هەرمان

رێز لە سەرمایەی مرۆڤ بگرن

09:53 - 2024-04-24
ئارام عه‌لی عه‌زیز
216 خوێندراوەتەوە

 برسیكردن و نانبڕین و ترس و تۆقاندن، هەندێک تاك و بەشێک لە كۆمەڵگەی كوردی لە ئینسانبوون داماڵیووە و خێزانی بەرەو هەڵوەشانەوە و بەشێکیشی بەرەو وەحشیگەریی و بە مێگەلبوون بردووە. بەمەش خەریكە شوێنێك، یان مانایەك بۆ نیشتمان، نەتەوە و سەروەرییەكان لە ئاوەز و فەرهەنگی تاكی كورددا نامێنێت. لەبەرئەوەش ئەو نیشتمانەی، كە دوێنێ گیانی خۆیانیان بۆ فیدا دەكرد، ئەمڕۆ بەشێک لە نەوەكانی لێی رادەكەن و ماغوت وتەنی: (تەنها پێڵاوەكانیان بە خاكی نیشتمانیانەوە دەبەستێتەوە).
یەكێك لە مافە سروشتییەكانی مرۆڤ دابینكردنی بژێوییەكەیەتی، تەنانەت دیلیش نابێت برسیی بكرێت. خوداش كە خالقی سەرجەم بوونەوەرەكانە و لەو دەسەڵاتدار و بەهێزتر نییە، رزقی ئەو  كەسانە نابڕێت، كە كافرن و باوەڕیان پێی نییە.
نەداری و بێكاری خەریکە مەلەكوتی بیركردنەوە لە مرۆڤی كورد دەسەنێتەوە و بەتەواوی دووچاری لەڕێ لادانی دەکات. كوردیش دەڵێ‌: (برسێتی رەگی هاریی پێوەیە). برسێتیی و نەبوونیی سەپێنراو بۆتە هۆی كۆچكردن و بڵاوبوونەوەی لەشفرۆشیی و دزیی و  بەدڕەوشتیی و كوشتن و تاوان و قۆڵبڕین و تەڵەكەبازیی جۆراوجۆر و پەنا بردنە بەر بیروبۆچوونی توندڕەوانە و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر، نەبوونی ئارامی و ئاسایشی تاك و نەبوونی ئاسایشی تەندروستیی و ئابووریی و نەبوونی ئاسایشیی نەتەوەییش، هاووڵاتیانی خستۆتە ژێر پاڵەپەستۆی ترس و دڵەڕاوكێوە و ئارامیی لێ هەڵگرتوون. 

 

یەكێك لەمافە سروشتییەكانی مرۆڤ دابینكردنی بژێوییەكەیەتی. تەنانەت دیلیش نابێت برسیی بكرێت

 

گەورەترین سەرمایەی هەر نەتەوە و كۆمەڵگەیەك مرۆڤایەتییەکەیەتی، نەك ئاو و نەوت و غاز، چونكە ئەوە مرۆڤە حوكمی هەموو ئەوانە دەكات. كە مرۆڤ چاك بوو، هەموو شتێك چاك و كاتێكیش خراپ بوو، هەموو شتێك خراپ دەبێت.
بۆ میللەتێكی وەكو كورد، كە مێژووی بزركراوە و خاكەكەشی داگیر و دابەشكراوە و بە شێوازی جیاجیا قەتڵوعام كراوە، ئیدارە و حكومەت و حزبەكانی، بەرلە هەر شتێك پێویستە مرۆڤەکانی بپارێزن و هەموو پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەكانیان  بۆ دابین بكەن،  تا زیاتر بە خاكی نیشتمانەوە بیانبەستنەوە و پارێزگاری لێ بكەن، نەك كۆمەڵگەكەی بكرێتە مێگەل و،  نیشتمان بكرێتە گاودانی، چونكە سروشتی مێگەل ئەوەیە، كە بە دوای (...) دەكەوێت و ناشتوانێت پارێزگاری لە خۆی بكات، كە قەوماش لە هەموان دەقەومێت و پەشیمانی دادی هیچ لایەک نادات، بەتایبەتی كە گۆڕانكاری گەورە بەڕێگاوەیە و چاوەڕوان دەكرێت تیایدا چارەنووسیی هەرێم و عیراق و دەوڵەتانی ناوچەكەش یەكلایی ببێتەوە و نەخشەی ناوچەكەش بە جۆرێكی دیكە دابڕێژرێتەوە.
 

وتارەکانی نوسەر