تەكنەلۆژیا مەترسیدارەكەی جەنگ

10:14 - 2024-05-05
گۆران فەتحی
79 خوێندراوەتەوە

فڕۆكەی بێفڕۆكەوان (درۆن)، هەرچەند مێژووەكەی بۆ زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە، بەڵام دەركەوتن و چالاكی لە سەرەتای ساڵانی حەفتاكان و بە شێوەیەكی كاریگەرتریش دوای ساڵی 2000 دەركەوتووە، بەجۆرێك بووەتە چەكێكی ترسناك بەدەست لایەنەكانی شەڕ،  ئەگەر دەوڵەت یان گروپی چەكداری بن. 

ئەگەر چی ئەم تەكنەلۆژیایە لەرووی مەدەنیشەوە بەكاردێت، بەڵام پەرەسەندن و پێشكەوتنی بەردەوامی لەبواری سەربازیدا خێراییەكی زۆر بەخۆوە دەبینێت 

لە ئێستاشدا چەند وڵاتێكی گەورەی جیهان لە نموونەی ئەمریكا و روسیا و چین و لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش توركیا و ئێران و ئیسرائیل خاوەنی ئەم تەكنەلۆژیا پێشكەوتووەن، كە توانای پێكانی ئامانجەكانی زۆر بەوردی هەیە، بێ ئەوەی مەترسی لەدەستدانی فرۆكەوانیشی هەبێت، بەو پێیەی لەدوورەوە و بە كۆنترۆڵ و سیستمی پێشكەوتوو ئاراستەدەكرێـت.
ئەم جۆرە لەتەكنەلۆژیا، بە شێوەیەكی زۆر كاریگەر لە شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ناوچەی قەرەباخ بەكارهات و بەكارهێنانی درۆنی توركیش لەلایەن ئازەرییەكانەوە شەڕەكەی بەبەرژەوەندی باكۆدا كۆتایی پێهێنا، لەكاتێكدا دەیان ساڵە قەرەباخ جێی ململانێی هەردوو وڵاتەو، ئاراستەی هێزیش لەبەرژەوەندی ئەرمینییەكان بوو پێشتر، لەدوای دروستبوونی شەڕی روسیا و ئۆكرانیا، فرۆكەی بێ فرۆكەوان هەم بۆ هێرشكردنە سەر پێگە سەربازییەكانی یەكتر و هەمیش بۆ سەر شارەكان لەو  دوو وڵاتە، ئەم تەكنەلۆژیایە لەململانێ و شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و هەروەها حەماس و هێزە بەوەكالەتەكانی تری ناوچەكەش بەكارهێنرا، چەندین نموونەی تریش لەم رووەوە هەیە.
ئەگەر چی ئەم تەكنەلۆژیایە لەرووی مەدەنیشەوە بەكاردێت، بەڵام پەرەسەندن و پێشكەوتنی بەردەوامی لەبواری سەربازیدا خێراییەكی زۆر بەخۆوە دەبینێت و بەهۆی ئەم جۆرە لە فرۆكە كە توانای هەڵگرتنی بۆمب و تەقەمەنی زۆریشی هەیە، ئەوا ئەم تەكنەلۆژیایە مەترسی گەورەی هەیە، نەك لەشەڕی نێوان دەوڵەتان، كە بەجۆرێك لەجۆرەكان پابەندبوونی تێدایە بەیاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان و خۆدوورگرتنی تێدایە لەزیانی مرۆیی، بەڵام مەترسییە گەورەكە بەكارهێنانی ئەم جۆرە لە تەكنەلۆژیایە لەلایەن گروپی چەكداری و تیرۆریستییەوە،  كە دوور نییە كارەساتی گەورە لەجیهاندا دروست بكەن، بەتایبەت كە ئێستا دەستخستنی درۆن بۆ ئەوانیش ئاسان بووە.
 

وتارەکانی نوسەر