کۆنترۆڵکردنی میدیا

02:02 - 2024-04-22
دووتوێ
58 جار خوێندراوەتەوە

سمکۆ عەبدولکەریم- هەولێر

نوام چومسکی کتێبێکی بەو ناوونیشانە هەیە، بەڵام ئەو لە روانگە و تێگەیشتنێکی هەمەلایەنەی سیاسییەوە، کە ئەمریکای کردۆتە چەقی باسەکەی چۆتە نێو ئەو باسەی کۆنترۆڵکردنی میدیا،  بەڵام ئێستا پێشوەچوونەکان، ئەو کۆنترۆڵکردنەیان گەیاندۆتە ئاستێکی مەترسیدار، نەک هەر میدیا، خەریکە ژیانی مرۆڤ بە تێکڕایی کۆنترۆڵ دەکرێت، مرۆڤیش بە ویست و پێی خۆی، هەڵپەی چوونە نێو ئەو زیندانە گەوەیەیە، کە هەموو جموجووڵەکانی لەژێر چاودێریدایە. هەمووشمان بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ستایشی ئەو هێزە باڵایە دەکەین و پێمانوایە هەموو ئەوەی روودەدات لە خزمەتی بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی ئازادییەکاندایە، وا مەستکراوین ئاگاراری ئەوەنین، کە ئەوەی روودەدات، کۆنترۆڵکردنی ئازادییەکانیشە.
ئێستا هاووڵاتییان خۆیان زۆر بە بەختەوەر دەزانن، لەوەی هەم بەشدارن لە کاری راگەیاندن، هەم بە ئاسانیی و خێرا، دەستیان بە سەرچاوەکانی راگەیاندن دەگات، کە دواجار ئەمەش هەنگاوێکە بۆ خوێندنەوە و زیاتر تێگەیشتنی ناخی شاراوەی مرۆڤ.

 

ئەوەی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا خراونەتە نێو بازنەی ئەو کۆنترۆڵکردنە، کەناڵە ناوخۆییەکانن

 

جاران ئانتینێکمان بەس بوو 
دوای ئەوەی گەیشتنە ئەو تێگەیشتنە باڵایە، بیریان لەوە کردەوە ئەو میدیا بەرفراوان و مەترسیدارە، کە بە یەکێک لە چوار دەسەڵاتەکە هەژماردەکرێ، زیاتر لەجاران بیخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە.
ئەو کەناڵانەی رۆژگارێک تەنیا بە چەقاندنی بۆرییەک و لێقەیمکردنی ئانتینێک هەموومان بێ هیچ تێچوویەکی ماددی دەمانتوانی لە ماڵەکانمان بێ هیچ چاودێرییەک بینەریان بین، بە پێچەوانەوە، ئێستە ئەو کەناڵانە لە چوارچێوەی سیستمێکدا خراونەتە دەستی کۆمپانیا سیاسییەکانەوە، واتە ئەگەر جاران کۆنترۆلی پەخشی هەریەک لەو کەناڵانە لە دەستی خۆیاندابوو، ئێستا دەسەڵات هەرکاتێک بیەوێ، بە تایبەتی لە کاتی رووداوە سیاسییە نەخوازراوەکاندا، کە میدیا تێیاندا وەک دەسەڵاتی چوارەم دەردەکەوێ و دەبێتە مەترسییەکی کاریگەر و حەقیقی و لەو پرۆگرامانە لادەدەن، کە دەسەڵاتی باڵادەست بۆ فراوانکردن و چەسپاندینی هەژموونی خۆی دایڕشتووە، لەوەها حاڵەتێکدا  لەماوەی چاونووقانێکدا هەموو ئەو کەناڵانە دەوەستێنێت. هەموو ئەوەی پێشتر وەک دەستکەوت، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و خزمەتکردنی هاووڵاتیان بە شانازییەوە خۆی پێ بادەدا، ئەمجارە لە دژیان و بۆ فشارخستنە سەریان بەکاری دەهێنێ.
ئەجیندای سیاسیی و ئابووریی کۆمپانیاکان
ئەم پێشکەوتنەی عەقلی زیرەک، چەند بەقەد ئەوەی هاووڵاتیان و دامەزراوە میدیاییەکان سوودی لێوەردەگرن، سەت هێندە و زیاتریش، دەسەڵاتی باڵادەست لە کات و شوێنی خۆی دەیخاتە خزمەت ئەجیندا سیاسیی و ئابوورییەکانییەوە. واتە هەر لە رێی گیرفانی هاووڵاتییەوە ئەو پڕۆژە گەورە و ستراتیجییانە، دادەمەزرێنی و گەشەیان پێدەدا، هەرکاتێکیش لێی یاخی بن، وەک فشار لەسەریان بەکاری دێنێ.
رۆژ بە رۆژ ئەم عەقلییەتە باڵادەستە هەژموونی زیاتر دەبێ، خێراتر و وردتر پەل دەهاوێ و هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی کونترۆڵکردنی سەرجەم ئەو جومگانەش دەدات، کە هێشتە دەستی پێیان نەگەیشتووە.
ئەوەی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا خراونەتە نێو بازنەی ئەو کۆنترۆڵکردنە، کەناڵە ناوخۆییەکانن.
ئەمە جگە لەو کەناڵە ئاسمانیانەش، کە بەهەمان شێوە لە لایەن کۆمپانیاوە جارێکی دی وەک کەناڵی ناوخۆیی پەخش دەکرێنەوە. ئینتەرنێتیش، کە سەرچاوەی بنەڕەتی پەخشی سوشیال میدیایە، هەر لە ژێر دەسەتی کۆمپانیا باڵادەستەکاندایە. کارەباش، کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە میدیاوە هەیە، لە رێی سیستیمی زیرەکەوە کۆنترۆڵکراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان