ئا: رەوەست نەوزاد
(ماڵی كەلتووری جەلال بەیار) یەكێكە لەو شوێنانەی شاری هەولێر كە چەندین كەلوپەلی دانسقەی هونەری و ئەنتیك و پەرتوكی سەبارەت بەمێژووی شارەكە و كەلوپەل و ئەرشیفی ئەو هونەرمەندە كۆچكردووەی تێدا نمایشكراوە، ئەو ماڵە كەلتورییە لەئێستادا كەوتۆتە گەڕەكی عەرەب وەك یەكێك لەگەڕەكە دێرینەكانی شارەكە.
لەبارەی ئەو ماڵە كەلتورییەوە نووسەر و رووناكبیر جەمال دیلان برای هونەرمەندی كۆچكردوو جەلال بەیار بۆ كوردستانی نوێ وتی: لەساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوو ئەم خانووە هی باپیرە گەورەمان بوو، دواتر باوكم ئەحمەد دیلان تێیدا نیشتەجێبوو كە هەموو بنەماڵەكەمان تێیدا گەورە بووین، ئێمە 13 كەس بووین ژیانمان لەو خانووە تا ساڵی 2010 درێژەی كێشا، دوا كەس لەبنەماڵەكەشمان ئەنوەری برام بوو تێیدا دەژیا.
وتیشی: لەساڵانی رابردوو لەلایەن كۆچكردوو جەلال بەیاری برام ئەم خانووەی كردە شوێنی كۆكەرەوەی هونەرمەندانی سەرجەم نەتەوە و ئایینەكان، بە پێیەی گەڕەكی عەرەب لە هەولێر بە گەڕەكی پێكەوە ژیانی سەرجەم پێكهاتەكان ناسرابوو.
باسی لەوەشكرد: دواتر لەساڵی 2010 دوای كۆچی دوایی هونەرمەند جەلال بەیار و لەگەڵ چۆڵكردنی گەڕەكی عارەب هاوشێوەی گەڕەكە كۆنەكانی دیكەی شارەكە، ئەم خانووەی ئێمەش چۆڵكرا، ئەگەرچی خاوەنەكانی دەوروبەری قەرەبوویان وەرگرت و تەسلیمی حكومەتیان كرد، بەڵام ئێمە پێمانباش بوو هەر وەكو خۆی بمێنێتەوە و بكرێتە شوێنێكی كەلتووری و دواتر لەسەر شێوزای كۆنی خۆی نۆژەنكردنمان كردەوە و ناومان نا (ماڵی كەلتوری جەلال بەیار).
هەروەها روونیكردەوە: جگە لەوەی خاوەكە بۆتە ئەرشیفی هونەرمەندی كۆچكردوو جەلال بەیار، هاوكات بۆتە شوێنی پاراستن و نمایشكردنی چەندین كەلوپەلی دێرینی و كۆنی هونەری و وێنەی كەسایەتییەكان، وەكو ئامێرەكانی رادیۆو رێكۆردەر و گۆزە و كتێب و كاسێت و وێنەی ناودارەكانی گەڕەكی عەرەب و كەسایەتی تری ناسراوی شاری هەولێر، كە زیاتر لە 500 پارچە لەخۆدەگرێت، رۆژانە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگای هونەر جوانەكان و هونەرمەندانی شاری هەولێرو شاری سلێمانی و خەڵكی تری شارەكە و میوانی بیانیش سەردانی دەكەن.
جەمال دیلان گلەیی لە ئیدارەی شاری هەولێریشی كرد كە وەكو پێویست هاوكارییان نەكردوون لە نۆژەنكردنەوە و پاراستنی شوێنێكی كەلتوری لەو جۆرە، كە لەچەند رووەوە پێویستی بەفرەوانكردنی خانووەنەكە و گرنگی پێدا هەیە.