ئا: هێدی گەڵاڵی
جوتیارانی دەشتی بەڕانەتی سنووری پارێزگای هەولێر، دوای چەندینجار ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار و گەیاندنی داواكارییەكانیان، دواجار لە گردبوونەوەیەكی ناڕازییدا گلەییەكانیان ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی كشتوكاڵ و لایەنی پەیوەندیدار كرد، بەهۆی ئەوەی 70 هەزار دۆنم لە زەوییە كشتوكاڵییەكان دەكوژێننەوە و بەسەر فەرمانبەرانی هەرێم دابەش دەكرێت.
لەو بارەیەوە عەبدوڵڵا محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی جوتیارانی بەڕانەتی و هاوكات وەك زیانلێكەوتوویەكی گوندی ئاشۆكان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمەی جوتیارانی گوندی ئاشۆكان لە سنووری بەڕانەتی هەولێر زیانێكی زۆرمان بەركەوتووە، بەهۆی ئەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانمان لەلایەن حكومەتەوە كوژاوەتەوە و بڕیارە بەسەر فەرمانبەران دابەشبكرێت.
وتیشی: ئێمە بە هیچ شێوەیەك رەزامەندنین لەسەر كوژاندنەوەی زەوییەكانمان، بۆیە داوا لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكەین، بۆ جارێكیش بێت گوێمان لێ بگرێت، چونكە ئەم حساب بۆ نەكردنەی ئەم خەڵكە زیانلێكەوتووە نازانین لە پای چیە؟
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە داوای قەرەبوو ناكەین، بەڵكو داوا دەكەین ئەم بڕیارە پێداچوونەوەی پێدا بكرێت، چونكە بڕیارەكە تاك لایەنانە و بێ رەزامەندی جوتیارانی بەڕانەتی دراوە، كە ئەمەش نیگەرانی دروستكردووە لەلای سەرجەم جوتیارانی دەشتی بەڕانەتی!
ئەو جوتیارە تەئكیدیكردەوە: ئەگەر حكومەتی هەرێم بەدەم بانگەواز و داواكاری ئێمەوە نەیەن و وەڵاممان نەدەنەوە، ئەوە ناچار دەبین لە رێگەی دادگاوە داوای مافی خۆمان بكەین، چونكە جێبەجێكردنی بڕی كوژانەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكان، دەبێتە هۆی لەناوبردنی هەلی كاری جوتیارانی ئەم ناوچەیە، كە ژیانمان لەسەر ئەم زەویانەیە.
قەهار گەزنەیی، وەك جوتیار و كەسایەتییەكی دەڤەری بەڕانەتی بەهەمان شێوە پێیوایە: كوژاندنەوەی ئەو 70 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵییەی جوتیارانی بەشێك لە گوندەكانی بەڕانەتی، غەدرێكی گەورەیە لە جوتیاران كراوە و بەو پێیەی ناكرێت زەوی كشتوكاڵی بۆ نیشتەجێبوون بەكاربهێنرێت.
ئەو جوتیارە پشتگیری زەرەرمەندانی هەموو جوتیارانی دەڤەرەكە دەكات و پێیوایە ئەو 70 هەزار دۆنم زەوییە كشتوكاڵیەی كە بڕیارە بدرێتە فەرمانبەران، زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی كە بڕیارە زەوی وەربگرن.
كوژانەوەی ئەو 70هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵییەی جوتیارانی بەشێك لە گوندەكانی بەڕانەتی، غەدرێكی گەورەیە لە جوتیاران كراوە و بەو پێیەی ناكرێ زەوی كشتوكاڵی بۆ نیشتەجێبوون بەكاربهێنرێت
لەبارەی گونجان و نە گونجانی زەوی كشتوكاڵی بۆ نیشتەجێبوون، د. ئەیوب سماقەیی ئابوریناس و مامۆستای زانكۆ وتی: زەوی كشتوكاڵی گونجاو نییە بكرێتە شوێنی نیشتەجێبوون، بەڵكو دەبێت شوێنی نیشتەجێبوون لەسەر ئەو زەوییانە بن كە بۆ كشتوكاڵ ناشێت و چاكتروایە شوێنی بەردەڵان و بەرزاییەكان بۆ شوێنی نیشتەجێبوون بەكاربهێنرێت.
هەر لەبارەی كێشەی زەویە كشتوكاڵییەكانی جوتیارانی دەشتی بەڕانەتییەوە، هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەی ئاو لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: ماوەیەكە ئاگاداری كێشەی جوتیارانی ناوچەی بەڕانەتین، بە مەبەستی چارەسەری كێشەكەیان كەسایەتی و نوێنەریان سەردانی وەزارەتیان كردووە و پێشوازییان لێكراوە و گوێیان لێگیراوە، هاوكات هەنگاوی پاڵپشتی لەرێگەی خۆمانەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار گیراوەتەبەر.
وتیشی: لە گردبونەوەیەكی جوتیارانی سنورەكە لەرێگەی دەزگاكانی راگەیاندنەوە بەشێكی نارەزایی و گلەیی و داواكاریەكانییان ئاڕاستەی خودی وەزیر و وەزارەتی كشتوكاڵ كراوە، سەرباری ئەوەی رێكارەكانی كوژاندنەوەی ئەو زەوییانە بەهیچ جۆرێك و لە هیچ لیژنەیەك كە پێكهێنراوە وەزیری كشتوكاڵی تێدا نەبووە، سەرەڕای ئەوەش لە ماوەی رابردوودا رێگری زۆرمان لە چۆنییەتی بەكارهێنان و كوژاندنەوەی زەوی كشتوكاڵی بۆ پڕۆژەی ناكشتوكاڵی كردووە، خودی وەزیر بەدواداچوون و پاڵپشتی داواكاری جوتیارانی دەشتی بەڕانەتی كردووە، لەپێناو پارێزگاریكردن لەو زەوییە بە پیتانە.