ئەلفای ئەدەبی منداڵان

شیعری منداڵان بەرەو کوێ؟

11:24 - 2025-05-08
ئەدەب و هونەر
167 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان

 

 شیعری منداڵان، یەکێکە لە ژانرە ئەدەبییەکان، بەشێوەیەکی گشتی شیعری منداڵان چەند تایبەتمەندییەکی وەک، سادەیی و ئاسانیی و روونی و خەیاڵئامێز لە خۆدەگرێت، بە مەبەستی سەرنجڕاکێشانی منداڵان و وروژاندنی خەیاڵ و هەست وسۆزیان. ئەمجۆرە شیعرە رەنگدانەوەی هەست و ئەزموونی منداڵانە، رێگەیەکە بۆ هاندان و پاڵپشتیکردنی توانای خوێندنەوە و نووسین لای منداڵان و پەرەپێدانی هەستی جوانکاری و داهێنان تیایاندا. بەڵام لە ئێستادا کە سەرچاوەکانی گەڕان و دۆزینەوە زیاترن و منداڵان بە ئاسانی دەستیان بە زۆر بابەتی چێژبەخش دەگات، شیعری منداڵان رووبەرووی گەلێ ئاستەنگ و ئالەنگاری دەبێتەوە کە وا لە شاعیرانی بواری منداڵان دەخوازێت چیتر وەک رابردوو لە شیعری منداڵان نەڕوانن و کە تەنها بابەتگەلێکی زانیاری، یان ئامۆژگاری، یان ناساندن و رێنمایی لە خۆ بگرن، لەو ئالەنگارییانە:
1. لە ئێستادا منداڵان بەشێوەیەکی زۆر زیاد ئالودەی ئامێر و کەرەستە تەکنەلۆژی و ئەلیکترۆنییەکانن، کەمتر دەچنە سەر خوێندنەوە و چێژوەرگرتن لە بابەتە نووسراوەکان، بۆیە دەستەبەری جێگرەوەی و خستنەبری سەرچاوەکانی شیعر لە نێو تەکنەلۆژیا سەردەمییەکان، کارێکی گرنگ و پێویستە.
2. پاشەکشەی گرنگیدان بە ئەدەبی نەریتی- تەقلیدی- لە چاو رابردوودا یەکێکە لە هۆکارەکانی دوورکەوتنەوەی منداڵان لە خوێندنەوەی شیعر، بە تایبەت کە تێکەڵبوونی کەلتورەکان و فرەبوونی شیعر بە زمانی بییانی و تاڕادەیەکیش کاریگەرتر لە ئەدەبی خۆماڵی کاریگەریی کەمبوونەوەکەی زیاتر کردووە.
3. بەرهەمێکی زۆری شیعری منداڵان لە بەردەست هەن، بەداخەوە زۆریان نەیانتوانیوە لە رووی ناوەڕۆک و رووخسارەوە رابردوو تێبپەڕینن، هێندە دووبارە و لەیەکچوون لە رووی وشە و ناوەڕۆکەوە، ناتوانن تایبەتمەندی سەرنجڕاکێشی وەربگرن، زۆر لە سنورێکی داخراوی ناونیشان و ناوەڕۆکدا دەخولێنەوە.
4. منداڵانی ئێستا منداڵانی رابردوو نین، گرنگە نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان دەرک بەو راستییە بکەن، منداڵانی نەوەی ئەلفا هۆشیارن بەداخوازییەکانیان، وردن و زیاتریان دەوێت و کراوەن و دەستیان بە زۆر زانیاری دەگات، ناکرێت شاعیری منداڵان، بوون و بیرکردنەوەی خۆی بە ئامۆژگاری راستەوخۆ و زانیاری سادە بخاتەڕوو، بەڵکو دەبێت پێ بە پێی قۆناغەکانی گەشەی منداڵ شیعریش کاریگەریی زیاتر لەخۆبگرێت.
5. ئەدەبی منداڵان و شیعر بەشێوەی تایبەت، پێویستی بە پلاتفۆرمی نوێ و هاوچەرخانە هەیە، بەشێکی زۆری شاعیران ناچارن هەژمار و پەڕە تایبەتەکانی خۆیان بکەنە پلاتفۆرمی بڵاوکردنەوەی شیعرەکانیان، یان ئەو پلاتفۆرمانەی کە لە بنەڕەتدا بۆ منداڵان نین. ئەمە ئاستەنگییەکی زۆر بۆ منداڵان درووست دەکات، کە دەستیان نەگات بەو شیعرانە، یان نەتوانن چێژی لێ ببینن چونکە لە پێگەیەکدا نییە گونجاو بێت لەگەڵ حەز و هەست و خولیای خۆیاندا تا منداڵان بەسەرنجەوە بۆی بڕوانن و خواستی دەستکەوتنیان هەبێت. هەموو ئەم ئالەنگاریانە و بێگومان هی تریش هەن، دەمانخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی بۆ نووسینی شیعر بۆ منداڵان و چۆنێتی ئاشناکردنی منداڵانیش پێیان، ئەمەش ئەرکی هەر ئەدیب و رۆشنبیرێکە کە خەمی مندالان و ئەدەبەکەیانی هەبێت.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان