵاوی ئێسک و پروسکی منداڵە یەک ساڵەکەی و کۆرپە لەدایکنەبووەکەی بووبێت، یان تازە بوکێک ئەو زێرە نەختینەیەی کە بۆی کراوە لە گیرفانیدا هەڵگرتبێت بۆ ئەوەی بیپارێزێ لە ونبوون، ئەمانە هونەرمەندان و نووسەران و شاعیرانی پڕ هەستی هونەری دەتوانن دەریبڕن دەنا خۆم دەتوانم تەنیا لە ناخی خۆمدا ئازاری قوربانییەکان بەرجەستە بکەم کاتێ بەرەو گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان بردوون، هەر یەک بە شێوەیەک کۆمەڵ کوژ کراون یان بە دەستڕێژی گولـلەی کوێرانە کە دایکەکان خۆیان کردووە بە قەڵغان بۆ مناڵەکانیان وایان زانیوە دەتوانن بەوە بیان پارێزن، یان زیندە بە چاڵ کراون و خۆڵیان کراوە بەسەردا یان لەژێر ئەشکەنجەدا چەندانیان گیانیان لەدەستداوە و بە کۆمەڵ نزیک زیندانەکە بەخاک سپێردراون یان بە دەرمانی مێروو کوژ شەهید کراون. ئەوجار منێکی دایک هەموو پرۆسەیەکی هەڵدانەوە سەدان تراژیدیای ناخ هەژێنم بۆ دروست بووە، ئێستا وام لێهاتووە بە دەرمانی هێور کەرەوەش ناتوانم بە ئارامی بنووم.
ئاستەنگەکان
*لە پڕۆسەی ئازادییەوە تا ئێستا کە دەکاتە 21 ساڵ، ئەو ئاستەنگانە چین کە رێگربوون لەبەردەم تەواوکردنی دۆسێی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا؟
- لە دوای پڕۆسەی ئازادیییەوە زۆر ئاستەنگ هەبووە بۆ ئەم پڕۆسەیە، لەوانە دووری گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان، کە زۆریان لە ناوەراست و خوارووی عیراق بە سەدان کیلۆمەتر دوورن و لە قووڵایی بیاباندان، ئاستەنگێکی دیکە ئەوەیە کاتێک شایەتحاڵەکان دەبەین شوێنەکانیان بۆ نادۆزرێتەوە چونکە بیابانەکان لمین و رەشەبا دەتوانێت تەپۆڵکە و نیشانەکان جێگۆڕکێ پێ بکات یاخود رێڕەوی باران بارین شێوەی شوێنەکانی تێک داوەو و دۆزینەوەی زۆر زەحمەتە، جگە لەوەی شەڕی داعش لە هەندێ لەو سنوورانەی کە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی لێیە و ماوەیەک قەیرانی دارایی و دواتر پەتای کۆرۆنا و یان نالەباریی بارودۆخی سیاسی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەمانە هەموویان گرفتن. 
جگە لەوانەش ماوەیەکی زۆر بەسەر پڕۆسەی ئەنفالدا تێپەریوە کە زیاد لە 36 ساڵە و زۆر لە شایەت حاڵەکان لە ژیاندا نەماون. بەڵام ئێستا تیمی نیشتیمانیی کەمتر پشت بە شایەتحال دەبەستن و لە رێگەی رووپێوی مانگی دەستکردەوە گەڕان و بەدواداچوون دەکەن. وەزارەتی تایبەتمەندیش کە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمە ئێستا کەمتەرخەمن بۆ ئەم پرسە.
وەک خێزانێک کاردەکەین
*لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی فیدراڵی، تا چەند لەم کارەدا هاوکارن، یان رێگرن؟
- سەبارەت بە تیمی نیشتیمانیی کە پێکهاتووە لە پزیشکی دادی بەغدا و تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدی عیراقی بە هاوکاری رێکخراوی (ICMP) نێودەوڵەتی و ئێستا بە هەماهەنگی نوسینگەی بەڕێز خانمی یەکەمی عیراق خاتوو (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) هیچ جۆرە رێگرییەک و کەموکووڕییەک نییە، بەڵکو وەک خێزانێک کاردەکەین بە تایبەت لەم هەڵمەتەی دواجاردا و خانمی یەکەمی عیراق لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ تیمەکە بە کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن و سیمینار، بۆیە تیمی نیشتیمانیی ئەم گرنگیدانەی بەڕێزیان بە هەند وەردەگرن و زیاتر هاوکارمانن. تەنها رێگر بۆ دواخستنی کارەکان تەرخانکردنی بودجەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە بۆیە خانمی یەکەمی عیراق سەرجەم پڕۆسەی هێنانەوە و مەراسیمی بەخاک سپاردنەوە و رێکخستنی گۆڕستانی ئەنفالی لە چەمچەماڵ لە ئەستۆ گرت، جگە لە هاوکاری تەواوی تیمی وەرگرتنی سامپڵی خوێن و زانیاری لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال. 
وەرگرتنی زانیاری و سامپڵی خوێن
*دوای ئەم هەموو نەهامەتییە بە بەرچاوی جیهانەوە بۆ کورد نەیتوانیوە لانی کەم لەسەر ئاستی عیراق یان ئەنجومەنی نوێنەران ئەم پرسە بکاتە پرسێکی گەورە و قەرەبووی زیانلێکەوتوان بکاتەوە، هۆکاری چییە؟
- ئەم پرسە زۆر گەورەیە، بەڵام ئێمەی کورد نەمانتوانیوە وەک کارتێکی فشار بەکاری بێنین، بەهۆی ئەوەی یەکگرتوو نین و یەک دەنگ و یەک رەنگ نین، نەمانتوانیوە هێندەی گەورەیی تاوانەکە بەرامبەرەکەمان واتە حکومەتی فیدراڵی عیراق و جهانیش تێبگەیەنین لە گەورەیی پرسەکە. کاتی هەڵمەتی وەرگرتنی زانیاری و سامپڵی خوێن کە بۆ یەکەم جار ئەنجامدرا تیمەکە زۆر خەمبار بوون بەوەی کە کەسی پێدەری خوێن و زانیاری، 10 فۆرمی بێسەروشوێنی پڕ دەکردەوە، واتە فۆرمی 10 کەسی ئەنفالکراوی پلە یەکی پڕ دەکردەوە، زۆر سەیر بوو بەلایانەوە دەستیان قەڵەمی نەدەگرت و پێیان دەوتین قەبارەی تاوانەکە زۆر گەورەیە، بە جۆرێک بەپێی ستانداردە جیهانییەکان دەبێت ژمارەی ئەوانەی زانیاری و سامپڵی خوێن دەدەن سێ هێندەی ئەوانە بن کە بێ سەروشوێن کراون، بەڵام لە پڕۆسەی ئەنفال بە پێچەوانەوەیە واتە ژمارەی بێ سەروشوێن بوان سێ ئەوەندەی ئەوانەن کە لە ژیاندا ماون لە خێزانەکاندا، بەڵام بە داخەوە نە لە قۆناغەکانی خوێندن گرنگییەکی وا دراوە بەم پرسە کە قۆناغ بە قۆناغ باسی جینۆسایدی کورد بکرێت، نە نوێنەرانمان کردوویانە بە داوایەک کە لە وەزارەتی پەروەردەی عیراقی فیدراڵ بکرێت بە بەرنامەی خوێندن بە بەڵگەنامەکانەوە تاوەکو لە نزیکەوە بەرجەستەی تاوانەکە بکرێت لەلایەن نەوەکانی دواڕۆژ و داوا لە حکومەتی فیدراڵی بکرێت ئەم پرسە هاوشێوەی تاوانەکانی تر کە بە جینۆساید ناسێنراون کەسوکاریان قەرەبوو بکرێنەوە.

 

 


ئێمەی کورد لەبەر ئەوەی یەک دەنگ و یەک رەنگ نین نەمانتوانیوە هێندەی گەورەیی تاوانەکە بەرامبەرەکەمان واتە حکومەتی فیدراڵی عیراق و جهانیش تێبگەیەنین پرسەکە وەک کارتێکی فشار بەکار بهێنین

 

 

زۆنی سەوز پشکی شێری بەرکەوتووە
*ئەگەر حکومەتی ناوەند لەو بارەیەوە کەمتەرخەم بووە، هۆکاری چیە کە حکومەتی هەرێمیش کەمتەرخەم بووە بەرامبەر گەرمیان و هەڵەبجە کە دوو ناوچەن زۆرترین قوربانییان بۆ کورد داوە؟
- بەداخەوە هەتا ئێستاش بە چاوی دوو ئیدارەیی سەیری زۆنی سەوز دەکرێت، کە پشکی شێری لە ئەنفال و کیمیاباران بەرکەوتووە. لەو کاتەی کە پڕۆژەکانی ئەم سنوورە دەیان ساڵە بە تەواونەکراوی ماوەتەوە لە سنوورەکانی زۆنی زەرد پڕۆژەی تازە رادەگەیەندرێت و بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت لە کاتێکدا پڕۆژە کۆنەکانی سنووری زۆنی سەوز لەبەر راگرتنی خەرجکردنی بودجە راگیراوە و دواکەوتووە زیندووترین نموونە رێگەی دووسایدی کەلار سلێمانییە کە بە رێگەی مەرگ ناسراوە .
کاریگەرییە دەروونییەکان
*هەندێ جار باس لە کەمتوانایی ژنان دەکرێت، بەڕێزتان چۆن باسی دوو ژن دەکەن ، کاتێک پێکەوە چوونەتە ژێر باری ئەم ئەرکە قورسە؟
- بە راستی نە خانمی یەکەمی عیراق و نە منیش داماڵراو نین لە سۆز و میهرەبانی و خۆشەویستی کە لە سیما جوانەکانی ژنن، بەڵام گرنگی پرسەکە و سۆز و میهرەبانیمان بۆ ئازاری کەسوکارەکانیان و مەزلومیەتی قوربانییەکان هێز و توانایەکی رادەبەدەری پێ بەخشیوین کە زاڵ بین بەسەر ئاستەنگەکاندا. هەندێک جار لە کاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ناخم کوڵاوە و پڕ ئازار بووم بەڵام بە زۆر خۆم کۆنترۆڵ کردووە بۆ بەردەوامبوونی ئیش و کارەکان و نەمهێشتووە تیمەکە بە منەوە سەرقاڵ بێت و ئیشەکە راگرن. هەندێک جار بەهۆی خراپی باری دەروونیمەوە لە کاتی ئیشەکاندا لە بیابان بە هەفتە تەنیا چایەک و پارچەیەک نانی وشکم خواردووە بەڵام خۆم کۆنترۆڵ کردووە و بەردەوام بووم.
رۆڵی یەکێتی
*تا چەند رۆڵی (ی.ن.ک) لەم کارەدا بەرز دەنرخێنن ؟
- یەکێتی بوونمان نەگۆڕە و هەمیشە پێشمەرگەی دڵسۆزی یەکێتییەکەمانین بە دڵنیاییەوە یەکێتی بە ئەرکی خۆی دەزانێت ئەم کارە سەختە بەرز بنرخێنین و رۆڵی هێزەکانی حەفتا و هەڤاڵانی ئاسایش و کۆماندۆ و دژە تیرۆر و هەموو هێزە سەربازییەکان بەرز دەنرخێنین کە هاوکارمان بوون لە پارێزگاری لە ئارامی و باش بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکە و مەراسیمەکان بە دڵنیاییەوە ئەوانەی ناومان هێناون هێزەکانی ئەم سنوورەن کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەڕێوەیان دەبات.

پەروین محەمەد نوری

دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەک

خاتوو پەروین و تیمی تایبەت بە دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان

                                                                                                 پەروین محەمەد نوری                                                                                                        قوباد تاڵەبانی

 

لە کاتی کنە و پشکنینی گۆرێکی بەکۆمەڵدا لە بیابانەکانی باشوور

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان