خراپی ژینگەی هەولێر و كاریگەریی لەسەر كەرتی خانووبەرە

لە كۆڕێكی ساڵۆنی لاپەڕە 9دا خرایەڕوو

11:59 - 2025-04-16
دووتوێ
36 جار خوێندراوەتەوە

 ئا: كوردستانی نوێ-هەولێر



رۆژی 12ی نیسانی 2025 لە ساڵۆنی لاپەڕە 9ی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆڕێك بۆ د. ئەیوب ئەنوەر سماقەیی مامۆستای زانكۆ بەڕێوەچوو، كە تایبەت بوو بە ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی ( التلوث العقاري) پیسبوونی خانووبەرە، لەو كۆڕەدا جارێكی دیكە باس لە خراپی ژینگەی هەولێر و كاریگەرییەكانی كرا، بەڵام ئەمجارە لەرووی ئابووری بە دیاریكراوی لەبارەی خانووبەرە و شوێنی نیشتەجێبوون، بەو پێیەی خراپی ژینگەی هەر شوێنێكی نیشتەجێبوون، لەرووی بوونی تاوەرەكانی گەیاندن و موەلیدەی كارەبا و زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل، كاریگەری لەسەر شێوازی ژیان لەو شوێنە و نرخی یەكەكانی نیشتەجێبوون دەبێت.

د. ئەیوب ئەنوەر سماقەیی

لە سەرەتای كۆڕەكەدا، د. ئەیوب ئەنوەر سماقەیی كورتە باسێكی لەبارەی كتێبەكە پێشكەشكرد و رایگەیاند: كتێبەكە لە چوار بەش پێكدێت، كە بۆ هەر بەشێكیان توێژینەوەیەك كراوە، لە بەشی یەكەمیدا باس لە تاوەری كۆمپانیاكانی گەیاندنی سەر خانووی ماڵان دەكات، بەشی دووەم تایبەتە بە ژاوەژاوی ئۆتۆمبێل و بەشی سێیەمیش باس لە موەلیدەی كارەبای گەڕەكەكان دەكات، دوابەشی كتێبەكەش تەرخان كراوە بۆ سەردەمی كۆڕۆنا و كاریگەرییەكانی لەسەر نرخی خانووبەرە و بەكرێدانی یەكەی نیشتەجێبوون.
وتیشی: بوونی هەریەكە لەوانەی لەو چوار توێژینەوەیە ئاماژەی بۆ كراوە، كاریگەری لەسەر نرخی خانووبەرە و خواستی هاووڵاتیان بۆ نیشتەجێبوون لەو شوێنانە دەبێت، ئەمەش وادەكات نرخی خانووی ئەو شوێنانە گۆڕانكاری بەسەردابێت و نرخی راستەقینەی خۆی لە دەست بدات، بۆیە ئەوەی لە كوردستان هەیە، بەتایبەتی شارێكی وەك هەولێر، كە توێژینەوەكانی تێدا ئەنجامدراوە لە وڵاتان نییە، ئەوان رێگانادەن تاوەری كۆمپانیاكانی گەیاندن لەسەر خانووی ماڵان دابنرێت، هەروەها موەلیدەی گەڕەگەكانیان نییە، بەگشتی شارەكان بە جۆرێك رێكخراوە كەمترین كاریگەرییەكانی پیسبوونی ژینگەیان لەسەر هەیە.
هەر لە كۆڕەكەدا د. ئەیوب باسی لە ناوەڕۆكی كتێبەكە کرد، كە بۆ توێژینەوەكە روونكردنەوەی خستەڕوو، سەرەتا لەبارەی تاوەرەكان كە لەلایەن كۆمپانیاكانی گەیاندنەوە داندراون و بڕێك پارە بە خاوەن خانووەكەی دەدەن و وتی: بەهۆی زۆری كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینتەرنێت، تاكو ئێستا ئەو تاوەرانە لە شوێنی نیشتەجێبوون بوونیان هەیە و بوونەتە جێگای قەلەقی پزیشكان و دەروونناسان و شارەزایانی بواری ئابووری و پێیانوایە، بەهۆی شەپۆلی كارۆموگناتیسی ئەو تاوەرانە كاریگەری سلبی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە و بە گوێرەی چەند توێژینەوەیەك لە ناوچەیەكی دیاریكراودا ژمارەی نەخۆشی كوشندە زۆر زیادیكردووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر نرخی خانووبەرە لەو شوێنانە دەبێت.
هەروەها ئاماژەی بە كاریگەرییەكانی ژاوەژاوی ئۆتۆمبێل لەسەر نرخی خانووبەرە كرد و رایگەیاند: بەهەمانشێوەی بوونی ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل، بەتایبەتی ئەوانەی كوالێتیان نزمە، زیانی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، ئەمەش بەهەمانشێوە نرخی خانووبەرە لەو شوێنانە پیس دەكات كە كاریگەرییەكانی زیاترە، بەهەمانشێوە موەلیدە ئەهلیەكانی كارەبا، ئەوانیش بەهۆی كاریگەرە سلبیەكانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ، هۆكارێكن بۆ دیاریكردنی نرخی خانووبەرە لەو شوێنانە.
هەر لەو كۆڕەدا د. ئەیوب ئەنوەر سماقەیی ئاماژەی بە توێژینەوەی چوارەمی كتێبەكە كرد، كە تایبەت بوو بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا و كاریگەرییەكانی لەسەر نرخی خانووبەرە، بۆ ئەمەش لە رێگەی چەند توێژینەوەیەكەوە بابەتەكەی شیكردەوە.
لە كۆتایشدا چەندین سەرنج و پێشنیازی بۆ لایەنی پەیوەندیدار خستەڕوو، لەپێناو لابردنی كاریگەرییەكانی خراپبوونی ژینگە و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان، هەروەها گەڕانەوەی نرخی راستەقینەی خانووبەرە و یەكەكانی نیشتەجێبوون، رێكخستنەوی ژیان لە شارەكان بەگشتی. 

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان