لە شەش مانگی ئەمساڵدا نزیكەی 1050 سزادراو ئازادكراون

״چاوەڕێی پەرلەمانی كوردستانین بۆ دەركردنی پرۆژەیاسایەكی تایبەت بە لێبوردنی گشتی״

11:31 - 2025-07-16
کوردستان
40 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان، ئاماری كار و چالاكییەكانی شەش مانگی رابردووی ئەمساڵی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی بۆ سزادراوان لە هەرێمی كوردستان ئامادەدەكرێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، ئیحسان عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە بارودۆخ و تەندروستیی زیندانیان و خوێندن و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست بە چاكسازییەكان كرد و رایگەیاند: پرۆژەیاسایەك بۆ لێبوردنی گشتی تایبەت بە سزادراوانی هەرێمی كوردستان ئامادەیە، هەر كاتێك پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەكانی دەستپێكرد، كاری پێویستی لەسەر دەكرێت.
باسی لەوەشكرد كە لە چەند مانگی رابردوودا لێبوردنی گشتی دەركراوە و ژمارەیەك سزادراو ئازادكراون، بەڵام بەهۆی زۆریی ژمارەی زیندانیكراوانەوە پێویستدەكات یاسایەكی تایبەت بە لێبوردنی گشتی دەربكرێت بۆ ئەو بەندكراوانەی یاساكانی ئازادكردن دەیانگرێتەوە، وتیشی: لە شەش مانگی ئەمساڵدا نزیكەی 1050 سزادراو ئازادكراون.
ئەوەشی خستەڕوو بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازییەكانی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، كاردەكات بۆ دروستكردنی باڵەخانەی مۆدێردن، تایبەت بە بەندیخانەكانی چاكسازی و نۆژەنكردنەوەی بەندیخانەكان.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

بابەتە پەیوەندیدارەکان