״حكومەت نایەوێت پرسی بەبانكیكردنی مووچە ببێت بە كێشە״

سەمیر هەورامی: بەمنزیكانە وەفدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

12:51 - 2024-04-25
کوردستان
78 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا


وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیراندا چەند بابەتێك لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پرسی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، وتیشی: «لەماوەیەكی نزیكدا وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات».
سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیران، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، راشیگەیاند: لە بەیاننامەكەی كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیراندا ئەوە خرایەڕوو كە حكومەتی هەرێم نایەوێت پرسی بەبانكیكردنی مووچە ببێت بە كێشە لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستاندا لەلایەن بەغداوە، وتیشی: ئەوەی پەیوەندیی بە داهاتی ناوخۆوە هەیە، پێشتر كەمێك گرفتی لەسەر هەبوو، بەڵام لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیراندا تەئكیدكرایەوە كە بەگوێرەی یاسا بەركارەكان ئەوەی بەر بەغدا دەكەوێت، دەنێردرێت‌ و لەوبارەیەوە هیچ گرفتێكمان نابێت.
سەبارەت بە سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا، سەمیر هەورامی، باسی لەوە كرد كە سەردانەكە بەمنزیكانە دەبێت و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و ئەو بابەتانەی پێویستە گفتوگۆی زیاتر لەبارەیەوە بكرێت، مەبەستی سەرەكیی سەردانەكەیە.
بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم «هیچ كاتێك دژی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەبووین و بابەتی بەبانكیكردنی مووچە شایەنی چارەسەرە لەڕێگەی دۆزینەوەی لێكتێگەیشتنی هاوبەش». ئەوەش خراوەتەڕوو كە «بەڕەسمی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی بەغدا كراوە و چاوەڕوان دەكرێت هاوشێوەی مانگی رابردوو لەگەڵ مووچەی ناوچەكانی دیكەی عیراقدا مووچە رەوانەی هەرێمیش بكرێت».

بابەتە پەیوەندیدارەکان