کێ لە دژی یاسای لەشفرۆشی وەستایەوە؟

10:31 - 2024-05-09
شاڵاو عەبدوڵڵا سۆفی
214 خوێندراوەتەوە

شاڵاو عەبدوڵڵا سۆفی

ناکرێت لایەنێک کە سەدان گلەیی لە چۆنێتی بەڕیوەبردنی هەرێم و یاسا و سیستمەکەی هەیە، کەچی لەبەرامبەر یاسای لەشفرۆشی، لەدژی بوەستێتەوە و دەنگی پێنەدا

 

پاراستنی بەها رەوشتی و دینییەکان و کەلتور و خێزان  ئەرکی سەرجەم تاک و لایەنێکە، هەر کەسێک و لایەنێک هەوڵ و ئامانجی پاراستنی کەلتور و بەها رەوشتییەکان نەبێ، تاوانە بانگەشە بکات بۆ ئەوەی ببێت بە نوێنەری گەلێک، یان خۆی بخزێنێتە ناو پڕۆسەی سیاسییەوە و هزری تاکەکان تێک بدات بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتە ئابوورییەکان، چونکە سیاسەت بەشێکی گرنگی بنیاتنانی کۆمەڵگەیە و دەبێت لە ئامانجە سەرەکییەکە دوور نەخرێتەوە.
لەراستیدا حزبەکان هەوڵ دەدەن بگەنە دەسەڵات تا زیاتر خزمەت بە وڵاتەکە بکەن، ئەوان ململانێ دەکەن لەسەر ئەوەی چۆن زیاتر وڵات ئاوەدان بکەنەوە و بەشدار بن لە داڕشتنی یاساکان و گونجاندنی لەگەڵ کۆمەڵگەکە.
لە کۆتایی مانگی نیسانی رابردوودا، پەرلەمانی عیراق بە ئامادەبوونی 170 ئەندام دانیشتنی ژمارە 20ی کرد و بە زۆرینەی دەنگ یاسای هه مواری یەکەمی یاسای نەهێشتنی لەشفرۆشی ژمارە8ی ساڵی 1988ی پەسندکرد، هەموارەکە لە 12 مادە پێکهاتووە، بە گوێرەی  هەموارەکە هەر کەسێک بانگەشەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی بکات، بە حەوت ساڵ زیندانی یان 10بۆ15 ملیۆن دینار سزا دەدرێ،    هەر لە یاساكەدا، سزای زیندانی و غەرامە دیاریكراوە كە بەپێی جۆری تاوانەكان لە حەوت ساڵ زیندانیكردنەوە تا 15 ساڵ دیاریكراوە لەگەڵ غەرامەی لە 5 ملیۆن دینارەوە تا 15 ملیۆن دینار.  
سەرجەم لایەنە کوردییەکان جگە لە جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دەنگیاندا بە هەمواری یاسای لەشفرۆشی.
جێگەی خۆێەتی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان، ئەم پرسیارە بیروهۆشیان ئاڵۆز بکات، چونکە قەدەغەکردنی لەشفرۆشی و دیاردە هاوشێوەکانی بۆ هەموو کۆمەڵگەیەک کارێکی باشە و پەیوەندیی بە چۆنێتی تەندروستبوونی کۆمەڵگەوە هەیە، ناکرێت لایەنێک کە سەدان گلەیی لە چۆنێتی بەڕیوەبردنی هەرێم و یاسا و سیستمەکەی هەیە کەچی لەبەرامبەر یاسای لەشفرۆشی، لەدژی بوەستێتەوە و دەنگی پێنەدا. 
ئەگەر ئۆپۆزسێۆنێک لە ئێستاوە لە دژی مۆڕاڵ و دابونەریتی کوردی دەنگ بە یاسای لەشفرۆشی نەدات، بێگومان بگات بە دەسەڵات  ناتوانن بەرەو چاکسازی و گەشەکردنی کۆمەڵگە هەنگاو بنێن، ناتوانن نوێنەری خەڵک بن لە حکومەت و پەرلەمان.
ئایا دەنگدەران ئامادەن متمانە ببەخشن و دەنگ بدەن بە لایەنێک کە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی خێزان و بەها رەوشتییەکانی و کەلتور و بەها ئاینییەکانە؟

وتارەکانی نوسەر