شایەدحاڵەکان و رزگاربووەکان لە جینۆسایدی ئەنفال ئەوەیان وتووە کە لە هەندێ شوێن ژن و منداڵ لە پیاو جیاکراونەتەوە، ئەم گۆڕە، بەڵگەی راستیی ئەمەیە، چونکە هەمووی ژن و منداڵن
(1)
لە بەغداوە بە پێنج سەعات گەیشتینە سەماوە، لەوێشەوە بە سەعات و نیوێک بۆ بیابانی سەماوە، کە زیاتر لە نیو سەعاتی بە رێگەیەکی گڵ و لمدا رۆیشتین.
تەلشێخ، بیابانێکی دوورە دەستە، تەنها ئاسمانت لێوە دیارە، ژێر لم و گڵەکەی دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانی کوردی تێدایە. تائێستا ژمارەیەکیان هەڵدراونەتەوە و ژمارەیەکیان لەژێر ئیشکردندان و ژمارەیەکیشیان دیاریکراون و هەڵنەدراونەتەوە، ژمارەیەکیشیان هێشتا ونن. بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عیراق بەم دواییانە سوودی لە تەکنەلۆژیای نوێ وەرگرتووە بۆ دیاریکردنی گۆڕەکان، لەوانە وێنەی مانگی دەستکرد و درۆن.
ئاخر چۆن دەبێت دوای دوو دەیە لە کەوتنی بەعسی فاشیی، هێشتا رووفاتی ئازیزانمان لەو بیابانە چۆڵ و دوورە، بێناز کەوتوون و نەهێنراونەتەوە؟
(2)
پانی هەر گۆڕێک دوو مەترە، واتا بەقەد قەپی شۆفڵەکەیە، درێژییەکەی شانزە مەترە و قووڵییەکەی نیو مەترە. لەم چاڵە کەمەدا 150 ژن و منداڵ جێکراونەتەوە و بەسەریەکدا کەوتوون و بەهۆی ترس و تۆقاندنەوە، زۆربەی دایکەکان باوەشیان بە منداڵەکانیاندا کردووە و منداڵەکانیش تووند باوەشیان بە دایک، یان کەسە نزیکەکانیاندا کردووە.
ژنەکان، چاویان بە پارچە قوماش بەستراوە، هەر قوماشە و رەنگێکە، پێدەچێت لە جلەکانی خۆیان کرابێتەوە، منداڵەکان چاویان نەبەستراوەتەوە، بە جووڵەی کەللەسەریانەوە دیارە دەمیان کراوەتەوە و هاواریان کردووە لە ترس و لە ئازاری گوللەبارانکردنیان پێش داپۆشینی چاڵەکان بەگڵ. بە چەکی جۆری کڵاشینکۆفی روسی، گوللەبارانکراون کە ئەوکات سوپای عیراق بەکاریهێناوە.
چەند گۆڕێک لە تەنیشتی یەکتردان و نێوانیان زۆرنییە، هەموویان تێکڕا 150 تا 170 رووفاتی تێدایە. پێشتر 2016 لە گۆڕێکی تەنیشتیدا 170 رووفات دەرهێنراون، ئێستا لەدەستە راستیدا گۆڕێکی تر هەیە و دوای تەواوبوونی ئەم گۆڕە، هەڵدەدرێتەوە.
(3)
پارێزگاری سەماوە لە وتارەکەیدا لەسەر گۆڕەکە، قسەیەکی جیاوازی وت: بەعس بە پیاوەکانی کوردی نەدەوێرا لە شاخەکان رووبەڕوویان ببێتەوە، چوون ژن و منداڵەکانیان زیندەبەچاڵکرد.
شایەدحاڵەکان و رزگاربووەکان لە جینۆسایدی ئەنفال ئەوەیان وتووە کە لە هەندێ شوێن ژن و منداڵ لە پیاو جیاکراونەتەوە، ئەم گۆڕە، بەڵگەی راستیی ئەمەیە، چونکە هەمووی ژن و منداڵن.
ئەمە وردەکاریی تاوانەکانی قڕکردنە کە هەموو ئەو زاڵم و دیکتاتۆرانەی جینۆسایدیان ئەنجامداوە، پەنایان بۆ بردووە.
(4)
جۆر و رەنگی قوماشەکان هەمووی کوردین و مۆدیلی هەشتاکانی سەدەی رابردوون، جلی بەهارەن، دیارە هی مانگی نیسانن، جلەکان ئەستوور و گەرم نین، چونکە ناوچەی گەرمیان لەو مانگەدا فێنکە و سارد نییە. بەشی زۆری کەللەسەرەکان، بچووکن، دیارە هی منداڵ و کچن، هەندێکیان هێندەی قەبارەی ناولەپی دەستن و هی منداڵی شیرخۆر و ساوان.
هەندێکیان هێندە ئێسک و پروسکیان ناسکە، لەناو سەتڵێک هەڵدەگیرێن دوای دەرهێنانیان، چونکە نەبادە شەوان با و لمی بیابان، بیانبات، چونکە هی منداڵی تازە لەدایکبوو، یان هی سکی دایکن، تائێستا بەپێی جیاکردنەوەکان، ژنی دووگیانی تێدایە.
قەڵەمدادەر و شروبی کۆکە و تەزبیح و ملوانکەی ژنان و منداڵانی کورد لەناو گۆڕەکەدایە.
(5)
لەو ساتەی لەسەر گۆڕەکە بووین، ناخم دەکوڵا، مرۆڤ دڵ و ویژدانی لە بەردیش بێت، بەرگەی ئەو دیمەنە ناخهەژێنە ناگرێت.
چەند رق و کینەی دڵم وەک کوردێکی گەرمیانی بەرامبەر بە سەدام و بەعس زۆرتر بوو، هێندەش تووڕە و نیگەران لە کورد، ئاخر رووفاتی یەک منداڵی ساوای کورد لەم گۆڕەبەکۆمەڵانە بەسە بۆ ئەوەی کورد بەخۆیدا بچێتەوە و یەکگرتووبێت و دەستبەرداری ناکۆکی و ئاژاوە و کەمتەرخەمی و گەندەڵی و خۆخۆری بێت.
ئاخر چۆن دەبێت دوای دوو دەیە لە کەوتنی بەعسی فاشیی، هێشتا رووفاتی ئازیزانمان لەو بیابانە چۆڵ و دوورە، بێناز کەوتوون و نەهێنراونەتەوە؟
ئاخر چۆن دەبێت لە عیراقێکدا گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە تا بیناقاقا هاتووە، بەزۆری بزانن بودجە تەرخان بکەن بۆ هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان و ئەنجامدانی پشکنینی DNA، ئاخر چۆن دەبێت سەرباری ئەو هەموو گۆڕەبەکۆمەڵ و تاوانە گەورانە، هێشتا لە عیراقی بەناو نوێدا، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی بەناو سەورەی هەڵوەشاوە، عەرەبی سوننە و شیعە یەکبخات و دژی بن؟.
*ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق