ژمارەیەكی زۆر پرۆژە بۆ ناحیەی شوان و خاڵخاڵان جێبەجێ دەكرێن

11:30 - 2025-07-16
کوردستان
39 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری كەركوك، بەڵێنیدا پرۆژە خزمەتگوزارییە پێویستەكان دەگەیەننە ناحیەی شوان و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاش رایدەگەیەنێت: پرۆژەكان زۆرن و لە زووترین كاتدا دەستپێدەكرێن.
دوێنێ، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، بە هاوڕێیەتیی ئەندامانی ئەنجومەن و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، سەردانی ناحیەی شوان و كۆمەڵگەی خاڵخاڵان-ی كرد و گوێبیستی داواكارییەكان بوو.
لەبارەی سەردانەكەوە، نەشئەت شاهۆیز ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پارێزگار، بەڵێنی جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی (قیرتاوكردنی رێگەی سەرەكیی شوان، هەڵكەندنی سێ بیری ئیرتیوازی، قیرتاوكردنی رێگەی شوان-چەمچەماڵ، نۆژەنكردنەوەی هۆڵی پرسەی ژنان، دروستكردنی هۆڵێكی وەرزشی بۆ ژنان، نۆژەنكردنەوەی یاریگای سمایل بەگ، نۆژەنكردنەوەی بینای دادنووسی شوان، نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەی گوندی عەلی موسا، نۆژەنكردنەوەی یاریگای رێدار، راكێشانی كارەبای 24 سەعاتی بۆ بەشی فریاكەوتنی بنكەی تەندروستیی خاڵخاڵان، پێدان كە داواكاریی خەڵكی سنوورەكە بوو.
ئاماژەی بەوەشكرد كە جگە لەو پڕۆژانە، بڕیاردرا بە دروستكردنی هۆڵی ژنان و منداڵبوون لە بنكەی تەندروستیی ناحیەی شوان و دابینكردنی پزیشكی پسپۆڕ و ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس، وتیشی: چەند پرۆژەیەكی دیكە بەڵێنی جێبەجێكردنیان درا كە بریتیبوون لە قیرتاوكردنی رێگەی ئیلنجاخ-گوندەكانی شێخ بزێنی، نۆژەنكردنەوەی باخچەی سەرەكیی بازاڕی قەڵاتە، دروستكردنی ئاوەڕۆ بۆ چەند كۆڵانێكی كۆمەڵگەی خاڵخاڵان و كۆنكرێتكردنیان، كە هەموو ئەوانە پرۆژەی گرنگن و هۆكاری ئاوەدانی و گەشەپێدانی ناوچەكەن.
كەركوك، هێمن ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان