لە سەرەتای دامەزراندنی رادیۆی كوردی رووناکی لە گورجستان لە ساڵی 1978، دهنگبێژان و هونەرمەندانی میللی کورد لە گورجستان و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، چەندین گۆرانی نەتەوەیییان بۆ نەوەکانی داهاتووی رهوهندی کوردی له رادیۆی كوردی له گورجستان تۆمار و ئەرشیف کردووە، بە مەبەستی پاراستنی زمان و مێژوو و کهلتور و نەریتی کوردهواری.
لهوبارهیهوه، بێلە سیتورکی رۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری رادیۆی رووناكی لە گورجستان کە لە شاری تهبلیسەوە پەخش دەکات بە کوردستانی نوێی راگەیاند: رادیۆی کوردی لە گورجستان بۆ یەکەمینجار لە 29ی ئەیلولی ساڵی 1978 دەستی بە پەخشی خۆی کردووە، تا ئەمڕۆش بەردەوامە، ههروهها چهندین بەرنامەی جۆراوجۆر بە زمانهكانی کوردی و گورجی و روسی پێشکەش دەکات، من هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئهمڕۆ کارم تێدا کردووە. پێشەکی من و رەحمەتی کەرەمێ سەیاد، بەڕێوەبەری پێشووی رادیۆی کوردی لە یەریڤان، لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە رادیۆکەدا کارمانکردووه و هاوکار و رێنیشاندهری سهرهكی من بوون.
وتیشی: پێشەکی من وەک وەرگێڕ بۆ زمانەکانی روسی و گورجستانی بۆ سهر زمانی كوردی له رادیۆکەمان دەستم پێکردووه، دواتر بووم بە بێژەر و پێشکەشکاری رادیۆکە، بەڵام ئێستا به تەنیا لە رادیۆكهدا کاردەکەم و بە شانازییەوە بەردەوام دەبم لە خەباتی پیرۆزی خۆم، بهمەبەستی خزمەتکردن و پاراستنی زمان و مێژووی کوردی لە گورجستان، واتە ماوەی 47 ساڵە لە رادیۆی رووناكی کار دهكهم، بێگومان پهرۆشی و خۆشهویستیی من بووه، بۆ پاراستنی بوون و ناسنامهی کورد و زمان و فەرهەنگ و مێژووی نەتەوەکەمان لە وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا.
دەشڵێت: لە سەردەمی سۆڤیەتدا کورد دەرفەتی زیاتری بۆ رەخسابوو، بەتایبەتی لە رووی خوێندنی زمانی کوردی و بوونی چەندین كۆمهڵهی رۆشنبیران و نووسەرانی کورد لە گورجستان، هەروەها لەلایەن دەوڵەتەوە پشتیوانیمان لێدهکرا، بەڵام دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت کورد پهرتهوازه و دابەشی وڵاتان بوون، رادیۆکەمان لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2007 داخرابوو، بەڵام به هەوڵی چەند کەسایەتی و ئهندام پەرلەمانێكی کورد لە وڵاتەکەمان، رادیۆکەمان دەستی بە پەخشی ئاسایی خۆی کردەوە، ئێستا نهتهوهی كورد تاکە ئێستگەی رادیۆی كوردی ماوه لە گورجستان.
وتی: سەرەتای دامهزراندنی رادیۆی کوردی رووناكی هەفتەی جارێك 15 خولەک پەخشی دەکرد، دواتر بوو به 25 خولەک، ئێستا ههموو رۆژێکی ههینی 30 خولەک پهخشی ئاسایی خۆی دهكات، هەروەها بەرنامەی جیاوازم لەسەر پاراستنی زمان و مێژوو و فەرهەنگی کوردی و هەواڵی گشتی پارچەکانی دیكهی کوردستانی گەورە و هەڵەبجە و شنگال و گورجستان بە گشتی بۆ گوێگرانی رادیۆكهمان پەخش دهکهم.
بێلە وتیشی: لە سەرەتای دامەزراندنی رادیۆی کوردی لە گورجستان، لاوك و گۆرانیی هونەرمەندانی کوردمان لە گورجستان و وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، تۆمار کردووە و نووسیومانەتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووی کورد ئەرشیفمان کردووە، ئەمەش لهپێناو پاراستنی زمان و مێژوو و کهلتور و نەریتی کوردهواریدا.
بەداخەوە بەهۆی نەبوونی خوێندنی کوردی لە قوتابخانەکان و نەبوونی وانەی کوردی و کتێبی پێویست، زۆربەی منداڵان و گەنجانی كورد زمانی دایكیان لەبیر کردووە.
روونیشیکردەوە کە زۆربەی کوردانی دانیشتووی گورجستان ئێزدیین، بەڵام دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت، زۆربەی کوردەکانی ئەم وڵاتە روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، ئێستا ژمارەی کورد کەمی کردووە و پەرش و بڵاوبوونەتەوە، بهڵام هێشتا چەندین هونەرمەند و شێوهكار و ههڵبهستڤانی کورد لە وڵاتهكهماندا ماون و بهردهوام کار و چالاكییان بۆ پاراستنی زمان و مێژووی کورد دەکەن.
شایهنی باسـه (بێله سیتورکی) رۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری رادیۆی كوردی رووناكییه لە گورجستان و كوردی ئێزدییه، هاوكات خاوەنی چەندین بابەت و بەرنامەی رۆژنامەوانی و چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنییه بە زمانهكانی کوردی و گۆرجی. تاکە كهسه رادیۆی کوردی لە گورجستان بەڕێوەدەبات، هەفتەی جارێک 30 خولەک بەرنامە و هەواڵهكان بڵاودەکاتەوە.
پێش روخانی یهكێتی سۆڤیهت ژمارەی کورد لە گورجستان نزیکەی 50 هەزار کەس بوون، بەڵام ئێستا بهپێی ئامارێكی وڵاتەکە نزیکەی 15 هەزار کەس دهبن.