ئا: فاروق سەعید حەسەن
رۆژی دووشەممە كارەبا لە بەشێكی زۆری ئیسپانیا و زۆربەی ناوچەكانی پورتوگال و بەشێكی باشووری فەرەنسا بڕا و كۆمپانیای (REN)ی پورتوگالی كە وەگەڕخەری كارەبایە لەو وڵاتە، هۆكاری كارەبابڕانەكەی گەڕاندەوە بۆ دیاردەیەكی دەگمەنی كەش و هەوا، لە هەمان كاتیشدا ئەنتۆنیۆ كۆستا سەرۆكی ئەنجومەنی ئەوروپا رایگەیاند: هۆكاری كارەبابڕانەكە هێرشی ئەلیكترۆنی نییە و ئەو دەنگۆیانەی بەدرۆخستەوە كە باسیان لەو بابەتە كردووە.
سەبارەت بە زیانە ئابوورییەكانی كارەبابڕانەكە كایل چاپمان پسپۆڕی شیكاری دراو لە گروپی بالینجەر بە یۆرۆنیوزی راگەیاند: دەتوانین بڵێین ئابووریی ئیسپانیا رۆژی دووشەممە بە تەواوی داخراوە. ئاماژەی بەوەشكرد، مەترسیی گەورە لەسەر ژێرخانی ئەو وڵاتانەیە كە كارەبایان لێبڕاوە، ئەوەش لەسەر ئاستی مانگانە زیان بە گەشەی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی دەگەیەنێت.
كەرتی گواستنەوە بە پلەی یەكەم دێت
راپۆرتێكی یۆرۆنیوز ئاماژە بەوە دەكات، كە زیانە ئابوورییەكانی ئەو رووداوە هێشتا بە تەواوی دیار نییە، بەڵام گومانی تێدا نییە، كەرتی گواستنەوە و گەشتەكان بە پلەی یەكەم زیانیان پێدەگات، چونكە كارەبابڕان بووە هۆی وەستانی شەمەندۆفێر و میترۆكان و دواكەوتنی گەشتە ئاسمانییەكان، جگە لەوەش بەشێكی زۆر لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان كارەكانیان پەكیكەوت.
میركۆ ویتزیك سەرۆكی بەشی زانیاری لە كۆمپانیای (Everstream Analytics) لەو بارەیەوە وتی: كارگەكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە فۆردەوە بیگرە تا دەگات بە ئیڤیكۆ، كە نزیكەی پێنج هەزار كرێكار كاری تێدادەكەن، لەكاركەوتن، هەروەها كارگەكانی بەرهەمهێنانی خۆراك و ماددە كیمیاییەكانیش رووبەڕووی هەمان كێشە بوونەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا بازاڕی دراو و پشكەكانی ئەوروپا بە گشتی، كاریگەرییەكی كەمی رووداوەكەی بەسەرەوە بوو، زۆربەی نیشاندەرەكان ئەرێنی بوون، بۆ نموونە نیشاندەری (IBEX 35)ی ئیسپانی بە رێژەی %0.75 هەڵكشا، نیشاندەری یۆرۆستۆكس و كاك40ی فەرەنسی و داكسی ئەڵمانی و (FTSE MIB)ی ئیتاڵیش بە گشتی روو لە هەڵكشان بوون.