(27)
سوڵتان: وەک وادەمان دانابوو، ئەمڕۆ باسی پارمێنیدیس دەکەین.
هایدگەر: باشە.
سوڵتان: لەوە تێگەیشتین بۆچی هێراکلیتوس-ت بە دڵە، ئەی پارمێنیدێس بۆچی؟
هایدگەر: چونکە پارمێنیدیسیش گوێی بۆ هەقیقەت رادێراوە! ئەو کە دەڵێت: «هزر و بوون یەک شتن»، تیۆرێکی ئێپستمۆلۆجی ناخاتەڕوو، بەڵکو گوێ رادەدێرێت. تۆ چۆن لەم پڕیشکە تێدەگەیت؟
سوڵتان: وای بۆ دەچم بناغەیەک بۆ زانستی بوون(ئۆنتۆلۆجی) دادەنێت. ئەم وتەیە یەکێکە لە دیارترین وتە فەلسەفییەکانی مێژووی هزر. ئەگەر هەڵەش نەبم، ئاواهیش هاتووە: «بیرکردنەوە و بوون هەمان شتن»
هایدگەر: پارمێنیدیس دەیەوێت چی بڵێت؟
سوڵتان: ئەو دەڵێت: بۆ ئەوەی بتوانین بیر لە شتێک بکەینەوە، دەبێت ئەو شتە هەبێت، ئەوەی نییە ناتوانین بیری لێ بکەینەوە، واتە هزر تەنها درک بەوە دەکات کە هەیە، ئەوەی نییە قابیلی هزراندن نییە، هۆیەکەشی ئەوەیە (نەبوو) شێوەی نییە، سنووری نییە، ئامادەیی نییە. بۆیە وای بۆ دەچم پارمێنیدیس بڵێت: هزر ئاوینەی بوونە، هزری بەتاڵ یان ئەندێشەیی هیچی لێ شین نابێت، بۆیە هیچ جیاوازییەک نییە لەنیوان ئەوەدا کە بیری لێدەکرێتەوە و ئەوەشدا کە هەیە.
هایدگەر: خراپ نییە؛ ئەو دەیەوێت پێمان بڵێت: نابوون قابیلی بیرلێکردنەوە نییە، چونکە بیرکردنەوە لە نەبوو، مەحاڵە. بۆیە بوون یەک دانەی وەستاوی نەمری نەخوڵقێنراوی کامڵی نەگۆڕە. ئەوەی ئێمە وادەزانین گۆڕان و فرەییە، وەهمێکی هەستییە نەک بوونی راستەقینە. یانی ئەرگومێنتەکە ئەوەیە نە هزر بێ بوون هەیە و نە بوونیش بێ هزر هەیە، دەرەنجامی ئەوەش بوون یەکسان دەبێت بە بوون.
سوڵتان: یانی ئەو مەبەستی لەوەیە، ئەوەی بیری لێ دەکەینەوە هەیە، یان ئەوەی هەیە دەتوانین بیری لێبکەینەوە.
هایدگەر: نەخێر، چونکە بەوجۆرە بوون دەبێت بە پاشکۆی چالاکیی ئەقڵیی ئێمە، بەڵام پارمێنیدیس مەبەستی لەمە نییە؛ بەڵکو مەبەستی لە شتێکی ئۆنتۆلۆجی قووڵترە. ئەو کە دەڵێت: (هزر) مەبەستی بیرکردنەوەی ئاگایانەی مرۆڤ نییە، بەڵکو کەشفبوونی بنەڕەتیی بوونە لە پرۆسەی دەرکەوتنیدا. مەبەستیشی لە (بوون) شتێک نییە کە هەبێت، بەڵکو پێبوون وەک ئەگەر، دەرکەوتن لە ئامادەییدا.
سوڵتان: کەواتە ئەم پڕیشکە مانای ئەوەیە، هزر و بوون هەردووکیان وەک یەک لە پرۆسەی دەرکەوتن و دەرنەکەوتندان. هزر هەتا بوونی بۆ کەشف نەبێت، ناتوانێت چالاک بێت.
هایدگەر: چونکە مرۆڤ بەس بیر لەوە ناکاتەوە کە بەتەواوەتی ئامادەیە، بەڵکو ئەوەی دەستپێگەیشتنی ئاسان نییە، هزر لە بۆشایی بزرییدا کاردەکات، نەک لە پڕێتی ئامادەییدا.
سوڵتان: باشە، من بەدەست ئەم پڕیشکەی پارمێنیدیسەوە گیرمخواردووە: «ئەوەی هەیە هەیە، ئەوەی نییە، نییە»!
هایدگەر: هەر تۆ نا؛ خەڵکێکی زۆر لێی تێنەگەیشتوون یان تووشی بەدحاڵیبوون بوون. هۆیەکەشی ئەوەیە، پارمێنیدیس باسی شتەکان ناکات لە پەیوەندییدا بە کاتەوە، بەڵکو ئەو چاوی بڕیوەتە هەقیقەت وەک کەشفبوون، وەک ئەو بوونەی قابیلی داهێنان یان پەیداکردن نییە، بەڵکو قابیلی کەشفکردنە. سەرنج بدە، پارمێنیدیس یەکەمین کەسە کە دەڵێت: «بوون هیچ نییە جگە لە خۆی»
سوڵتان: باشە! بەڵام ئەگەر بە جۆرێکی دیکە بۆی بڕوانین، ئەو هەروا بە سادەیی دەڵێت: ئەوەی هەیە؛ هەیە، ئەوەش کە نییە؛ نییە. یانی ئەمە رستەیەکی لۆجیکییانەیە و زۆر پێویستی بەم هەموو لێکدانەوەیە نییە.
هایدگەر: زۆریش پێویستە لێکدانەوەی زیاتر و زیاتری بۆ بکەین، دەزانیت بۆ؟ چونکە ئەو وەها سەیری ئەقڵ ناکات کە چەندین سەدە دواتر دێت و سەردەمی مۆدێرنی لەسەر بنیات دەنێت، ئەو ئاماژە دەکات بۆ یەکێتییەکی رەسەن، پێمان دەڵێت: بوون تەنها لەبەر رۆشنایی بیرکردنەوەدا دەکەوێتەڕوو
سوڵتان: دەتەوێت پێم بڵێیت پارمێنیدیس مێتافیزیکی نییە، بەوجۆرەی ئەمڕۆ ئێمە لە وشەکە تێدەگەین؟
هایدگەر: بەڵێ! من هەر ئەمە دەڵێم، هەوڵمداوە ئەو پارمێنیدیسە بهێنمەوە پێشەوە کە هێشتا لە زیندانی مێتافیزیکی خۆرئاواییدا دەسبەسەر نەکراوە.
سوڵتان: چۆن؟
هایدگەر: مێتافیزیکی خۆرئاوایی (پارمێنیدیس و هێراکلیتوس) لە چوارچێوەی شوناس و دوالیزمدا قەتیس دەکات، بەڵام وەک دەبینیت، رێگای هەقیقەت لای پارمێنیدیس هەوڵێکە بۆ لادانی پەردەکە، بۆ کەشفکردنی بوون لە ئامادەییە رەسەنەکەیدا، نەک خەریکبوون بە هاوکێشە لۆجیکییەکانەوە
سوڵتان: ماقووڵە! بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین ئەو رێگایەکی دووهەمینیش دەستنیشان دەکات، واتە رێگای را(دۆکسا) ئەمە دوالیزم نییە؟
هایدگەر: ئاگاداربە! دوالیزم لای پارمێنیدس بوونی دوو جیهانی بەرامبەر نییە، وەک ئەوەی لای ئەفلاتوون هەیە، بەڵکو جۆرێکە لە بزربوون. یانی! رێگای دۆکسا بە تەواوەتی هەڵە نییە، بەڵکو کاتێک هزر لە بوون غافڵ دەبێت و دەکەوێتە داوی دیاردەکانەوە، بەو رێگایەدا دەڕوات. ئەوە نییە پارمێنیدێس خۆی دەڵێت: «دۆکسا بەلاڕێداچوونی هزرە لە رێگای رەسەنی بوون، بەرەو هەبووەکان!»
ئەو راشکاوانە رەخنە لە دیدی هەستیی بۆ جیهان دەگرێت، دەڵێت: ئەقڵێکی ئاسایی ناتوانێت لێی تێبگات، ئەقڵێکی وا دەبێت توانای بیستنی هەقیقەتی هەبێت، ئەمە کرۆکی پڕۆژە فەلسەفییەکەی ئەوە.
سوڵتان: ئەگەر کەمێک بوارم بدەیتێ بیری لێبکەمەوە، واتە کاتێک هزر لە بوون وەک (یەک) دەترازێت و روو دەکاتە فرەیی، گۆڕان، کات ... هتد، وەهم لەدایک دەبێت. مەبەستیشی لە هەبووەکان شتە پەرتەکییە گۆڕاوەکانە، کە زۆرجار مرۆڤ دەکەوێتە هەڵەوە و وادەزانێت ئەوانە وێنای ریاڵەت(واقیع) دەکەن.
هایدگەر: بە کورتی، کاتێک مرۆڤ بە هەستەکانی سەیری جیهان دەکات، کە متمانە بە دیاردە و دەرکەوتە گۆڕاوەکان دەکات، رێگای هەقیقەت بزر دەکات.
سوڵتان: بۆیە دەتوانین بڵێین: دۆکسا مێتافیزیکی وەهمە، چونکە ئەقڵ یان بیرکردنەوە دەخاتە داوی رووکەشەوە و دەبێتە رێگر قووڵبوونەوە بۆ جەوهەر. هەر لێرەشەوەیە کە تۆ دەڵێیت: دوای ئەو فەلسەفە ئەرکە بنەڕەتییەکەی خۆی فەرامۆش کردووە، درککردن بەوەی هەیە، نەک بەوەی کە وادەردەکەوێت، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە: گریمان دیدەکەی پارمێنیدیس دروستە و بوون هەمووی یەکی نەگۆڕی کامڵە، ئەی گۆڕان و جووڵە چۆن لێکبدەینەوە؟ بێگومان لە ساویلکەییم دەمبەخشیت، من دەمەوێت تێبگەم.
هایدگەر: ئەگەر ئەم پرسیارە لە خودی پارمێنیدیس بکەین، بزەیەک دەکات و پێمان دەڵێت: ئەمە هەڵەی ئەوانەیە کە بە چاوی هەستەکان دەڕوانن، وەنەبێت من ئەوەندە بێئاگا بم، لانیکەم ئاگاداری هێراکلیتوسم، چونکە هاوچەرخی خۆمە، بەڵام چەند جارتان بۆ دووبارە بکەمەوە، من دەڵێم: هزر ناتوانێت لە نا - بوون (non-being) تێبفکرێت، چونکە بوون ناتوانێت لە نا – بوونەوە بێتە دەرەوە. ئەوە ئێوەن وادەزانم من نکۆڵی لە گۆڕان دەکەم، نا... بەمجۆرە بیرناکەمەوە! من دەڵێم: گۆڕان، یان جووڵە لەناو خودی بووندا نییە؛ ئەوانە رووکەشن، لەبەر رۆشنایی بووندا.
سوڵتان: ...!
هایدگەر: یان لانیکەم ئەمە تێگەیشتنی منە لە پارمێنیدیس؛ هەربۆیە پێموایە ئەو فەیلەسوفی «بوونی وەستاو» نییە، بەڵکو «فەیلەسوفی دەرکەوتن / کەشفبوونە!» من زۆر بە وردی گوێم بۆ پارمێنیدێس رادیراوە. تۆ سەیرکە: وشەی ئالێسیامان بە واتای هەقیقەت بەکارهێنا، چەند مانایەکی دیکەی نزیکیشمان پێدا؛ بەڵام لە ژینگەی پارمێنیدیس دا، مانای (بیرنەچوونەوە) و (لادانی پەردە)ش دەگەیەنیت، ئەم لادانە یان وەک خۆمان وتمان کەشفبوونە، هەقیقەتێکی رەق و تەق نییە، بەڵکو روودانە، ئامادەییەکە دەردەکەوێت و دیارنامێنێت.
سوڵتان: هەربۆیە نووسیویشتە: «پارمێنیدیس فەیلەسوفی شوناسێکی لۆجیکی نییە، بەڵکو شاعیری دەرکەوتنی بوونە.» کەمێک باسی ئەمەم بۆ بکە.
بە کورتی، کاتێک مرۆڤ بە هەستەکانی سەیری جیهان دەکات، کە متمانە بە دیاردە و دەرکەوتە گۆڕاوەکان دەکات، رێگای هەقیقەت بزر دەکات
هایدگەر: تۆ سەیرکە، پارمێنیدیس دەڵێت: «ئەوەی هەیە، هەیە! ئەوەی نییە، نییەی!» ئەمە رستەیەکی لۆجیکیی تۆکمەیە، ئەو دەڵێت: «بوون بوونە، نەبوون نەبوونە». دواتر ئەمە بە یاسای شوناس دەناسرێت؛ یەکەمین یاسای لۆجیکە شێوەییەکەی (ئەرەستۆ) کە دەڵێیت: (بوون) ئیتر بە هیچ جۆرێک بواری ئەوە نییە قسە لە (نابوون) بکەیت؛ نابوون مەحاڵە. خۆ ئەگەر بە پێچەوانەوە باسی (نابوون) بکەیت، ئەوە (بوون) مەحاڵە، بەڵام ئێمە ناوبەناو بوونمان بۆ کەشف دەبێت، تا ئێستا نابوون خۆی کەشف نەکردووە، تا قسەی لەبارەوە بکەین.
سوڵتان: ئەمە کێشەیەکم بۆ دروست دەکات؛ چونکە تۆ لە جێگایەکدا دەڵێیت: «نابوون بە تەنها بزریی نییە، بەڵکو مەرجی دەرکەوتنی خودی بوونە لە ئەزموونی نیگەرانییدا.»، هەست بە ناکۆکییەک دەکەم، ئەگەر بەهەڵەدا نەچووبم ئەم وتەیەت، لە کتێبی (بیرکردنەوە مانای چیە؟) و لە وانەی (مێتافیزیک چییە؟)دا بەکارهێناوە.
هایدگەر: راستە، من لەوێدا قسە لەبارەی (بوون) دەکەم نەک هەبووەکان. بۆ ئەوەی لە بوونیش تێبگەین، دەبێت رووبەڕووی نابوون ببینەوە، بەڵام نەک وەک بیرۆکەیەکی نەرێنی بەڵکو وەک ئەزموونی نیگەرانیی.
پێم بڵێ چ جیاوازییەک لەنیوان ترس و نیگەرانییدا هەیە؟
سوڵتان: لە پەیوەندییدا بەو ئەزموونەوە کە تۆ باسی دەکەیت؛ ترس لە شتێکی دیاریکراوە، بەڵام نیگەرانی لە شتێکی دیاریکراو نییە. ترس بابەتەکەی زانراوە (پڵنگ، کەوتنەخوارەوە ... بۆ نموونە)، بەڵام نیگەرانیی بێبابەتە، چونکە هیچ هەڕەشەت لێناکات. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە ترس قابیلی تێپەڕاندنە، بەڵام نیگەرانیی، مرۆڤ بەسەر هەقیقەتی بوونی خۆیدا دەکاتەوە.
هایدگەر: رێک ئا ئەمەیە مەبەستەکەی من، لە چرکەساتی نیگەرانییدا، جیهانی رۆژانە (شتەکان، زمان، مانا، ....) دەکشێتەوە، پەرش دەبێتەوە، نامێنێت؛ ئا لەوێدا مرۆڤ رووبەڕوو بەرامبەری(نابوون) دەوەستێت.
سوڵتان: ئەمەیە ساتەوەختە ئۆنتۆلۆجییە قووڵەکە؛ ئەوەی تۆ پێداگریی لەسەر دەکەیت! ئەو ساتەی هیچ شتێک نامێنێت مرۆڤ دەستی پێوە بگرێت.
هایدگەر: لێرەدا نابوون جیلوە دەدات، کەشف دەبێت، بەڵام وەک شتێکی دەرەکی نا، بەڵکو وەک زەمینەیەکی قووڵ و فراوان کە ماناکان لەوێدا هەرەس دەهێنن. (نابوون) لێرەدا بزریی نییە، بەڵکو بۆمان کەشف دەکات کە (بوون) هەیە، ئاگادارمان دەکاتەوە لێی.
سوڵتان: تۆ مەبەستت لەوەیە ئێمە لەبەرئەوەی بە بوون راهاتووین، بەلامانەوە شتێکی ئاساییە، بۆیە زۆر گوێی پێ نادەین، یاخود ئاگاداری نین، بەڵام کاتێک نیگەرانیی خۆی نمایش دەکات، لەناکاو دەکەوین بەسەر راستیی ئەوەدا کە شتەکان هەن لەجیاتی ئەوەی نەبن؟
هایدگەر: ئەمە راستە، چونکە نابوون مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ دەرکەوتنی بوون. پارمێنیدیس دەڵێت؛ «نابوون قابیلی ئەوە نییە بیری لێ بکەینەوە»، ئەمە گەلێک لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کراوە، وا لێکدراوەتەوە کە ئەو نکۆڵی لە (نابوون) دەکات، بەڵام ئەو ئاماژەی بۆ هەقیقەتێکی قووڵتر دەکرد، بوون تەنها ئەوکاتە بوونی خۆی دەردەخا کە کەشف بوو و پاشان شارایەوە؛ ئەم کارەش لە توێی نابوونەوە دەکات.
سوڵتان: دەکرێت زیاتر روونی بکەیتەوە، هەست ناکەم لە مەبەستەکەت بە باشی تێگەیشتبم. ئایا تۆ مەبەستت لەوەیە، لە دیدی (پارمێنیدیس)ەوە،نابوون هەیە، بەڵام ئێمە توانای ئەوەمان نییە بیری لێ بکەینەوە؛ واتە مەسەلەکە ئەوە نییە کە نابوون نەبێت، بەڵکو ئەوەیە ئێمە ناتوانین بیری لێ بکەینەوە! ئەمە سەیرە!
هایدگەر: بەدرێژایی مێژووی فەلسەفە ئەم بەدحاڵیبوونە هەبووە، وا زانراوە ئەو دەڵێت نابوون قابیلی بیرلێکردنەوە نییە، مەبەستی لەوە نییە کە هەر ئەسڵەن بوونی نییە، بەڵکو دەڵێت ناتوانین وەها بیر لە (نابوون) بکەینەوە کە شتێکی راوەستاوی چەقبەستووە، بەڵکو دەیەوێت پێمان بڵێت بوون تەنها لە ئامادەییدا نییە، بەڵکو لە دیارنەمان و بزرییشدا هەر بوونە.
سوڵتان: بڵێی پارمێنیدیس، بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت خەریکی تێڕامان بووبێت لە پەیوەندیی نێوان بوون و نابوون، نەک جەختکردن لە بوونی یەکێکیان و رەتکردنەوەی ئەوەی تریان؟
هایدگەر: راستە، چونکە (بوون) بە یەکجار نادرێت، بەڵکو بەردەوام لە کەشفبوون و شارانەوەدایە، لە دەرکەوتن و دیارماندایە. یانی! وەک رووناکیی و تاریکیی بۆ نموونە.
سوڵتان: مەبەستت لەوەیە ئەگەر بوون بە تەواویی خۆی دەربخات، ئێمە ناتوانین بیبینین، وەکچۆن ناتوانین شتێک ببینین کە بەتەواویی رووناک بۆتەوە، مەگەر بەشێکی هەر لە سێبەردا مابێتەوە؟ چونکە وەک تۆ دەڵێیت: «دەرکەوتن پێویستیی بەوە هەیە بڕێک شاراوەیی هەر بمێنێت.»
هایدگەر: بەوەش (نابوون) پێچەوانە، یان دژی بوون نییە، بەڵکو یەکێکە لەمەرجەکانی دەرکەوتنی؛ (بوون) هەرگیز خۆی کەشف ناکات، لە پەیوەندییدا لەگەڵ (نابوون)دا نەبێت.
هایدگەر لەساڵانی کۆتایی تەمەنیدا
هایدگەر لەساڵانی کۆتایی تەمەنیدا