كاریكاتێر Caricature

كۆڵەكەیەكی شوێن بزر لە میدیای كوردیدا

01:54 - 2024-04-22
دووتوێ
51 جار خوێندراوەتەوە

كاروان ئەنوەر- سلێمانی

 
ئەمڕۆ 126 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردیدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش تەمەنێكی كەم نییە بەراورد بە میدیای فارس و عەرەب، بەڵام هێشتا گرنگیی و ئەركی كاریكاتێرمان لە میدیاكانماندا نەزانیوە، هەر بەراورد بە میدیای ئەم جیهانە گوند ئاسایە، گۆڤارێك یان رۆژنامەیەك یان تیڤی و رادیۆیەك نییە خاڵی بێت لە شێوازەكانی كاریكاتێر!! ئیتر بە شێوازی تەنز بێت، یان تەشكیلی یان نواندن یان بە شێوازی دەنگ لە رادیۆكاندا.
سەرچاوەی ناوەكەی هێشتا لە نێوان فەرەنسییەكان و ئیتالییەكاندا یەكلا نەبۆتەوە لە چییەوە هاتووە، بەڵام دەزانم كاری زۆر گەورە و سەرنج راكێشی پێدەكرێت، تەنها لەیەك تابلۆدا هەزاران وشە كۆدەبنەوە، چەندین شیكار و بۆچوون لەسەر یەك وێنەی كاریكاتێر دروست دەبن و مشتومڕ و دەمەتەقێی نەبڕاوە هەڵدەگرێت.
کەمتەرخەمیی میدیای کاغەز
لە ناو تەمتومانی ئەم هەموو كەناڵە كوردییەدا كە زیاتر لە 40 كەناڵی سەتەلایت و نزیكەی 150 تی ڤی لۆكاڵی و زیاتر لە 170 رادیۆ و بە سەدان وێب سایت و پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، چەند حاڵەتێك نەبێت لێرە و لەوێ كە لە پەنجەی دەستێك تێپەڕناكات، كەناڵێك نابینم گرنگی بە هونەری كاریكاتێر بدات. پێشتر دەوترا هونەرمەندی كاریكاتێریستمان نییە، بەڵام ئێستا دەزانم ئێمەی كورد خاوەنی دەیان كاریكاتێریستی بەتواناو شارەزاین، چەندین قەڵەمی ناودارمان هەیە كە سنووری ناوچەییان تێپەراندوە و روەو جیهانیبوون هەنگاو دەنێن.
باشە ئەگەر زانیمان لە بواری فڵچە و قەڵەمدا میدیای (كاغەز) خوێنراو كەمتەرخەمە، ئەی خۆ دەیان هونەرمەندی بەتوانا هەن لەبواری نواندن و درامادا، دەیان نووسەری دەقی تەنز و تراجیكۆمیدیمان هەن، كەچی هێشتا نەیانتوانیوە كەناڵە بینراوەكان بكەنە یاریگای كاریكاتێر و تابلۆی ئەم هونەرە بنوێنن بە رۆڵ بینین، كەواتە میدیای بینراو هێشتا كەساس و هەژار و كەمدەستە لەبواری نواندنی كاریكاتێردا، ئەگەر باسیش لە كەناڵە بیستراوەكان بكەین، بێگومان بە كەمترین تێچوون، بە دەقێكی كاریكاتێری ئێزگەییەوە، تەنها دوو ئەكتەر یان دوو بێژەر یان دوو كەسی دوور لە بواری هونەر و میدیاش دەتوانن لە بواری كاریكاتێردا رادیۆیەك دەوڵەمەند بكەن و داهێنان لە بواری تەنز و گەورەكردندا بكەن.

 

كاریكاتێر هونەرێكی رۆژنامەنووسیی كاریگەرە و عەرشەكان دەلەرزێنێت

 

کاریگەرییەکانی ئەم هونەرە
تاكی بەكارهێنەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سەرنووسەری وێب سایتەكان بەهەمان شێوە كەمتەرخەمن لە بڵاوكردنەوە و ناساندنی كێشە و ئاریشەكانیان لە رێگەی وێنەی كاریكاتێرەوە، چونكە زمانی كاریكاتێر جیهانییە و وەرگێڕانی ناوێت، سنووری دیجیتاڵ میدیاش هەمووی گۆی زەویە!
پێویستە هەموو میدیاكارێك ئەوە بزانێت كە كاریگەریی ئەم هونەرە لە شەڕ و لە ئاشتیدا ئەوەندە زۆرە كە وای کردووە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (ناجی ئەلعەلی) هونەرمەند و رۆژنامەنووسی كاریكاتێریستی فەلەستین لە ناوەراستی شاری لەندەندا تیرۆر بکات، ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە كە كاریكاتێر هونەرێكی رۆژنامەنووسیی كاریگەرە و عەرشەكان دەلەرزێنێت، وڵاتێكی وەك ئیسرائیل لە كۆی هەزاران ئامانجی ئامادە لە ریزی فەلەستینییەكاندا كاریكاتێریستێك تیرۆر دەكات نەك سیاسەتوانێك، یان وەرزشوانێك یان مێژوونووسێك یان هتد. هەر  كاریكاتێر بوو وایكرد هونەرمەند (عەلی فرزات)ی ناوداری خەڵكی سوریا بە چەندین شێواز لەلایەن دەسەڵاتەوە دووچاری لێدان و دەربەدەریی بێتەوە. 
شاری ئیبدۆ
هێرشكردنە سەر گۆڤاری شارلی ئیبدۆ لەلایەن دوو كەسی توندڕەوی بە رەچەڵەك عەرەب لە 7ی كانونی دووەمی 2015 دا لە سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بووە هۆی تیرۆركردنی 12 رۆژنامەنووس وهونەرمەندی كاریكاتێریست و بریندار كردنی 11 كەسی تر لەناو بارەگای گۆڤارەكەدا.
بە دەیان و سەدان نموونەی تر هەن كە كاریكاتێر توانیویەتی بیركردنەوەی خەڵك یان دەستەوتاقمێك بگۆڕێت، لە ناوەڕاستی نەوەدەكاندا یەكەمین ژمارەی گۆڤاری سیخورمە لە بەرگەكەیدا بە كاریكاتێر وێنەیەكی مام جەلالی كێشابوو كە لای زۆرینەی خەڵك، جێگەی سەرسوڕمان بوو، یان هەر كارێكی گونجاو نەبوو بەلایانەوە، بەڵام مام جەلال چونكە گرنگیی كاریكاتێری دەزانی، دەستخۆشی لە گۆڤارەكە كرد و خەڵاتی كردن. لەم هەنگاوەشەوە سیخوڕمە بووە قوتابخانەیەكی تاقانەی سەرتۆپ شكێن بۆ كاریكاتێر و تا ئێستاش تاكە دەروازەیەكە كە بتوانین بە ناوی گۆڤارێكی كاریكاتێرییەوە ناوی بهێنین.
گلەیی و پێشنیاز
بەم هەموو گرنگییەوە كە كاریكاتێر لە دونیای هونەرو رۆژنامەگەریدا هەیەتی، بەو قورساییە زۆرەوە كە مێژوویەكی پڕ لە بەسەرهات و گەورەی هەیە، كەچی میدیای كوردی لەپاش 126 ساڵ تەمەن، تائێستا هیچ گرنگی و ئەركێكی بە كاریكاتێریستەكان نەسپاردووە، %1 ی رووبەر و كاتی میدیای كوردی تا ئەمڕۆ بۆ كاریكاتێر تەرخان نەكراوە، لە كاتێكدا دەتوانین زۆر زیاتر لە ژانرەكانی تری هەواڵ سوود لە گەڕانەوەی فیدباك لەم هونەرە وەربگرین لە ناو میدیای بینراو و بیستراو و خوێنراودا.
من چەندین جار لەسەر ئەم بابەتەم نووسی، چەندین جار گلەییم كرد لەوەی كە میدیای كوردی هونەری كاریكاتێری پشتگوێ خستووە، بەڵام رۆژنامەیەك یان گۆڤارێك، كەسێك، كەناڵێك، سایتێك، گلەیی و گازندەكانی بە گرنگییەوە وەرنەگرت، ئێستاش جارێكی تر رووی دەممان دەكەینە سەرجەم میدیاكاران بە تایبەت سەرنووسەر و بەڕێوەبەرەكان و دەڵێم: 
كاریكاتێر هونەرێكە لە میدیادا بە زمانێكی جیهانی دەدوێت، خێراتر بەرەو جیهانیبوونمان دەبات، هەر لەوێوە دەتوانین پەیامەكان بگەیەنینە كون و قوژبنەكانی دنیا، هاوكات كوالێتی و ئاستی میدیاكەمان زۆر بەرز دەكەینەوە ئەگەر هاتوو توانای بەكاربردنی ئەم هونەرەمان زیاتر و زۆرتر كرد. بەڵام ئێمە هێشتا لە ناردنی پەیامدا بیرمان لە بەكاربردنی كاریكاتێر نەكردۆتەوە، ئەمەش بەداخەوە یەك لە نەنگییەكانی بواری میدیای كوردیە و شكستی كۆڵەكەیەكی گەورەی رۆژنامەگەریی كوردیە بە تایبەت میدیای كاغەز.

*سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان