کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وادەی پێدانی ژمارەی هەڵبژاردنەکانی بۆ هاوپەیمانی و حزبەکان و کاندیدە سەربەخۆکان راگەیاند، هاوکات دووپاتیکردەوە دیاریکردنی 15 رۆژ دوا وادەیە بۆ تەواوکردنی وردبینیکردنی سەرجەم داتاکانی کاندیدەکان.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان به ئاژانسی هەواڵی عیراقی (INA)ی راگەیاند: کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە کارەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەوادەی خۆیدا، ئەوەش بەپێی خشتەی ئامادەکارییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ رێکخستنی پرۆسەی ئەنجامدانی تیروپشک بۆ هاوپەیمانی و حزب و کاندیدە سەربەخۆکان لە 5ی ئابدا.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: داتای تاکەکەسی کاندیدەکان کە کێبڕکێ دەکەن بۆ کورسییە گشتی و پێکهاتەکان پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و نێردراوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی شایستەیی کاندیدەکان. ئاماژەی بەوەشکرد، چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لیژنەی ئەمنی ئەنجامدراوە وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بۆ دەستەبەرکردنی تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان.
غەلای روونیکردەوە، هێشتا کارەکان بەردەوامن بۆ پشتڕاستکردنەوەی پەسەندکردنەکان، کۆمسیۆن پێویستی بە 15 رۆژە بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە، پاشان پرۆسەی تیروپشکەکە بۆ پێدانی ژمارەی هەڵبژاردنەکان بە هاوپەیمانی و حزب و کاندیدە سەربەخۆکان لە 5ی ئاب بەڕێوەدەچێت.