لە هەناوی پەیكەری حزب و رێكخراوە سیاسییەكانی كوردستاندا، زەمینەی بەشداریی كادر و مونتەسیبەكانی ناو حزب، جگە لە كۆبوونەوەی ناو ئۆرگانە تەقلیدییەكان، شتێكی تر نەبۆتە مینبەری پیشاندانی وزە و تێگەیشتنی سیاسیی خەڵكی پابەند بە حزبەكان. هەر ئەو هۆكارانەشن، وایان كردووە كادر و مونتەسیب، یان جەماوەری حزب، بەشداریی پێنەكرێ لە دروستكردنی بڕیاری سیاسی حزب و خوێندنەوەی پێشینەی بۆ هەلوێستەكانی حزبەكەی درك پێنەكا.
بۆ تێپەڕاندنی ئەو جۆرە لە دۆگمی سیاسی، لە هەناوی (ی.ن.ك) دا لەم یەك دووساڵەی دواییدا، بیرۆكەی وێستگەیەكی سەرنجراكێش خرایەڕوو بۆ ئەوەی ببێتە منداڵدانی، لەدایكبوونی فۆرمێكی نوێ لە بەشداریكردنی كادر و مونتەسیبەكانی حزب لە دروستكردنی بڕیار و هەڵوێستە سیاسییەكانی حزبدا.
لە ئێستادا كە لە بەردەم دووەمین دیداری گشتی یەكێتیداین، دۆخی ناو ئۆرگانەكان، لە ناو بزاوتێكی بیركرنەوەی هەرە نوێدا، نمایشێكی تازەی فیكری و سیاسیی كادر و مونتەسیبەكانی یەكێتی، بۆ خستنەڕووی بیركردنەوە لە هەموو فێڵدەكانی سیاسەت و حكومڕانیی وروژێندراون.
دەرفەتی سیاسی لەناو دیدارە محەلییەكاندا، كە مەڵبەندەكان بەرێوەیدەبەن، بۆ هەر كادرێك رەخسێنراوە، تا هەر بیروڕایەكی بۆ هەر كەناڵێكی سیاسەت و حوكم و دەسەڵاتی كارگێری هەبێت، بیخاتە ناو گەنگەشە مۆدێرنەكانی ئەو لیژنانەی پێكهێنراون. لەو كەشە فیكرییانەی دیداردا، كادر هەستی بەرپرسیارێتی و نیشتمانی و قورسایی سیاسی خۆی بەهۆی فۆرمی دیدارەوە درك پێدەكات. بەجۆشە بۆ خستنەڕووی بیركردنەوەكانی، خەمی نیشتمانیی گەورەتر دەخاتە سەرشانی خۆی، تێدەگات یەكێتی باوەش بۆ داهێنان دەكاتەوە، زەمینەی بەشداریی سیاسی دەرەخسێنێ.
كاتێك دیدار دەگاتە دوا وێستگەی گشتیی خۆی، كۆبەندی را جیاوەزەكان كە هەڵێنجراوی قووڵایی بیری كادر و مونتەسیبەكانی ئەو حزبەیە، لە دەڤەرە جیاجیاكانەوە، لە تێگەیشتنی ئێمەدا دەبێتە توێشویەكی هەرە بایەخدار بۆ دارێژەدانی بڕیاری سیاسیی یەكێتی. لە دیداری گشتیدا، كە سەرۆك و دەسەڵاتی باڵای یەكێتی دەكەونە ناو دیداری گشتی خۆیان و كادر و مونتەسیبەكانەو، هەموو ئەو بیرو تێگەشتنانە، سەرلەنوێ دەبنەوە باس و خواسی دیدار و كادر و مونتەسیبەكانی حزب دەكەونەوە ناوبیركردنەوە و پەخشكردنەوەی ئەو ئەفكارانەی حزب دەگەشێنێتەوە.
بە تایبەتی كە دۆخی سیاسی عیراق و ناوچەكە، حزبە سیاسییەكانی خستۆتە ناو بزاوتێكی چڕی سیاسەتكردنەوە كە دەرفەت و مەترسییەكانی یەكسانكردووە. بۆ دەستپێشخەریكردن لە بەستنی دیدار بەم فۆرمە زیندووە، قۆناغی چەقبەستوویی سیاسی و مت بوونی كادر دەباتە تان و پۆی بووژانەوەی سیاسی و دەروونیی حزب و لەوێشەوە گەشە دەبەخشێتە كۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی گەلی كوردستانەوە.