دابه‌شبوونی كار و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی

10:15 - 2025-04-16
پ.د.ژیا عەباس قادر
72 خوێندراوەتەوە


ئەگەر چاوێک بخشێنین بە مێژووی مرۆڤایەتی و سەرەتای دابەشبوونی کارەکان لە نێوان رەگەزی نێر و مێدا، دەبینین هۆکاری سەرەکی ئەم دابەشبوونە پەیوەندیدار بووە بە جیاوازی جەستەی نێر و مێ،  هاوكات(سەلامە موسا) باس لەوە دەکات، کە هەر لە کۆنەوە پێکهاتەی جەستەی پیاو لەڕووی پێستی ئەستوور و ئێسقانی پتەو و ماسولکە بەهێزەکانی، جۆرێک لە ئامادەباشی دروستکردووە بۆئەوەی توانای بەرگەگرتنی هەبێت لەکاتی راوکردن و پارێزگاریکردن لە کۆمەڵەکە لە هێرشی دەرەکی و ئاژەڵی دڕندە، بەڵام ژنان بە حوکمی ئەوەی زۆربەی مانگەکانی ساڵ یان دووگیان بوون یان منداڵی ساوایان هەبووە، ئەم کارە جەستەی لاواز کردوون.
بۆیە ناچاربوون لەنێو ئەشکەوتەکان بمێننەوە بۆ ئاگاداربوون لە منداڵەکان، دواتریش لە قۆناغی کشتوکاڵی هەندێک لە کارەکان هەر پێویستی بە هێزی بازووی پیاو هەبووه‌، لێرەوە ئەم شێوازی دابەشبوونی کارە بەردەوام بوو، وەک بۆماوەییەکی کۆمەڵایەتی نەوە لە دوای نەوە گوێزرایەوە بۆ مرۆڤایەتی، قەتیسکردنی ژن لە چوارچێوەی ماڵ و دەستگرتن بەسەر فەزای گشتی لەلایەن پیاوان، بووە سروشتێکی کۆمەڵگەی نێرسالاری.

 

لە قۆناغی کشتوکاڵیدا هەندێک لە کارەکان پێویستی بە هێزی بازووی پیاو هەبووه‌، لێرەوە ئەم شێوازی دابەشبوونی کارە بەردەوام بوو، وەک بۆماوەییەکی کۆمەڵایەتی نەوە لە دوای نەوە گوێزرایەوە بۆ مرۆڤایەتی

دابەشبوونی کار بەسەر ژن و پیاو تەنها نەبووە هۆی جیابوونەوەی کارەکان لە نێوان هەردوو رەگەزدا، بەڵکو کاریگەریی هەبوو لەسەر دەستنیشانکردنی شوێن و پێگەی هەریەک لەم دوو رەگەزەشدا.  هەرئەوەنده‌ش  نا،(وارتۆن) باس لەوە دەکات هەر یەکه‌ لەم کارانە کۆمەڵێک سیفەت و تایبەتمەندیی پێویستە کە وەک خەسڵەتێک لەوکەسانە بوونی هەبێت، زۆر دووبارەکردنەوەی هەر کردارێکیش بۆ ماوەیەکی دیارییکراو، بێگومان دەبێته‌ خوویەک لەو کەسە و کەسێتی دەنەخشێنی، هەریەکێکیش لە کارەکان بۆی دیاری بکرێت ئایا کارێکی پیاوانە یان ژنانەیە، ئەوا بەگوێرەی زۆرینە و کەمینەی رەگەزەکە لەو کارە بڕیاری لەسەر دەدرێت، دواتر لەسەر ئەو بنەمایە دەبێتە کارێکی ژنانە یان پیاوانە. لێرەوە ئەو رەگەزەی کە زۆرینەیە لەو کارە پیادەی ئەو رەفتار و هەڵسوکەوتانە دەکات، کە کارەکە پێویستیەتی و بەمەش شوناسی رەگەزی یان ئەوەی پێی دەوترێت ستیریۆتایپی رەگەزی دروست دەبێت و دەبێتە بڕیار و حوکمێکی پێشوەختە و بەسەر کەسەکان بە پێی رەگەزەکانیان دەسەپێنرێت. بۆ نموونە کاری سیاسەت و بزنس کارێکی پیاوانەیە، ئەو سیفەتانەی ئەم کارە دەیەوێت بریتییە لە حوکمی عەقڵانی و توانای بڕیاردان و ئیدارەدان و داهێنان و  زیرەکی، هەرچی کاری ناوماڵ و بەخێوکردنی منداڵیشە کە ژنانەیە، پێویستی بە خۆشەویستی و سۆز و میهرەبانی و نەرمونیانی و شەونخونی و قوربانیدان هەیە، لێرەوە ئەم سیفەتانە بوونە سیفەتێک  و بەسەر کۆی ژن و پیاوەکان سەپێنرا، پیاو بووە باڵادەست و پلە یەک و بەکارهێنەری ئەو هێز و دەسەڵاتەی سروشتی پیاو بوون و کەلتور و کارە بە بەهاکانی پێیانسپارد بۆ ئازاردان و چەوساندنەوەی ژنان، کە بوونە پاشکۆ و پلە دوو و قوربانی لە کۆمەڵگە.
ئێستا کارەکان زۆر گۆڕاون، ژنان بوون بە خاوەنکار و سیاسەتمەدار و حوکمداری وڵات ئەگەر چی کەمینەیەکن، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری ژنان کار دەکەن و پارە پەیدا دەکەن. بۆیه‌(بیاتریکس کامبل) پێی وایە، دەشێت لە ئێستادا پیاو بەشێکی رۆڵ و سیفەتە تەقلیدییەکانی لەدەست دابێت و ناکرێت پیاوی ئەم سەردەمە هەڵگری هەمان سیفەتەکانی پیاوی کۆن بێت. لەلایەکی دیکە(جوناپان رزرفورد) باس لە دوو نموونەی پیاو دەکات(پیاوی چیرۆکەکان) مەبەست لێی ئەو پیاوە تەقلیدیەیە کە لەنێو چیرۆک و ئەفسانەکان وێنەی نەخشێنرا بوو، پیاوێکی بەهێز و بە زەبر و زەنگ و توند. (پیاوی نوێ) کە پیاوێکی نەرمونیان و بەسۆز لەگەڵ ژن و منداڵەکانی. مەبەست لەم وتانە ئەوەیە، کە لەکۆمەڵگەی کوردی پێویست بەوە دەکات سەرلەنوێ خوێندنەوە بۆ وێنە ژنانە و پیاوانەکان بکرێت و دووبارە داڕشتنەوەیان بۆ بکرێت بەجۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ ئەم ساتەوەختە، چونکە رەنگە هۆکاری سەرەکی زۆرێک لەو توندوتیژیانەی روودەدەن، پەیوەندیدار بێت بە نەگونجاندنی وێنە ژنانە و پیاوانەکان لەگەڵ ئەم سەردەمە. 

* مامۆستای زانكۆ

وتارەکانی نوسەر