جێی خۆشحاڵییه خزمه‌تگوزارییه بنە‌ڕه‌تییه‌كان به‌پێی توانای ئیداره و ده‌سه‌ڵات له‌سلێمانی ده‌گه‌ن به‌هاووڵاتیان، ئه‌وه‌ش ره‌زامه‌ندیی هاووڵاتییانی لێكه‌وتۆته‌وه، بۆ نموونه قیرتاوكردنی گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كانی ناو سلێمانی كه ئێستا ده‌ستیپێكردووه و چاڵ و چۆڵی سه‌ر جاده و شه‌قامه‌كان چاك ده‌كرێت، به‌ڵام گلەییش هه‌یه، كه قیرتاوكردنه‌كه به‌شێك له گه‌ڕه‌كانی سلێمانی گرتۆته‌وه و به‌شێكی تری فەرامۆشکراوه، هاووڵاتیان نیگەرانن لەوەی کە ئەبیستنەوە هه‌ڵمه‌تی قیرتاوكردنه‌كه زیاتر ئه‌و گه‌ڕه‌ك و كۆڵانانه‌ی گرتۆته‌وه كه ماڵی به‌رپرسی حزبی یان حكومی تێدایه.
ئێمه ده‌زانین، ئه‌ركی هه‌ر ئیداره و ده‌سه‌ڵاتێكیش له وڵاتێك یان ناوچه و پارێزگایه‌ك، پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییە سه‌ره‌تاییه‌كانه به هاووڵاتیان، هه‌ر له ئاو و كاره‌با و خزمه‌تی ته‌ندروستی تا ده‌گات به قیرتاوكردنی جاده و بانه‌كان، باشیی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانیش واتا سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ئیداره‌یه ده‌گه‌یه‌نێت و نه‌بوون یان كه‌مته‌رخه‌میش له پێشكه‌شكردنی خزمەتگوزار‌ی، واتای خراپ ئیداره‌دان ده‌گه‌یه‌نێت و دواجاریش دەبێته جێی ره‌خنه و گله‌یی و ناڕه‌زایی هاووڵاتیان.
هاووڵاتیان نیگەرانن لەوەی کە ئەبیستنەوە هه‌ڵمه‌تی قیرتاوكردنه‌كه زیاتر ئه‌و گه‌ڕه‌ك و كۆڵانانه‌ی گرتۆته‌وه كه ماڵی به‌رپرسی حزبی یان حكومی تێدایه
وه‌كو د‌ەبینین، ماوه‌یه‌كه، هه‌ڵمه‌تێكی قیرتاوكردنی باش هه‌ندێک گه‌ڕه‌ك و كۆڵان و شه‌قامه‌كانی سلێمانی گرتۆته‌وه، هه‌م گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی شار و هه‌میش گه‌ڕه‌كه تازه‌كان، بێگومان ئه‌وه‌ش هاووڵاتیانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه رزگار ده‌كات له كۆبوونه‌وه‌ی ئاو و قوڕ و چڵپاو له‌زستاندا و هه‌میش رزگاریان ده‌كات له خۆڵی ناو كۆڵانه‌كان له هاویناندا.
ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی شاره‌وانیی سلێمانی ده‌ستیپێكردووه، پێویسته هەموو گه‌ڕه‌كان بگرێته‌وه، هه‌رچه‌ند ده‌زانین ئه‌و ئه‌ركه قورسه و ئێستا شار فراوانتر بووه و چەندین گه‌ڕه‌كی نوێی تێدا دروستکراوه، به‌ڵام ده‌بێت خزمه‌تگوزارییه‌كان به هه‌موان بگات و هاووڵاتیانیش هه‌ست به‌جیاوازی نه‌كه‌ن له‌نێوان ئه‌م گه‌ڕه‌ك و ئه‌و گه‌ڕه‌كدا.
له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وه‌ش، ئه‌گه‌ر ئێمه شارێكی جوان و دواتریش وڵاتێكی ئاوه‌دانمان ده‌وێت، پێویسته ده‌ستی جوانكاری و ئاوه‌دانی به هه‌موو ناوچه‌كان بگه‌یه‌نین، بەبێ جیاوازی و ده‌بێت به هه‌مان چاویش بڕوانینه گه‌ڕه‌كه جیاجیاکانی شار، چونكه جیاكاری له‌نێوانیان دواجار ناڕه‌زایی و توڕه‌یی خه‌ڵكی به‌دوادا دێت، ئه‌وه‌ش مافێكی سه‌ره‌تایی هاووڵاتییه له‌م هه‌رێمه و له‌ناو شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری.