ئامادەکاری بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیان

11:39 - 2025-04-08
غەریب عەلی سەلیم
91 خوێندراوەتەوە

غەریب عەلی سەلیم

مەبەست لە ئەتەکێت هونەری رەوشت، یان رەفتاری باش و بە ئەدەبە و یاساکانی ئەتەکێتیش پەیوەندییان بە ئاکار و سیفەتە باشەکانەوە هەیە، ئەتەکێت کۆمەڵێک یاسا و بنەمای نووسراو و نەنووسراو لەخۆ دەگرێت کە قسە و رەفتارەکانمان رێکدەخات لە جەژن و بۆنە رەسمی و کۆمەڵایەتی و ئایینییەکاندا ئەو رێسا و بنەمایانەش ئاماژەن بۆ رەوشتی دروست، کە وردبینی و سادەیی و جوانی کۆدەکاتەوە. 
بەهۆی كرانەوەی هەرێمی كوردستان بە رووی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەدا لەلایەك و بوونی چەندین ناوچەی گەشتوگوزاریی سروشتی و مرۆیی لە هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزان و یاد و بۆنەکانەوە گەشتیارێكی زۆری ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق و ئێران بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش و پشووەکان روو لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

 

پێویستە گەشتیار لە رێگای کەسێک کە پیشەكەی رێبەری گەشتیارییە و شارەزایی تەواوی هەیە لەو بوارەدا، سەرجەم ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانی پێ بناسێنرێت، ئەوەش خاڵێکی گرنگە بۆ راکێشانی گەشتیاری بیانی

میواندۆستیی گەلی کورد
هەروەها یەکێک لە کەلتوورە جوانەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی و شار و گوندەکانی بە تایبەتی، میواندۆستی مرۆڤدۆستی بووە، بەوە ناسراون کە میواندۆسترین کەسن لەسەر ئاستی عیراق و وڵاتانی بیانیش، هەر میوانێک یان گەشتیارێک یان کەسێکی بیانی و خاوەن نەتەوە و ئایین و بیروباوەڕی جیاواز، بۆ هەرکارێک هاتبێتە هەرێمی کوردستان وەک ئەوە وابووە لە ماڵەکەی خۆیدا بووبێ، ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی راکێشانی گەشتیار بۆ هەر ناوچە و هەرێمێک، چونکە بە مامەڵە و میوانداریکردنی باش و رێزگرتنی گەشتیار دادەنرێت، لە گرنگترین هۆکارە ئەرێنییەکانیشە کە کاریگەریی لەسەر بیروباوەڕ و هەستی گەشتیار دروست دەکات و هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەروونی دەکات لەو ناوچانەی گەشتیان بۆ دەکات. 
بۆیە پێویستە هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ گەشتیاراندا بکەین، چونکە هەر تاکێک لە هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە وێنەی کەسێتی کورد پێناسە دەکات بە گشتی و بە تایبەت لەگەڵ (گەشتیار)دا، لەبەرئەوەی بە مامەڵەی جوان و بە ئەتەکێت و زمانی شیرینەوە راستەوخۆ کاریگەریی گەورەی ئەرێنی لە هزری گەشتیاردا بەرامبەر بە نەتەوە و وڵاتەکەمان دروست دەبێت، ئەو کاتە گەشتیار میواندۆستی هەموو کورد لە هەڵسوکەتی تاکێکدا دەبینێتەوە، لەبەرئەوە پێویستە هەموان هەمیشە رێزدارانە مامەڵە بکەین لەگەڵ گەشتیاراندا، کە شارەزای شار و هەرێمەکە نین و هەستێکی نامۆیان هەیە.

هۆکاری کەموکووڕییەکان
بۆیە دەشێت هەر یەک لە ئێمە ببینە رێبەرێکی گەشتیاریی بۆیان و هاوکاریی و رێنماییان بکەین لە پێدانی زانیاری لەسەر ناوچە گەشتیارییەکان، بەڵام ھەندێک جار له‌ ده‌روازه‌ سنووری و فرۆکەخانەکاندا، یان بازگەکان، ھۆتێل و مۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان هه‌ڵسوكه‌وتى ناشیرین و دوور له‌ نەریت و كلتوور و بەھا مرۆییەکان به‌رامبه‌ر به‌ ھاووڵاتیی و میوان و گەشتیاران كراوه‌، هۆکارەکانیش بریتین لە:
1 - کەمی و نەبوونی کارمەند و فەرمانبەری گەشتیاریی، له‌ كایه‌ کارگێری و سەربازییەکان و فرۆکەخانە و دەروازەکان و بازگە و هۆتێلە بە ناوبانگەکان، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ زۆر پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی لەو شوێنانە کار دەکەن دەرچووی بەشە گەشتیارییەکان بن، چونکە ئەوان بە شێوەیەکی ئەکادیمی ‎خوێندویانە و دەزانن چۆن ‎مامەڵە لەگەڵ گەشتیاردا بکەن، لەبەر ئەوەی ئەمانە چاو و ئاوێنەی هەرێمی کوردستانن، پێویستە تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ھونەری پێشوازیکردن و ئەتەکێتی میواندارى و مامەڵە و خزمەتگوزارییەکانی گەشتیاری ره‌چاو بکەن.
2 - بوونی کارمەندی بیانی لە بەشێکی زۆر هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە و رێستۆرانتە بەناوبانگەکان، بەداخەوە کە ئەم کارمەندانە ناتوانن بە شێوازێکی دڵسۆزانە و گونجاو پێشوازی لە گەشتیاران بکەن. هەروەها لە رووی سایکۆلۆژی و کۆمەڵناسییەوە ناتوانن روخساری میوانان بخوێنەوە و پۆلێنیان بکەن.
3 - نەبوونی رێبەری گەشتیاریی لە هۆتێلەکان بە تایبەتی لە چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەی دیسکۆکاندا، کە ئەمە یەکێکە لە کەموکووڕییەکان لە هۆتێلەکانی کوردستاندا، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی حکومەت ‎و دامەزراوە گەشتیارییەکان.
لە کۆتاییدا پێویستە کارمەندانی ده‌روازه‌ سنوورییەکان و فرۆکەخانە و بازگەکان، ھۆتێل و مۆتل و چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکان شارەزایی تەواوییان لە ئەتەکێتی شارستانی و وشه‌ى نەرم و سه‌رده‌میانه‌ و مامەڵەی جوان و پێشکەشکردنی دیاری خۆماڵی لەوانە بەرهەمی پیشەی دەستی کوردی و بەکارهێنانی میوزیک و گۆرانی کوردی هەبێت. 
هەروەها ساڵانە پێویستە چەند خولێک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی فرۆکەخانە و دەروازە و بازگەکان و کارمەندانی کەرتی گەشتیاری بکرێتەوە لەسەر لایەنی سایکۆلۆژی و کۆمەڵناسی و رێکاری یاسایی و شێوازی ھەڵسوکەوت و بەخێرھاتن و چونێتی رێنمایی و ھاوکاریکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوازی گەشتیاریی. 

 

بە داخەوە کارمەندانی بیانی لە هۆتێل و مۆتێل و ریستۆرانت و چێشتخانە بەناوبانگەکاندا ناتوانن بە شێوازێکی گونجاو پێشوازی لە گەشتیاران بکەن

 

ئەرکی دامەزراوە گەشتیارییەکان
دواتر گەشتیار لە رێگای کەسێک کە پیشەكەی رێبەری گەشتیارییە و شارەزایی تەواوی هەیە لەو بوارەدا، سەرجەم ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانی پێ بناسێنرێت، دەبێت دامەزراوە گەشتیارییەکان هۆکارێک بن بۆ ناساندن و ئاشناکردنی ناوچە گەستیارییەکانی کوردستان و شارەکان لە رێگەی رێبەری گەشتیارییەوە نەک تەنها خزمەتگوازییەکانی هۆتێلەکەی پێ بفرۆشێت، ئەمەش بۆ ئەوەی سەرنجی زیاتری گەشتیاران رابکێشین بۆ شوێنە گەشتیارییە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، چونكه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌ كه‌ ده‌توانین كاریگه‌ریی له‌سه‌ر گەشتیاران و میوانه‌كانمان دروست بکەین و وێنا و سیمایه‌كى جوان و سه‌رده‌میانه‌ له‌ خۆمان و هەرێمەکەمان پێشان بده‌ین. 

رەفتاری مرۆڤدۆستانە
لە لایەکی ترەوە پێویستە سیاسه‌تى بەبازاڕکردنی فه‌رهه‌نگى و کلتووری و میوانپەوەری و بواری ئەتەکێتی سەردەمیانە له ‌قوتابخانە زانكۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی كوردستان كارى له‌سه‌ر بكرێت و فرۆکەخانەکان و دەروازەکانی‌ كوردستان به‌ كرده‌وه‌ و به‌ ئاسناکردنی كلتوور و ئه‌ته‌کێتی سه‌رده‌میانه‌ و بە زمانشیرینیی و ھەستی میواندۆستى و مرۆڤدۆستی وێنەیە‌كى جوان پیشانى میوانان و گەشتیاران بدەین، تا ئه‌وه‌ پیشان بدەین کە نه‌ته‌وه‌‌ی کورد سەرباری هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كان کە به‌سه‌ریدا هاتووە‌، به‌ڵام هێشتاش خاوه‌نى جوانترین وێنه‌ی مرۆڤایه‌تى و كلتوورێكى به‌رزی مرۆڤدۆستی و میواندۆستییە‌ له‌سەر ئاستی خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ته‌نانه‌ت جیهانیش. 
*م.ی. لە زانکۆی گۆیژە/ بەشی گەشتوگوزار، خوێندکاری دکتۆرا لە بواری بەبازاڕکردنی گەشتوگوزار / زانکۆی سلێمانی

کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان پێویستی بە گرنگیپێدانی زیاترە

وتارەکانی نوسەر