سه‌باح عه‌لی جاف- گەرمیان*
له گه‌رمیان له سه‌رده‌می راپه‌رینی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستاندا ساڵی (1991) دوو بڵاوكراوه‌ی حزبی له ئان و ساتی راپه‌ڕیندا بڵاوكراونه‌ته‌وه، ده‌ركردنی ئه‌و دوو بڵاوكراوه‌یه له‌و سه‌رده‌مه پڕ له‌ئاریشه سیاسی و ئه‌منییه‌دا به تایبه‌تی گرنگی خۆی بۆ بواری رۆژنامه‌گه‌ریی كوردستان و ده‌ڤه‌ره‌كه هه‌یه، لێره‌دا و له‌یادی (126) ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییدا هه‌ندێك زانیاری له‌سه‌رییان ده‌خه‌ینه‌ڕوو، به‌هیواین له داهاتوودا زانیاری زیاتریان له‌سه‌ر ده‌ستبخه‌ین و بۆ خوێنه‌رانی بخرێنه‌ڕوو، یاخود كاری زیاتر له بواری ئه‌رشیف و لێكۆڵینه‌وه‌دا له‌سه‌ریان بكرێت، ئه‌و دوو بڵاوكراوه‌یه‌ش بریتین له (میلكان و په‌یامی ئازادی)، له‌پاش ئه‌و دوو بڵاوكراوه‌یه‌ش ژماره‌یه‌ك رۆژنامه و گۆڤاری تر له سنووری گه‌رمیان چاپ و بڵاو كراونه‌ته‌وه، به تایبه‌تی گۆڤاری (گۆڤار).
میلکان
میلکان: بڵاوکراوەیەکی سیاسی ئەدەبییە - لقی خانەقینی پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان بەھەر دوو زمانی کوردی وعەرەبی دەريكردووه، ژمارە سێی ئەو بڵاوکراوەیە بەردەستە لە(1)ی تەمموزی (1991)دا دەرچووە.
لەو ژمارەيیه‌ی میلکاندا ناوی کەسی وەک ستاف لەسەر نییە، بەڵام بە قەبارەی بچووک بە دوانزە لاپەڕەی رەش و سپی بڵاو کراوەتەوە، ھەر چەندە ئەو بڵاوکراوەیە لەلایەن لقی خانەقینی ئەو پارتەوە چاپبووه، بەڵام زۆرتر لە کەلار ئيشوکارەکانی راپه‌ڕێنراوه، چونکە خانه‌قین لە ده‌می راپەڕیندا بۆ ماوەیەکی کەم ئازاد بوو زۆرێک لە ئیشوکارەکانی ئەو شارە لە کەلار رایی کراوه بە تایبەتی کارە حزبییەکان، ئەو بڵاوکراوەیە بە یەکەم بڵاوکراوەی کەلار و گەرمیان دادەنرێت لە پاش راپەڕین لە سنوورەکە دەرچووە، واتا پێش ئەو مێژووه، ئێمە بڵاوکراوەی ترمان بەرچاو ناکەوێت، گەر ئەو بڵاوکراوەیە مانگی جارێکیش دەرچووبێت ئەوا ژمارە یەکی لەمانگی ئایاردا دەرچووە.
میلکان بابەتەکانی بەھەر دوو زمانی عەرەبی و کوردی بڵاوکراوەتەوە، زۆرتر بابەتەکانی ژمارە سێ بەزمانی عەرەبی بووە، مانشێتی ئەو ژمارەیە بریتییە لە: «الحکم الذاتی ھو اقل مما یطالب بە شعب کردستان».
پەیامی ئازادی
پەیامی ئازادی: ئۆرگانی ناوەندی لقی دیالەی حزبی سۆسیالیستی کوردستان - عیراقە، ژمارە (2)ی لە(تشرینی یەکەمی 1991)دا بڵاوکراوەتەوە، ژمارە دووی بەردەستە بەھەشت لاپەڕەی قەبارە بچووک بە رەش و سپی و بە زمانی کوردی دەرچووە.
لە پەڕەی یەکەمی ژمارە دوودا، ژماره‌یه‌ك بابەت بەرچاو دەکەون لەوانە: سەروتار لەلایەن شێروان شێروەندی-یەوە نووسراوە، ھەروەھا وێنەیەکی سەیدا ساڵح یوسفی بەدی دەکرێت، لە ژێر وێنەکەدا نوسراوە «دامەزرێنەری حزبی سوسیالیستی کوردستان - عیراق، شەھیدی نەمر سەیدا ساڵح یوسفی».
پەیامی ئازادی بەھەمان شێوەی میلکان بە بڵاوکراوە یەکەمینەکانی سنووری گەرمیان دادەنرێت، بە ناوی دیالە و خانەقینەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام وەک وتمان بەھۆی گرتنەوەی خانەقین لەلایەن رژێمی بەعسەوە، کارەکانی ئەو شارە لە کەلار بووە، هەر بۆیە ئەو بڵاوکراوەیە بە دووەمین بڵاوکراوەی پاش راپەڕین لەگەرمیان و کەلار دادەنرێت.
*مامۆستای مێژوو - زانکۆی گەرمیان