بەیانیت باش خوایەگیان

10:02 - 2024-04-25
ئەدەب و هونەر
621 جار خوێندراوەتەوە

فاضل عزاوي
لەعەرەبییەوە: کەژاڵ ئەحمەد




بەیانیت باش خوایەگیان
دڵنیام باشم دەناسیت
ئەگەرچی پێشتر بەیەکتر نەگەشتووین
تۆ هەمووان یەک بە یەک دەناسیت.
ناوەکانیشیان دەزانیت.
بە باش و خراپیانەوە.
حەزم دەکرد سەرێکت لێ بدەم
بۆئەوەی ملکەچیمت پێ نیشان بدەم.
بەڵام ناونیشانت نازانم لە ئاسمان
ئاسمانیش سیخناخە لە ئەستێرە و ڕێگەی پێچاوپێچ
کە ونمان دەکات
لەبەر ئەوەی کەشتییەوانی بۆشایی ئاسمان نیم و
تاکە فڕۆکەیەک چییە شک نابەم 
تا بمگەیەنێتە لای تۆ.
دەزانم گەلێک سەرقاڵیت
لە ڕاستیدا لەم ڕۆژگارەدا هەموومان سەرقاڵین.
ئەگەرچی لەو کاتەوەی کە
 دووگوێچکەم ڕواون بێ کارم
تکام وایە گوێم لێ بگری و
بیر لەو بۆچوونانەم بکەیتەوە سەبارەت بە هەمووشتێک   کە دەمەوێت پێتیان بڵێم.
مادام دروستت کردوم و تاک و تەنیا
فڕێتداومەتە سەر ئەم زەمینە نەفرەت لێکراوە،
هەردەم زۆر شتم بیستووە سەبارەت بە تۆ
تەنانەت بەرلەوادەی لەدایکبوونیشم
هەموویان بە ترسەوە باست دەکەن،
بەڵام بە نیازی خراپ،
گەورەم پێم وایە ئەوان ماستاوت بۆ دەکەن.
دەترسن لەبارهەڵگری سەرداخراوا
ڕەوانەی دۆزەخیان بکەی !
یا بە تەماعی بەدەستهێنانی 
شوقەی ئامادەکراو لەناو بەهەشتدا ئەوە دەکەن
بێگومان خۆت زۆر لە من باشتر ئەوانە دەزانی!
ئەوە زۆر بێزارکەرە وانییە؟
ئینجا من چیم داوە لە هەموو ئەمانە
مادام دەمەوێت وەک دووهاوڕێ قسە بکەین 
کە سوود و زیانیشم هیچ بەلاوە گرنگ نییە.
مادام دەمەوێ وەک دەڵێن:
لە دڵەوە بۆ دڵ بۆت بدوێم.
ویستم تەلەفۆنت بۆ بکەم، بەڵام ناوتم
لە دەفتەری تەلەفۆندا نەدۆزییەوە،
هەربۆیە زۆر دڵخۆش دەبم
ئەگەر تەلەفۆنێکم بۆ بکەیت و
کەمێک هێزم بدەیتێ.
لێم بپرسیت:
 (فازیل)لەم دنیا فانییەدا چۆنیت؟
تۆ ژمارەکەم دەزانی
شەو بێت یان ڕۆژ دەتوانیت تەلەفۆن بکەیت
لەبەر ئەوەی زۆربەی کات من هەر لە ماڵم.
دەخوێنمەوە یان سەیری تیڤی دەکەم و
هەندێجار بەدەم بیرکردنەوەمەوە لە چارەنووسی جیهان خەوەنوچکە دەمگرێ.
بهێڵە با ڕۆژێک بە یەکتربگەین،
تۆیش پێویستت بە پشووە،
زۆر شت هەن دەمەوێت بە تۆیان بڵێم
زۆر شت کە نابێت بە کەسیان بڵێم، خۆت نەبێت.
ئەگەر حەز بکەیت نوێترین قەسیدەی خۆمت
بۆ دەخوێنمەوە،
بۆ ئەوەی بۆچوونی خۆتم 
بە ڕاشکاوی پێیبڵێیت
باسی چارەنووسی مرۆڤایەتیش بکەین
یان چارەنووسی گەردوون
بەدەم قاوە خواردنەوەوە
هەندێ بۆچوون و پلانی وەهام هەن بە دڵت دەبن.
پێم باشە لە ماڵەوە بەیەکتر بگەین
خۆت ناونیشانم دەزانی
ناوەکەم لەسەر دەرگای دەرەوە نووسراوە
هێندە بەسە کە یەکجار زەنگێ لێبدەی،

گوێت لە هاوارم دەبێت لە داڵانەکەوە پێت دەڵێم:
دەرگا واڵایە خوایە گیان
بفەرموو وەرە ژوورەوە
هەمیشە چاوەڕێم کردوویت.

سەرچاوە: پێگەی ئەنتۆلۆجی

بابەتە پەیوەندیدارەکان