ئازارەکانی ئازار و نیسان لە جینۆسایدەوە بۆ سەرکەوتن

10:51 - 2025-04-13
عادل مەلا ساڵح
105 خوێندراوەتەوە

مانگی ئازار و نیسان پڕن لە کارەسات و ماڵوێرانی و نەھامەتی و مەرگەساتی مێژوویی و شکست و ھەستانەوە بۆ گەلەکەمان

مێژووی ئەم میللەتە هەر لە مێژەوە پڕ لە هەوراز و نشیۆ و نوشست و هەستانەوە بووە، خەڵکەکەشمان هەر لە دێرزەمانەوە دەست و پەنجەیان لەگەڵ ئازار و نەھامەتییە جۆراوجۆرەکاندا نەرمکردووە و گەلێک جاریش بەرەنگاری بوونەتەوە، بە نیگاو و تەماشایەکی مێژووییانەی مانگەکانی ئازار و نیسان، ئەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەم دوو مانگە پڕن لە کارەسات و ماڵوێرانی و نەھامەتی و مەرگەساتی مێژوویی و شکست و هەستانەوە بۆ ئەم گەلە ستەمدیدەیەمان.
لە مێژووی دووردا و لە مانگی ئازاری  1193 دا سەرکردەی کوردی موسڵمان سەڵاحەدینی ئەیوبی کۆچی دوایی دەکات و هەر بە رێکەوت لەم مانگی ئازارەدا و لە پاش هەشت سەدە هەر یەک لە سەرکردە و ناودارانی کورد ئیحسان نوری پاشا و بەدیعولزمان نورسی و قازی محەمەد کۆچی دوایی دەکەن.

جینۆسایدی گەلەکەمان
جێبەجێکردن و پیادەکردنی چڕی پلانی جینۆسایدی گەلەکەمان، هەر لە مانگی ئازاردا بە کیمیابارانکردنی هەڵەبجەو دەوروبەری و ناحیەی سێوسێنان دەستیپێکرد، ھاوزەمان چڕترین و سەختترین قۆناغەکانی ئەنفال لە قەرەداغ و گەرمیان بەڕێوەبران و خەڵکی تێکۆشەری ئەم دوو دەڤەرە لە چوارچێوەی قۆناغی دووەم و سێیەمی ئەنفالدا رووبەڕووی مەرگ کرانەوە لە ئازاری 1988 دا.
لەلایەکی تریشەوە هەر لە ئازاری هەمان ساڵدا خەڵکی بێ دیفاعی دوکان و شاناخسێ و جافەران و بەلەکجار و  ولیان و..ھتد کیمیاباران کران، لە ساڵی 1980دا هەڵمەتی جینۆسایدی فەیلیەکان بە دەرکردنی کوردە فەیلییەکان لە مانگی نیساندا دەستیپێکرد.
لە مانگی نیسانی ساڵی 1974یشدا، رژێمی بەعس هەستا بە بۆردومانکردنی شارەکانی هەڵەبجەو قەڵادزی و بۆردمانی زانکۆی سلێمانی لەو شارەو بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئەو دوو شارە و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی شەھید و بریندار بوون.
هەر لە درێژەی پیادەکردنی هەنگاوەکانی جینۆسایددا، رژێم لە مانگی نیسانی ساڵی 1988دا هەستا بە کیمیابارانکردنی هەڵەدن و بەرگەلۆ و کانی توو، ئاوەژێ، سیروان، نۆڵچکە، چنارنە، گوندەکانی شێخ وەسانان و دۆڵی بالیسان و گوندەکانی قزلەر و سنگر و مێوڵاکە لە شارباژێر و گوندی زێوێ و ناوچەی قەرەداغ و...ھتد.
هەر لە مانگی ئازاردا بوو، گەلی کورد ئازاری جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی لە ناکاوی جەزائیری چەشت لە 1975، بەڵام ئەم هەموو مەرگەسات و ئازارانەی ئازار و نیسان، بوونە ژانی لە دایکبوونی رۆحی مقاوەمەت و بەرخۆدان و تێکۆشان و رزگاری و ئازادی، دەرکەوت کە گیانی بەرگری گەلەکەمان بە ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب و تەرحیل و زەبر و زەنگ و زیندان خەفە ناکرێ، نەک ناڕۆخێ، بەڵکو بگرە دەبێتە هەوێنی گەشەپێدانی بیری ئازادیی و رزگاریی نیشتمانیی.

لە ئازارەوە بۆ سەرکەوتن
 ببینە ئەم گەلە چۆن ئەم مانگی ئازارەی لە ئازارەوە گۆڕی بە مانگی سەرکەوتن، تەماشای مێژووی نزیکی مانگی ئازار بکە، دەبینی راپەرینی 1991 هەر لە مانگی ئازاردا بووە، سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕش و رزگارکردنی سەرجەم شار و شارۆچکەکان بە کەرکوکی شاری دێرینی کوردانیشەوە، ئیدی مانگی ئازار هەر مانگی ئازار نییە، بەڵکو مانگی ئاهەنگەکانی سەرکەوتنی راپەڕین و مژدەی ھاتنی بەھار و سەری ساڵی نوێی ئازادانەی هەموو کوردێکی ئەم نیشتمانەیە، ئیدی ئازار بوو بە مێژووی پڕ لە سەروەری و سەرکەوتنی راپەڕین و لە دایکبوونی دام و دەزگا یاسایی و شەرعییەکانی حوکمڕانی خۆماڵیمان.

پەند و عیبرەت وەربگرین
گرنگە لە پاش ئەو هەموو ئازار و مەرگەسات و مەینەتیانەی مێژووی دوورونزیکمان، پەند و عیبرەت لە هەڵەو نوشستەکانی مێژووی سیاسیمان وەربگرین، و ئیدی نەبینە داردەستی وڵاتانی دوور و نزیک و بە یەک وتاری و یەکخستنی ریزەکانمان کار بۆ ئامانجە بەرز و باڵاکانمان بکەین، ئەگینا مێژوو ھیچ باکی بە دووبارە بوونەوە نییە!.

وتارەکانی نوسەر