ئەرکی زیرەکیی دەستکرد لە هەڵبژاردنەکاندا

10:22 - 2024-07-29
بەسۆز تۆفیق عەبدول
450 خوێندراوەتەوە

بەسۆز تۆفیق عەبدول*



زیرەکیی دەستکرد وەک یەکێک لە پێشکەوتووترین و داهێنەرانەترین تەکنۆلۆجیای ئەمڕۆ، بە خێرایی دەبێتە ئامرازێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردندا، بەهۆی توانا زۆرەکانی لە شیکردنەوەی داتاکاندا




هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی بنەڕەتی و گرنگی هەر سیستمێکی دیموکراسییە کە خەڵک لە رێگەیەوە نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، ئەم پرۆسەیە نەک هەر بنەمایەک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی وڵات دابین دەکات، بەڵکو نیشانەی بەشداریی گشتی و شەرعیەتی سیاسیی و مومارەسەی ئیرادەی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەیە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و ئاڵۆزبوونی ژیاندا، باشکردن و شەفافیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکانی هەڵبژاردن زیاتر و زیاتر پێویستە.
لەم نێوەندەدا، زیرەکیی دەستکرد، وەک یەکێک لە پێشکەوتووترین و داهێنەرانەترین تەکنۆلۆجیای ئەمڕۆ، بە خێرایی دەبێتە ئامرازێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردندا، بەهۆی توانا زۆرەکانی لە شیکردنەوەی داتا گەورەکان و پێشبینیکردنی ورد و باشترکردنی ئاسایش و زیادکردنی کارایی، زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی بەرچاوڕوونی لە پرۆسەکانی هەڵبژاردندا.
بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی هەڵبژاردن و رۆڵی ژیانی لە کۆمەڵگەدا، بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت سوودی بەرچاو لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، ئەم تەکنۆلۆجیایە دەتوانێت وردبینی لە ژماردنی دەنگەکاندا زیاد بکات و رێگریی لە پێشێلکارییەکان بکات، شیکاریی قووڵی هەڵسوکەوتی دەنگدەران پێشکەش بکات و پرۆسەکانی هەڵبژاردن شەفافتر و کاراتر بکات.
هەرچەندە هێشتا رێگایەکی دوور و درێژ ماوە بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لەم تەکنۆلۆجیایە وەربگرین لە پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردندا، بەڵام داڕێژەرانی سیاسەت و بەڕێوەبەرانی هەڵبژاردن و توێژەران لە ئایندەیەکی نزیکدا دەتوانن لە تەکنۆلۆجیای زیرەکیی دەستکرد کەڵک وەربگرن بۆ گۆڕینی هەڵبژاردن بۆ پرۆسەیەکی شەفاف و سەلامەت و کارا.

سوودەکانی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە هەڵبژاردندا
- زیادکردنی وردبینی و کەمکردنەوەی هەڵەکان:

یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی هەر هەڵبژاردنێک وردبینییە لە ژماردنی دەنگەکان و رێگریکردن لە هەڵەی دەستیی مرۆڤەکان، زیرەکیی دەستکرد، بە توانای پرۆسێسکردنی داتا گەورەکان و ئەلگۆریتمەکانی پێشکەوتوو، دەتوانێت بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش وردیی ئەم پرۆسانە زیاد بکات، سیستمەکانی بنەمای زیرەکیی دەستکرد توانای ژماردنی دەنگەکانیان هەیە بە خێراییەکی زۆر و بەبێ هەڵە، جگە لەوەش زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت رێگری بکات لەو هەڵانەی کە بەهۆی مرۆڤەوە لە تۆماری دەنگدەران و پرۆسەکانی تری کارگێڕیدا دروست دەبن، ئەمەش متمانەی گشتی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن زیاد دەکات.
- باشترکردنی ئاسایش و کەمکردنەوەی ئەگەری پێشێلکارییەکان:
دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەڵبژاردن، یەکێکە لەو پرسە بنەڕەتی و گرنگانەی کە هەمیشە نیگەرانیی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر رێگریی لە ساختەکاریی بکات بە بەکارهێنانی ئەلگۆریتمەکان و تەکنیکە پێشکەوتووەکان.
ئەم تەکنۆلۆجیایە توانای دەستنیشانکردنی شێوازی نائاسایی و چالاکییە گوماناوییەکانی هەیە و دەتوانێت رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە ساختەکاریی بۆ نموونە سیستمی زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت رەفتارە نائاساییەکان لە پرۆسەی دەنگدانی ئەلیکترۆنیدا دەستنیشان بکات و بە خێرایی کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بەو رەفتارانە.
- شیکاری داتاکانی هەڵبژاردن:
یەکێک لە توانا هەرە گرنگەکانی زیرەکیی دەستکرد بریتییە لە شیکردنەوەی داتای گەورە لە بواری راپرسی و پێشکەشکردنی پێشبینیی ورد، لە هەڵبژاردنەکاندا دەتوانرێت ئەم تایبەتمەندییە بەکاربهێنرێت بۆ شیکردنەوەی شێوازی هەڵسوکەوتی دەنگدەران و پێشبینیکردنی ئەنجامەکان.
 ئامرازەکانی شیکاریی داتا لەسەر بنەمای (Artificial intelligence) کە بە (Ai) ناسراوە دەتوانن لە ماوەیەکی کورتدا بڕێکی زۆر داتا شیبکەنەوە و زانیاریی بەنرخ سەبارەت بە مەیل و ئارەزووەکانی دەنگدەران بدەنە سیاسەتمەداران و بەڕێوەبەرانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، ئەم شیکارییانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ باشترکردنی ستراتیجی بانگەشەکانی هەڵبژاردن و زیادکردنی چانسی سەرکەوتنی کاندیدە سیاسییەکان.
- زیادکردنی شەفافیەت و متمانەی گشتی:
شەفافیەت لە پرۆسەکانی هەڵبژاردندا دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە زیادکردنی متمانەی گشتی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گەیشتن بەم ئامانجە بە پێدانی زانیاریی دروست و نوێ، سیستمی زیرەکیی دەستکرد توانای پرۆسێسکردنی داتای هەڵبژاردنەکانی هەیە لە کاتی راستەقینەدا و دەتوانێ بە خێرایی خەڵک لە ئەنجامەکان ئاگادار بکاتەوە، ئەمەش دەتوانێت رێگریی بکات لە بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و زانیاریی ناڕاست و هەروەها متمانەی گشتی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن بەهێزتر بکات.
- ئاسانکاری بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری:
دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن بۆ دەنگدەران زۆر گرنگە، زیرەکیی دەستکرد یارمەتی دەنگدەران دەدات بڕیاری وردتر بدەن لەڕێگەی پێدانی زانیاریی دروست و نوێ سەبارەت بە کاندیدەکان و پرۆسەی دەنگدان و خاڵە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن. 
- رەچاوکردنی سەلامەتی لەلایەن زیرەکیی دەستکردەوە لە هەڵبژاردنەکاندا:
بە بڕوای شارەزایان، بەکارهێنانی توانای زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی هەڵبژاردندا پێویستی بە رەچاوکردنی هەندێک تایبەتمەندیی هەیە لەلایەن داڕێژەرانی سیاسەت و ئەو کەسانەی کە بەرپرسن. لێرەدا هەندێک لە لایەنە گرنگەکانی ئەو بوارە دەخەینەڕوو:

رێزگرتن لە تایبەتمەندی
یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد، پاراستنی ژیانی تایبەتی خەڵکە لە هەڵبژاردنەکاندا، زانیاریی کەسیی دەنگدەران گرنگییەکی زۆری هەیە و هەر پێشێلکارییەک دەتوانێت متمانەی گشتی بە سیستم و پرۆسەکە تێکبدات.
 بۆیە بەگوێرەی بنەماکانی پاراستنی نهێنی پێویستە تەکنیکە پێشکەوتووەکانی کۆدکردن و ئەلگۆریتمەکان بە پارێزراوی بەکاربهێنرێت، هەروەها پێویستە هاووڵاتییان دڵنیا بکرێنەوە لەوەی کە زانیارییە کۆکراوەکانیان تەنیا بۆ مەبەستی دیاریکراو و یاسایی بەکاردەهێنرێن و دەستڕاگەیشتن بەم زانیارییانە سنووردارە بۆ کەس و رێکخراوە رێگەپێدراوەکان.

شەفافیەتی ئەلگۆریتمەکان
شەفافیەت لە ئەلگۆریتمەکانی زیرەکیی دەستکردا بە واتای ئەگەری پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی کارەکانیان لەلایەن دامەزراوە سەرپەرشتیارەکانەوە، ئەو ئەلگۆریتمانەی کە بۆ شیکردنەوەی داتاکان و پێشبینیکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێن، پێویستە بەڕوونی بەڵگەیان لەسەر بێت و بتوانرێت لەلایەن پسپۆڕانی سەربەخۆ و دامەزراوەکانی چاودێرییەوە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، ئەمەش دەتوانێت رێگریی بکات لە ئەگەری خراپبەکارهێنان و متمانەی گشتی بە سیستمەکە زیاد بکات. هەروەها شەفافیەتی ئەلگۆریتمەکان بە واتای پێدانی روونکردنەوەیەکی روون بۆ دەنگدەران سەبارەت بە چۆنێتی کارکردن و بڕیاردانیان.

چاودێریی و پێداچوونەوەی بەردەوام
چاودێریی و پێداچوونەوەی بەردەوام بە ئەدای سیستمی زیرەکیی دەستکرد یەکێکە لە چارەسەرە سەرەتاییەکان بۆ دڵنیابوون لە بەکارهێنانی سەلامەتی ئەم تەکنۆلۆجیایە. دروستکردنی سیستمی چاودێریی بەهێز و سەربەخۆ کە بەردەوام هەڵسەنگاندن و چاودێری ئەدای ئەلگۆریتمەکان دەکات، دەتوانێت ببێتە هۆی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە کاتی گونجاودا، ئەم چاودێریکردنانە دەبێت هەڵسەنگاندنی ئەدای ئەلگۆریتمەکان لە بارودۆخی راستەقینەدا و پشکنینی پابەندبوونیان بە ستانداردە ئەمنی و یاساییەکان لەخۆ بگرێت.
پەرەپێدانی یاسا و رێسای گونجاو
پەرەپێدان و پەسەندکردنی یاسا و رێسای گونجاو بۆ بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە هەڵبژاردنەکاندا بە گرنگ دادەنرێت، پێویستە ئەم یاسایانە بە شێوەیەک دابڕێژرێن کە ماف و تایبەتمەندیی دەنگدەران بپارێزن، لە هەمان کاتدا پشتگیری لە داهێنان و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا بکەن، دەرکردنی رێسای روون و ورد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ناڕوونی و کێشە یاساییەکان و چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ بەکارهێنانی سەلامەت و بەرپرسیارانەی زیرەکیی دەستکرد دابین بکات.

پێکهێنان و دامەزراندنی تیمی تایبەتمەند

پێکهێنانی تیمی تایبەتمەند کە پێکهاتووە لە پسپۆڕانی بواری زیرەکیی دەستکرد و ئاسایشی ئەلیکترۆنی و یاسای هەڵبژاردن و بوارەکانی تری پەیوەندیدار، پێش دەستپێکردن و پەرەپێدانی سیستمی زیرەک، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی بەکارهێنانی سەلامەتی زیرەکیی دەستکرد لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەم تیمانە وێڕای کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ ئەو دامەزراوانەی بەرپرسی بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانن، چارەسەری گونجاو دەستنیشان دەکەن بۆ هەر کێشە و ئەگەرێک کە دێتە رێیان.
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، هەڵبژاردن وەک یەکێک لە پڕۆسە دیموکراسییە گرنگەکانی ئەمڕۆی جیهان پێویستی بە ئاستێکی بەرزی وردبینی و شەفافیەت و ئاسایش هەیە، لە سەردەمی تەکنۆلۆجیا و لەگەڵ پێشکەوتنی خێرا لە بواری زیرەکیی دەستکرددا، ئەم تەکنۆلۆجیایە دەتوانێت رۆڵێکی بەرچاو لە باشترکردنی  پرۆسەکانی هەڵبژاردندا بگێڕێت. 
سوودەکانی زیرەکیی دەستکرد لە هەڵبژاردنەکاندا بریتین لە زیادکردنی وردبینی و کەمکردنەوەی هەڵە، باشترکردنی ئاسایش و کەمکردنەوەی ساختەکاری، شیکردنەوەی داتاکانی هەڵبژاردن، زیادکردنی شەفافیەت و متمانەی گشتی، ئاسانکاریی بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری.
شارەزایان پێیانوایە ئەم تەکنۆلۆجیایە بە توانا بەرفراوانەکانییەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردن و ئاسانکاریی زیاتر بۆ پرۆسەکانی هەڵبژاردن، بەڵام بۆ بەکارهێنانی گونجاو و سەلامەتی ئەم تەکنۆلۆجیایە، پێویستە هەندێک بنەما و رێسا پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەی دوور بکەوێتەوە لە ئەگەری خراپ بەکارهێنان و مەترسییەکان.
بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد لە هەڵبژاردنەکاندا دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی دیموکراسی و زیادکردنی متمانەی گشتی بە سیستمی هەڵبژاردن و هێنانەکایەی هەڵبژاردنێکی شەفافتر و سەلامەتتر و کاراتر.
بە لەبەرچاوگرتنی سوود و تواناکانی زیرەکیی دەستکرد، پێشبینی دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا بەکارهێنانی ئەم تەکنۆلۆجیایە لە هەڵبژاردنەکاندا بەربڵاوتر بێت و ببێتە یەکێک لە پێکهاتە بنەڕەتییەکانی سیستمی هەڵبژاردن، بە داڕشتنی سیاسەت و رێسای گونجاو و جێبەجێکردنی رێوشوێنی چاودێری و پاراستنی پێویست، دەتوانرێت ئەم تەکنۆلۆجیایە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی تەندروست و باوەڕپێکراو بەکاربهێنرێت.

*خوێندکاری دکتۆرا

وتارەکانی نوسەر