دیاردە دزێوەکان

کاڵبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان

10:20 - 2024-05-08
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
63 خوێندراوەتەوە

- 7 -

یەک لە بەها جوانەکانی کۆمەڵی کوردەواری پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی بوو، خزمایەتی و دۆستایەتی و دراوسێتی بەجوانی رەچاو دەکرا و مانایەکی سەنگینی درابوویە و نەریتێکی تابڵێی رێزلێگیراو بوو. ئەوانەی لەم نەریتە لایاندایە لای خەڵک بە چاوی رێزەوە سەیر نەدەکران. ئەم نەریتی رەچاوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە گەرمە ببوو بە دەستووری ژیانی کۆمەڵگە و لە خۆشی و ناخۆشیدا بە تەنگی یەکترەوە بوون، بەتایبەتی لە ناخۆشیدا ئەگەر کەسێک لێی بقەومایە و مردوویەکی لێ بمردایە خزم و دراوسێ و دۆست هێندە بە دەمیەوە بوون و دڵنەواییان دەکرد لە رووی دەروونییەوە ئەو کۆست و خەمەیان زۆر لەسەر شانی خاوەن مردوو سووک دەکرد. دراوسێ بێ هیچ بەرژەوەندییەک بەسەر دراوسێدا دەمرد و دڵی رادەگرت، خزم زوو زوو سەردانی یەکتریان دەکرد و لە شین و شایی یەکتردا هاوکار و هاوسۆز بوون. ئەم نەریتە بۆ گوند و شاریش وەک یەک بوو. ئەگەر ساردییەکیش بکەوتایەتە نێوانەوە لە کۆست و لێقەوماندا فەرامۆش دەکرا و گەلێ جاریش دەبووە مایەی ئاشتەوایی و گەرمکردنەوەی نێوان دوو لایەنە ناکۆکەکە. دەیان پەند و ئیدیۆم و قسەی پێشینان لە کەلەپور و فۆلکلۆری دەوڵەمەندی کورددا شایەتی ئەو رایەڵ و تانوپۆ پتەوەی پەیوەندییەکانی ناو کۆمەڵی کوردەوارین.

 

 

لە 100 لاوە کارمان لەسەر دەکرێت بۆ شێواندنی تەواوی ئاکار و مۆراڵمان و پێویستە زۆر بەزوویی لەم مەترسییە بەئاگابێینەوە

 

 

ئەوانەی لە سەرەوە باسمکردن زۆر بەخێرایی و لە ماوەی ئەم 20 - 30 ساڵەی دواییدا بە زۆریی باریان کرد و پێچرانەوە، یان بە ئاستێک لاواز و نامۆ بوون بەو نەریتەی رابردووی نزیکمان کە خەریکە نەیناسینەوە. لای ئێمەمانان ئەم بازدانە کوتوپڕە ئاسایی نییە و هەڵوێستەی جدیی گەرەکە و خەریکە سەر دەئاوسێنێت. تۆ بڵێی ئەمە هەمووی کار و کاریگەریی گڵۆباڵیزم و ئامێر و ئامڕازەکانی تەکنۆلۆجیای مۆدێرن بێت. من لاریم لە پەرەسەندنی کۆمەڵگە نییە بە هەموو رەهەندەکانییەوە و بێگومان پێشکەوتن و پەرەسەندن مەسەلەیەکی حەتمییە و کاریگەریی تەکنۆلۆجیاش هەر حەتمییە، بەڵام ئەمەی روودەدات تەنها گۆڕانی رەفتار و ئاکار نییە بەباری سروشتیی خۆیدا، بەڵکو بریتییە لە پڕۆسەی شێواندنێکی گشتگیری ناخ و رەفتارمان و لەسەر هەموو ئاست و تەوەرێکمان رەنگیداوەتەوە و خەریکە هیچ داروبارێکی دوێنێی خۆمان نەناسینەوە و راست و چەپی خۆمان لێ تێکچووە. پێموایە دەردە کوشندەکەمان هەر لەم چەپاڵە هەرێمەی خۆماندا بێت، بەو پێیەی کەوا لە 100 لاوە کارمان لەسەر دەکرێت بۆ شێواندنی تەواوی ئاکار و مۆراڵمان و پێویستە زۆر بەزوویی لەم مەترسییە بەئاگابێینەوە، تا لەمە زیاتر دانەوەشێین و نەچین بە 
ناخی زەویدا.

وتارەکانی نوسەر