ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 23/4/2024، سه‌عات 4ی پاشنیوه‌ڕۆ، له ته‌لاری هونه‌ری سلێمانی مه‌راسيمی خه‌ڵاتی (زێڕینی بله) به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ساڵانه مه‌راسیمه‌كه له‌لایه‌ن رێكخراوی برایم ئه‌حمه‌د فاوه‌نده‌یشنەوە بەڕێوەدەچێت و خەڵات پێشكه‌ش به چه‌ندین كه‌سایه‌تی و رێكخراو دەکرێت كه له بواره جیاجیاكاندا كه‌لێنێكی دیاریان له ژیانی كوردبوونماندا پڕكردۆته‌وه و خزمه‌تی گه‌له‌كه‌مانیان كردووه و ده‌كه‌ن.
مه‌راسیمه‌كه هه‌موو ساڵێك له یادی كۆچی دوایی رووناکبیری گەلەکەمان مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د -دا رێكده‌خرێت، خه‌ڵاته‌كه بۆ كه‌سانی دیاری كورده و بۆ ئه‌و كه‌سانه‌شه كه له ده‌ره‌وه‌ی كوردستانن، به‌ڵام به‌مه‌رجێك جێی ده‌ستیان دیار بێت بۆ خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پاڵێوراون بۆ خه‌ڵاته‌كه ئاسته‌كانیان جیاوازه و له چین و توێژی جیاوازن، پێوه‌ره‌كان به خزمه‌تی زۆری كه‌سه‌كه‌یه كه ده‌بێته خاوه‌نی خه‌ڵاتی(زێڕینی بله)، خه‌ڵاته‌كه ساڵانه دابه‌شده‌كرێت، ئه‌و ساڵانه‌ی كه شه‌ڕی داعش بوو، مه‌راسیمه‌كه بەڕێوەنەچوو، له‌بری ئه‌وه چه‌ندین نه‌مام روێنرا، خه‌ڵاتی زێڕینی (بله) بۆیه ناوی (بله)یه، چونكه مامۆستا برایم به‌ناوی بله نووسراوه‌كانی بڵاوكردۆته‌وه، هه‌روه‌ها مه‌راسیمه‌كه ئه‌م ساڵ جیاوازتره، چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ژیاندا نه‌ماون له‌م ساڵه‌وه به‌شێكیان خه‌ڵات به بنه‌ماڵه‌كانیان ده‌به‌خشرێت، ئاماده‌بوون له مه‌راسیمه‌كه په‌یوه‌ست نییه به بانگهێشتكردن، به‌ڵكو بۆ هه‌مووانە.
یه‌سنا محه‌مه‌د