نابێت لە کاتی ئاسایش و ئارامیدا لە بیربکرێن..!

دەردەڵی سەربازی ون، پێشمەرگە

11:25 - 2025-04-13
رومێڵ مام زیاد
123 خوێندراوەتەوە

سەردەمانێک کە پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریی خاکی پیرۆزی کوردستاندا بوو، هەموو تاکێک بە شانازییەوە دەیووت: هەموومان پێشمەرگەین

کار و چالاکی و نەبەردییەکانی وای لە خەڵک و کاربەدەستانی هەرێم کردبوو کە بە شانازییەوە بڵێن پێشمەرگەین، بەڵام ئێستا کە سەقامگیری و ئاسایشی کوردستان لە کە لەسایەی هێزی پێشمەرگە خۆی دەبینێتەوە کە سەدان قوربانی و شەونخونی داوە بۆی، خەریکە لە بیردەکرێت و رۆژانە گوێبیستی ئەوە دەبین کە خۆزگەی سەردەمی جەنگ دەخوازن، بەهۆکاری ئەوەی هەرکاتێک شەڕ نەما، پێشمەرگە  لیستی مووچە لە یەکەمەوە دەبێت بە کۆتا و زۆر جار لە کۆتارۆژیش چەند رۆژێکی بۆ درێژدەکرێتەوە. 
دەمەوێت بە تایبەتی تیشک بخەمە سەر ئەوەی کە بەم دوایە لە لیستی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانیشدا، هەمان شێوەی لیستی مووچە، پێدەچێت ناوی پێشمەرگە کۆتا بێت لە کاتێکدا بە پێی یاسای وڵاتانی دونیا، هێزی سەربازی پێویستە بەر لەهەر بەشێکی تری فەرمانبەرانی وڵات خاوەن پارچە زەوییەکی نیشتەجێبوون بن، چونکە هەمیشە پارێزەری کۆی خاکی وڵاتەکەی دەبێت، لەهەمانکاتدا زۆرینەی کرێچییانی وڵاتەکەمان پێشمەرگەن. 
من نامەوێت لە ئەهمیەتی کۆی گشتی فەرمانبەران کەم بکەمەوە، هەموویان بێ جیاوازی خزمەت بە وڵات دەکەن، بەڵام ئەو جیاوازییەی کە هەیە ناکرێت چاومانی لە ئاست دابخەین کە دەبینین چەند چینێک زۆرترین دەڕماڵەی مەترسی هەیە و بەشێکی زۆری پێشمەرگەش بێ دەرماڵە و سەرمووچە و بەشی خێزانداریی بۆ نابەسترێت، ئەمە ناڕەوایەتییەکی ئاشکرایە و  پێویستە بەرپرسانی پەیوەندیداری هەرێمی کوردستان، پێداچوونەوەیەک بە هەموو ئەم بابەتانە و زۆرێکی تر بکەن و رێز لە ئازایەتی خۆنەویستی پێشمەرگە بگرن.

پێویستە خەباتی سەختی پێشمەرگە لەسەردەمی شۆڕشدا، هیچکات لەیاد نەکرێت

وتارەکانی نوسەر