ئیستەنبوڵ: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جەهەپە کۆبوونەوە

03:55 - 2025-05-27
جیهان
186 جار خوێندراوەتەوە

وەفدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) چەند پرسێكی گرنگ تاوتوێ دەكەن لە نێویاندا پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا.
لە ئیستەنبوڵ-ی توركیا شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی، د.جوان ئیحسان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و دارا خەیلانی، ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی و ئەندامانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) كۆبوونەوە. 
لە كۆبوونەوەكەدا، دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە تاوتوێكرا، بەتایبەتی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كە لە ماوەی رابردوودا پێشهاتی نوێی لێ هاتۆتە پێشەوە، هاوكات جەختكرایەوە لەسەر هەماهەنگی و هاوكاری هەموو لایەنەكان لەپێناوی پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی بۆ ئەوەی ناوچەكە لە گرژی و ئاڵۆزییە سیاسییەكان دووربكەوێتەوە. 
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەردوو حزب وەك ئەندامی كارای رێكخراوی سۆشیالیست ئەنتەرناشناڵی نێودەوڵەتی، هاوڕابوون  كە هەنگاوە سیاسییەكانیان هاوتەریب بێت لەگەڵ بەهاكانی سۆشیال دیموكراسی، بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ ناوچەكە و كەمكردنەوەی ئاڵنگارییەكان. 
د.جوان ئیحسان رایگەیاند: ئێمە لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان سیاسەتێكی نیشتمانی و ھاوسەنگ بۆ ھەموو جومگە سیاسییەكان پەیرەودەكەین، گفتوگۆ بە بژاردەی گونجاو زانیووە بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان.
وتیشی، لەسەر ڕێبازی مام جەلال و هەوڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام دەبین بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و پێمان وایە لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا، سەقامگیری ناوچەكە بەستراوەتەوە بە چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەی كورد.
 هەردوو وەفدی یەكێتی و جەهەپە هاوڕابوون كە بەجێگەیاندنی بەهاكانی دیموكراسی و دادپەروەری كە  بنەمای كارپێكراوی ئەم دوو حزبەیە، كاربكەن بكەن بۆ فراوانكردنی ئاسۆی پەیوەندییەكان و كەمكردنەوەی گرژییەكانی ناوچەكە بە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و رێگای دیبلۆماسی.

#یەکێتی

بابەتە پەیوەندیدارەکان