لە یادی شەهید كاردۆ گەڵاڵی و شەهید عەلی هەژاردا

09:45 - 2025-04-09
بەهرۆز گەڵاڵی
90 خوێندراوەتەوە

رۆژی  9/4 هەموو ساڵێك، یادێكی خەمناك و بەئازارە، یادی 9/4/1979یە كە هەردوو سەركردە (كاك كاردۆ گەڵاڵی و كاك عەلی هەژار) لەناو دادگای هەولێردا و  لەكاتی بەجێگەیاندنی كاری رۆژانەی پارێزەرایەتیان، دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی رژێمی بەعس هەردووكیان رفاند و شوێنگومیان كردن.
لە داوی چەندین ساڵ زیندانیكردن و ئەشكەنجەدان، بەداخەوە لە رۆژی 9/7/1983 لەسێدارە دران و تەرمەكانیشیان نەداینەوە.
ئەو دوو سەركردە بەتوانا و لێهاتووەی بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان و شۆڕشی نوێ، زۆر جوامێرانە بەرگەی بارودۆخی زیندانیان گرت، كە بە توندترین و دڕندانەترین میتۆدی ئەشكەنجەدانی ئەو  رژێمە فاشیستە، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كرا، رۆژانە رووبەڕووی هەڵواسین و لێدان و جۆرەكانی دیكەی ئەشكەنجە دەبوونەوە، لەگەڵ ئەوەشدا رژێم نەیتوانی تۆزقاڵێك ورەی پۆڵاینی ئەو دوو هەڤاڵە شۆڕشگێڕ و دلێرەی كورد بڕوخێنێت و ناچاریان بكات نهێنییەكان بدركێنن.
بەڵێ، خۆڕاگر و بوێربوون و ئیعترافیان لەسەر كەس نەكرد و قارەمانانە وەك پاڵەوانی رێبازی كوردایەتی و بزوتنەوە و شۆڕشی نوێ، رووبەڕووی فاشیستەكان وەستانەوە و تەسلیمی  ئیرادەیان  نەبوون.
شەهید كاردۆ گەڵاڵی، رۆڵی گرنگی بینی لە گەشەپێدانی رێكخستنەكانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی  كوردستان لە ناو خویندكاران و نێو گەنج و لاوەكانی ئەوی رۆژێ كە ئامادەی دەكردن لە رووی فكری سیاسی و رۆشنبیری و رێكخستن و خوێندنەوەدا.
لەوكاتە سەختەدا، كەم كەس هەبوو بتوانێت بەرگەی ئەو هەموو چاودێریكردن و ئازار و ئەشكەنجەیەی رژیم بگرێت و بتوانێت بەردەوامیی بدات بە خەباتی نهێنی و رێكخستن.
شەهید كاردۆ و هەڤاڵەكانی، دانەری بەردی بناغە و دامەزرێنەری بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان بون، پێویستە كورد و مێژوو هەقی خۆیان بدەن بەو دوو هەڤاڵە سەربەزە و وەك پاڵەوانی زیندان مەدالیای خۆڕاگری و پاراستنی شەرەفی كورد و كوردایەتییان پێبدرێت و ناوزەد بكرێن، جێگای خۆیەتی هەموومان شانازیی بەم دوو پاڵەوانەی رێبازی كوردایەتی و بزوتنەوە و شۆڕشی  نوێوە بكەین.
لەم یادەدا، سەری رێز نەوازش بۆ شەهید كاردۆ گەڵاڵی و شەهید عەلی هەژار دادەنەوێنم و تادونیاش ماوە، ناویان لە ئەرشیفی شەرەف و كەرامەت و خەبات و تیكۆشان بۆ رزگاری كوردستان دەدرەوشێتەوە و رۆح و یادەوەرییان بە زیندوویی لە دڵماندا، دەمێنێتەوە.
رۆحیان شاد و یادیان بەخێر.

وتارەکانی نوسەر