سەرۆک مام جەلال لە مێژووی سیاسیی خۆیدا، دووجار سەردانی خانەقینی کردووە، و سەردانەکانی کاریگەریی ئەرێنی و گرنگی بەسەر شارەکەوە بەجێهشتووە، هەروەها گۆڕانکاری بە دیدگا و جیهانبینی و هزری سیاسی تاکەکانی ئەم «بووکەی کوردستان» کە نازناوی ئەو بووە، بۆ ئەم پارچە دابڕێندراوەی کوردستان بەدیهێناوە.
یەکەم سەردانی مام
لە سەرەتای ساڵی 1968 مام بۆ یەکەمین جار سەردانی خانەقین دەکات و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و پیاوماقوڵان و کەسانی کاریگەر، لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەکە بە شێوەی جیاجیا و تاک کۆدەبێتەوە، بۆ چەسپاندنی داواو داخوازییە رەواکانی کوردستان، داوای پشتگیری و پشتیوانییان لێدەکات و زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە کۆڕی خەباتی سیاسی و تێکۆشان بوون لەو کاتەدا، پەیوەندیی دەکەن بە مامی گەورەی خۆیانەوە و دەتوانین بڵێین سەرەتای رەوتی جەلالیزم و خۆشەویستی بۆ رێبازی جەلالی لە خانەقین دروست دەبێت و، ئەڵوەنییەکان دەبنە پشتوپەنا بۆ رابەری خۆیان، لەوکاتەوە لە شاخ و دۆڵ و لە ئاوارەیی و دەربەدەریی ئۆردوگاکانی هەمەدان، مام بەجێ ناهێڵن و تا ئەو کاتەی دیسانەوە کە بە رابەرایەتی مام شۆڕشی نوێی گەلەگەمان لە کوردستان سەرهەڵدەدات و رادەگەیەندرێت، گەرمەسێرییەکان لە یەکەمین شۆڕشگێرانی کوردستان دەبن، کە پەیوەندیی بەوەوە دەکەن و لە ژێر فەرمان جەنابیان دەبن و بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان.
رۆڵەکانی گەرمەسێر و خانەقین
رۆڵەکانی گەرمەسێر و خانەقین، سەنگەری بەرگریی لە کوردایەتیان لە ریزەکانی یەکێتییدا هەڵدەبژێرن و متمانە بە بەرنامە و رێباز و رابەرایەتیکردنی مام دەکەن و لەو کاتەوەشەوە بەدەستەجەمعی بە کۆمەڵ سەوزپۆش دەبن و رەنگی سیاسی خۆیان هیچکات نەگۆڕیوە و گەنج و لاویان لە پێناوی گەشانەوە و سەربەرزیی یەکێتیی و گەشاوە هێشتنەوەی ئاڵاکەیدا، خوێنی ئاڵی خۆیان پێ بەخشیووە و هەر سەرکردە و تاکێکی پێشمەرگەی کەنارنشینی ئەڵوەن، وشە و بەرگێک لەسەر خەرمانی خەبات و تێکۆشانی یەکێتی نووسیوەتەوە.
دووەم سەردان
لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا، بۆ دووەمینجار، لە سێیەمین رۆژی ئازادیی خانەقین و لـــە 13/4/2003 مامی خانەقینییەکان (سەرۆک مام جەلال) سەردانی خانەقین دەکات و پێشوازیی بێ وێنەی جەماوەریی لێ دەکرێت کە لە مێژووی شارەکەدا کاری لەو شێوەیە رووی نەداوە، خەڵک لە تەواوی قەزا و گوند و ناحیەکانەوە لە بەیانییەکی زووەوە بە پیادە (بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبیل) بەرەو ناوشار و دیوانی قایمقامیەت دەهاتن و ئامادەی پێشوازی و وتارە مێژوویەکەی مام بوون.
نازناوی بووکی کوردستان
مام لەو رۆژەدا جگە لەوەی نازناوی بووکی کوردستان، بە خانەقین دەبەخشێت، دەڵێت: «وەک دەزانن من پارێزەر بووم و خۆشحاڵ دەبم بە پارێزەری خانەقین قبوڵم بکەن، خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی شارەکەتان ئەرکی یەکێتییە و دەبێت حزبەکەتان ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات، داوای لە ئامادەبووانیش کرد کە وەک چۆن رۆڵەکانیان لە شاخ متمانەیان بە یەکێتیی کرد و لە ریزەکانیدا لەپێناو رزگاری گەلەکەیان پشتیوانییان لە یەکێتی کرد، ئێستاش لە شار و لەم سەردەمەشدا لەسەر بەرنامە و رێبازی یەکێتی بەردەوام بن بۆ بەدیهێنانی داوا و داخوازیان، خەڵکەکەش بەڵێنیان پێدا، کە تا ماون یەکێتی بن.
ئێستا دوای 22 ساڵ، خانەقینییەکان پشت و پەنای یەکێتی و مەڵبەندەکەین و متمانەیان بە لیست و بەرنامە و کاندیدەکانێتی و لە بەردەم یار و نەیاردا سەریان خستووە، خانەقینییەکان بەڵێنی خۆیان بۆ مام بردەسەر و لەگەڵ یەکێتیی بوون بە دووانەیەکی لێکدانەبڕاو، لەبەر ئەوەش پێویستە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و کاک قوبادی مام، وتەکانی مامی گەورە جێبەجێ بکەن و وەک ئەوەی مام دەیویست خزمەتی خانەقین بکەن و لە بێنازی و بێ خزمەتی رزگاری بکەن، ئەوە مافی ئەڵوەنییەکان و خەڵکە سەوزخوازەکەی خانەقینە کە شارەکەیان ئاوەدان بکرێتەوە و ببێتە بووکی راستەقینەی کوردستان.
سەرۆک مام جەلال