هەرمان

بوومەلەرزەی غەززە ئەمریكا دەهەژێنێت

10:28 - 2024-05-01
ئارام عه‌لی عه‌زیز
229 خوێندراوەتەوە

دیمەنی هەڵمەتی ناڕەزاییەكانی خوێندكارانی دەیان زانكۆی ئەمریكیی لە حەرەمی زانكۆكانیاندا، بەرامبەر بە و قەتلوعامانەی رۆژانە ئیسرائیل لە غەززە دەیكات و تەشەنەسەندنی بۆ ناو خوێندكارانی بەشێك لە زانكۆكانی ئوسترالیاو كەنەداو بریتانیاو فەرەنسا بەئاگاهاتنەوەیەكی بووژانەوەی شارستانییە. لەبەرئەوە كاردانەوەی توندی بەشێك لە گەورە لێپرسراوانی ئەمریكاو دەستگیركردنی سەدان خوێندكاری بەدوای خۆیدا هێناو نەتانیاهوش بە دژایەتی سامیزمی ساڵانی سییەكانی سەدەی رابردووی ئەڵمانیای شوبهاند.
زانكۆكان لە ئەمریكا ناوەندێكی گرنگی مەعریفەن و لە مێژوودا رۆڵێكی گەورەیان هەبووە لە پێگەیاندنی سەركردەكانی بوارە جیاجیاكان و لە رووبەرووبوونەوەی نادادپەروەریدا، بە تایبەت لە بوارەكانی پاریزگاری كردن لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین، كە لەو روەوە دەیان چالاكی و نارەزایی خوێندكاریی لەو وڵاتەدا دەبینرێت، هەر لە دژایەتیكردنی جەنگی ڤێتنام تا دەگەیتە مافی رەشپێستەكان، چەندین خوێندكاریش لەو خۆپیشاندان و نارەزاییانە بوونەتە قوربانیی. 

 

زانكۆكان لە ئەمریكا ناوەندێكی گرنگی مەعریفەن و لە مێژوودا رۆڵێكی گەورەیان هەبووە لە پێگەیاندنی سەركردەكان

 

ئەمڕۆ قەرزی ئەمریكا گەیشتۆتە %130ی كۆی داهاتی ناوخۆ، بێ ئەوەی ئەو وڵاتە لە جەنگدا بێت، بودجەكەیشی گەیشتۆتە ئاستی دەوڵەتێك كە لە جەنگدا بێت، بە تایبەت دوای رازیبوونی ئەمریكا بە پێدانی 95 ملیار دۆلار هاوكاریی بۆ ئۆكرانیا و ئیسرائیل و تایوان و زیادكردنی بودجەی بەرگری بۆ 800 ملیار دۆلار، كە ئەوەش دەكاتە 6 %ی داهاتی قەومی، كە لە كاتی جەنگی عیراق و ئەفغانستاندا رێژەكەی تەنها 2 % بوو. 
بەو واتایە ئێستا ئەمریكا ناتوانێت بەرگەی زیادكردنی خەرجی بودجە بگرێت، تەنها لە ژێر پاڵەپەستۆی هێشتنەوەی كۆمەڵگا لە ژێر كۆنتڕۆڵدا نەبێت، لە بەرامبەر دابەزینی گەورەی ئاستی بژێوییدا، بە كورتیش ئەم كۆنتڕۆڵە بەبێ بنیاتنانی دیكتاتۆریەت مەیسەر نابێت، ئەگینا وڵات لە ناوەخۆدا دەتەقێتەوە، دووریش نییە، لە داهاتوودا بەسەر چەند بەرەیەكی جیاوازدا دابەش ببێت.
خوێندكارانی زانكۆی هارڤارد و پەیمانگای تەكنەلۆجی ماساشوستس بە خەزنەی دەستەبژێری ئەمریكا دادەنرێن، لە بوارەكانی سیاسەت و ئابووریی و دامەزراوە داراییەكان، بۆ نمونە سێ سەرۆكی ئەمریكا لە پارتی دیموكرات، جۆن كێنێدی، بیل كلنتۆن و باراك ئۆباما دەرچوی زانكۆی هارڤاردن. دووریش نییە لەناو ئەو ناڕەزاییە خۆیندكاریانەی زانكۆكان كە رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبیت، لەو هەلومەرجە ئابووریە، سیاسیەی ناوخۆیدا ژانی لە دایكبوونی نوخبەیەكی تازەی تەواو جیاواز لە روی فكریی و فەلسەفیەوە بە خۆوە ببینێت و  گڕی جەستەی ئارۆن بوشنیل بەهاری ئەمریكیی لێبكەوێتەوە.

وتارەکانی نوسەر