رووخانی دوو بەعس

10:04 - 2025-04-16
عوسمان ساوجی
69 خوێندراوەتەوە

 

کورد هاوسۆزییەکی باشی نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە و زۆریش گرنگە خاڵی سەرەکی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا، پرسی ئاوارەکان و گەڕانەوەی ناوچەکانی عەفرین و سەرێکانی بێت



هەردوو دەوڵەتی عیراق و سوریا  لە دەرەنجامی گۆڕانی هاوکێشەی سیاسی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی دامەزرێنران. 
لە هەردووکیاندا، سەرەڕای هەبوونی هەندێک جیاوازیی، دوا حکومڕانییان کە کۆتاییان پێهات، لەلایەن دوو حزبی بەعسەوە بوو کە پەیڕەویان لەیەک فۆرمی فەرمانڕەوایی دەکرد و بریتی بوو لە تاکڕەوی و داپلۆسین و سەرکوتکردنی پێکهاتە جیاوازەکان. 
ئەوەی سەرنج راکێشە هەردوو رژێم بە نزیکەیی لە ماوەیەکی دیاریکراودا تووشی کۆمەڵێک ئاڵێنگاری بوون کە نەیانتوانی لێی دەربازبن و بەخۆیانەوە وڵاتەکانیشیان بەرەو دابەش بوون برد و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەرەڕای ئەوەی تاڕادەیەک بەیەک پاساو بڕیاری کۆتاییهێنان بەو رژێمانەیاندا، بەڵام رێگە و شێوازی جیاوازیان پەیڕەو کرد و ئەنجامی جیاوازیشیان بەدەستهێنا، بەعسی عیراقی بەگورزی سەربازی راستەوخۆ روخا و سوپای ئەو دەوڵەتانە لە شەڕی گروپە پەڕگیر و تیرۆرستییەکانی دوای رژێمی سەدامیش بەردەوام بوون کە بەوەش سوپاکەیان تووشی زیانی گیانی زۆر بوون و وێنەیان لە رزگارکەرەوە بوو بە داگیرکەر و بوارێکی لەبار رەخسا بۆ دەستتێوەردانی ئیقلیمی و ئیتر ئەم هێزانە نەیانتوانی ئەو عیراقە بونیادبنێن کە دەیانەوێت. 
سەبارەت بە بەعسی سوریا، ئەوا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ هەڵکردنی رەشەبای بەناو بەهاری عەرەبی، گەمارۆی توندیان خستە سەری و یارمەتی چەند هێزێکی ناوخۆییاندا تاوەکو شەڕێکی شەکەتکەر (war of attrition) لەگەڵ ئەو رژێمە بکەن  بۆ ماوەی 10 ساڵ، ئەوە سەرباری بێبەشکردنی لە سەرچاوەکانی وزەی وڵاتەکەی، بەوەش لەگەڵ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ چەکدارانی هەتەشە، رژێم خۆی نەگرت و ناچار بەهەڵاتن کرا، کە پێویستی نەکرد هێزی هاوپەیمانان راستەوخۆ بەشداریی شەڕ بکەن و بەبێ زیانی گیانی هەردوو ئامانجەکەیان پێکا کە بریتی بوون لەکۆتاییهاتنی رژێمی ئەسەد و رێگریی لەدەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی، پەیوەست بە کوردیش بەهەمانشێوەی باشوور، کورد هاوسۆزییەکی باشی نێودەوڵەتیی بەدەستهێناوە و زۆریش گرنگە خاڵی سەرەکی گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا، پرسی ئاوارەکان و گەڕانەوەی ناوچەکانی عەفرین و سەرێکانی بێت، پێش ئەوەی دەسەڵاتی شام بتوانێت پایەکانی دەسەڵاتەکەی جێگیر بکات.

وتارەکانی نوسەر