وتاری رادەربڕین

تورکیا و پڕۆژەی دەستوورە نوێکەی

10:35 - 2024-05-09
فەرید ئەسەسەرد
130 خوێندراوەتەوە

فەرید ئەسەسەرد 

لە تورکیا دانانی دەستوورێکی نوێ کەوتۆتە بەر باس و یەکەم جار نییە باسی ئەم مەسەلەیە دەکرێت.
لەساڵی 2017 دا ئەم بابەتە وروژێنرا، ئەوساش وەک ئێستا، بیانووی رەسمی ئەوە بوو کە پێویستیان بە دەستوورێکی پێشکەتووترە و کاتی ئەوە هاتووە کە دەستووری ساڵی 1982 ی کودەتاچییەکان لەخۆی داماڵێ.
لەساڵی 2017 دا ئەم مەسەلەیە زۆر بەگەرموگوڕیی وروژێنرا، بەڵام لە کۆتاییدا مەسەلەکە واکەوتەوە کە واز لەدانانی دەستوور هێنراو دەستووریان هەموار کردەوە، بە چەشنێک کە سیستم لە پەرلەمانییەوە کرایە سەرۆکایەتی و ئەو مادەیەش لابرا کە رەوایی بە کودەتای سەربازیی دەدا و سوپای بە پارێزەری سکولاریزم دادەنا.
ئێستا جارێکی تر مەسەلەی دانانی دەستوورێکی نوێ کەوتۆتەوە سەر زار، سەرەڕای ئەوەی کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لە دانانی دەستوورێکی تازە دەکەن، بەڵام لە وردەکارییدا تێروانینی زۆر جیاواز لە نێوانیاندا سەبارەت بەم مەسەلەیە هەیە، بەجۆرێک کە دەشێ کێشەی گەورەی لێبکەوێتەوە و تەنانەت رەنگە شکستیش بێنێ.

 

کورد دژی دانانی دەستوورێکی نوێ نابێ، ئەگەر ئەو دەستوورە مەوداکانی دیموکراسی فراوان بکات و روخسارێکی تورکیایی نەک تورکی بە چەمکی هاووڵاتیبوون ببەخشێ 

 

بۆچی حزبی دەسەڵاتدار پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە؟ لە راستیدا نەک هەر حزبی دەسەڵاتدار، بەڵکو هەموو تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێیە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بە گومانەوە لە مەسەلەکە دەڕوانێ و پێیوایە هاندەری سەرەکیی حزبی دەسەڵاتدار بۆ کارکردن بۆ دانانی دەستوورێکی نوێ، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرۆکەکەی بەپێی دەستووری ئێستا، ناتوانێ بۆ جاری سێیەم خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2028 کاندید بکاتەوە.
بۆیە مەسەلەکە لەوە قووڵترە و پەیوەندیی بە خواستی خۆ کاندیدکردنی ئەردۆغانەوە نییە و کێشەکە ئەوە نییە کە ئەو خۆی کاندید دەکات یان نا؟
ئۆپۆزسیۆن وەک پرنسیپ، دژی دانانی دەستوورێکی نوێ نییە، بەڵام مەرجی بۆ دانانی دەستوورێکی نوێ هەیە و دەیەوێت سیستم لە سەرۆکایەتییەوە بکرێتەوە بە پەرلەمانی و پێیوایە ئەمە زۆرتر بە کەڵکی تورکیا دێ، بەڵام لە ناو ئۆپۆزسیۆندا ئەو رایەش هەیە کە نابێ مەسەلەکە لە سیستمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی قەتیس بکرێ، بەڵکو دورتر دەڕوانن و رژێمێکی مەدەنی دیموکراتی لیبراڵ دەخوازن و ئەمە بە شایستەی تورکیا دەزانن.
کێشەیەکی تریش هەیە، ئەویش ناکۆکییە لەسەر سیستمی سکولار کە ئیسلامییەکان رەتی دەکەنەوە و دەستەبژێرە لیبرڵەکان پێداگریی لەسەر دەکەن.
لەپاڵ هەموو ئەم پرسە ناکۆکانەدا، شەقامی لیبراڵ لە وروژاندنی مەسەلەیەک دەسڵەمێتەوە کە ئەویش گێڕانەوەی پایتەختە بۆ ئیستانبوڵ. لیبراڵەکان ئەمە پەسەند ناکەن، لە کاتێکدا کە ئیسلامییەکان، بە پێچەوانەوە، پشتیوانیی لێدەکەن. 
ئیستانبوڵ بۆ ماوەی 400 ساڵ پایتەختی عوسمانییەکان بووە و زۆربەی سەروەرییەکانی تورک بۆ سەردەمی گەشانەوە و باڵادەستی پێکدێنێ. لیبراڵەکان دەترسن دانانی مادەیەکی وا لە دەستوری نوێدا، پشتیوانییەکی زۆر بۆ دەستوورە نوێکە پەیدابکات. 
بە پێی دەستووری ئێستا، کەس ناتوانێ پایتەخت لە ئەنکەرەوە بۆ هیچ شوێنێکی تر بگوازێتەوە. لەکاتی خۆیدا، مستەفا کەمال بۆیە پایتەختی لە ئیستانبوڵەوە گواستەوە بۆ ئەنکەرە، بۆ ئەوەی ئاراستەی شارستانیی تورکیا بەرەو ئەوروپا بگۆڕێ. 
ئۆپۆزسیۆن دەترسێ دانانی مادەیەک لە دەستووری نوێدا سەبارەت بە گێرانەوەی پایتەخت بۆ ئیستانبوڵ، پشتیوانیی زۆرتر بۆ دەستووری نوێ دابینبکات. 
کورد دژی دانانی دەستوورێکی نوێ نابێ، ئەگەر ئەو دەستوورە مەوداکانی دیموکراسی فراوان بکات و روخسارێکی تورکیایی نەک تورکی بە چەمکی هاووڵاتیبوون ببەخشێ و دان بە زمانە لۆکاڵەکاندا بنێ و فرەیی زمانەوانی بسەلمێنێ.
تورکیا لە هەموو روویەکەوە پێویستی بە دەستوورێکی کراوە و مۆدێرنە کە مافە دیموکراتییەکانی کورد و عەلەوییەکان بسەلمێنێ . 
دەستوور بەبێ سازان تێناپەڕی. ئەزموونی نووسینی دەستوریش لە عیراق نیشانی داوە کە سازان لە نووسینی دەستووردا یەکڕیزیی نیشتمانی پتەوتر دەکات. 

وتارەکانی نوسەر